
چاپەمەنییە نێونەتەوەییەکان ئەمڕۆ سەبارەت بە دەرەنجامی سیاسیی هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، کارەساتی مرۆیی لە غەزە و قەیرانی سیاسی لە فەرەنسا، کۆمەڵێک بابەتیان بڵاوکردۆتەوە.
هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا پەیامی سیاسیان لە پشتەوەیە
رۆژنامەی ” نیویۆرک تایمز” لە بابەتێکی شیکاریدا نووسیویەتی کە هێرشەکانی رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بە شێوەی گشتی لەگەڵ بۆنە سیاسی و دیپلۆماتیکەکان رێکدەخرێ و ئامانجی کرێملین ئەوەیە شەڕ وەکوو کارتی گوشار لە دانووستانەکاندا بەکار بێنێ.
هێرشی رۆژی یەکشەممە لە کاتێدا روویدا کە مووشەکێکی باڵستیک بینای سەرۆکوەزیرانی کردە ئامانج؛ یەکەم هێرشی راستەخۆی رووسیا بۆ سەر بینا حوکمییەکان دوای زیاتر لە سێ ساڵ لە شەڕی ئۆکرانیا.
ئەم هێرشە هاوکات بوو لەگەڵ دانیشتنی رێبەرانی ئەورووپا لە پاریس و قسە و باسیان لەسەر ئەگەری ناردنی هێزی سەربازی بۆ ئۆکرانیا دوای ئەوەی ئاگربەست و ئاشتی رادەگەینرێ؛ پسپۆڕان ئەم هێرشەیان وەکوو پەیام و هەڕەشەی راستەخۆ کریملین لێک داوەتەوە.
بۆ گوێرەی لێکوڵینەوەکانی ” پەیمانگای خوێندنەوەی شەڕ” لە ئەمریکا، رووسیا زۆربەی کات پێش و پاش پێوەندی یان دانیشتنەکانە گرینگەکان، هێرشە دڕۆنی و مووشکییەکانی خۆی زیاد دەکات. ئەم راپۆرتە باس لەوە دەکات کە پێنج جار لە شەش جار پێوەندی ئەم دواییەی دۆناڵ ترەمپ و ڤلادیمیر پوتین، هاوکات بووە لەگەڵ شەپۆلێک لە هێرشی بەربڵاوی رووسیا بۆ سەر ئوکرانیا.
هۆشداریی سوپای ئیسرائیل سەربارەت بە چۆڵکردنی شاری غەزە
سوپای ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ داوای لە دانیشتوانی شاری غەزە کرد کەم ئەم شارە بە تەواوی چۆڵ بکەن تاکوو بەستێنی هیرشی بەربڵاو بۆ سەر ئەم ناوچەیە برەخسێت.
رۆژنامەی ” واشینتۆن پۆست” نووسیویەتی کە لە دەسپێکی شەڕەوە تا ئیستا ئەمە یەکەم جارە کە ئیسرائیل هۆشداری چۆكردنی تەواویەتی شاری غەزە دەدات. ئەم هۆشدارە دوابەدوای چەندین رۆژ بۆمبارانی ئاسمانی چر دێت کە ژیرخان و گەرەکەکانی شاری ویران کردووە و خەسارێکی مرۆیی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە.
ناوەندە نیونەتەوەییەکان هۆشداریان داوە کە راگواستنی زۆرەملی سەدان هەزار خەڵکی سڤیل، قەیرانێکی گەوەی مرۆیی لێ دەکەوێتەوە.
قەیرانی سیاسی نوێ لە فەرەنسا؛ ماکرۆن لە سەرۆکوەزیرانی نوێ دەگەرێ
لە فەرەنسا، ئیمانوێل ماکرۆن، دوای دەنگ نەههێنانەوە و کەوتنی دەوڵەتی فرانسوا بایرۆ، بەدوای پێنجەمین سەرۆکوەزیران لەسەردمی سەرۆککۆماری خۆیدایە.
بە گوێرەی رۆژنامەی ” فاینەنشاڵ تایمز” ئەم قەیرانە لە کاتێدایە کە حکومەتی فەرەنسا بۆ تێپەڕاندنی بووجەی ساڵی ٢٠٢٦ لە ژێر گوشاردایە و بازارە ماڵییەکانیش بە هۆی قەرزی زۆری حکومەتەوە نیگەرانی داهاتووی ئابووری ئەو وڵاتەن. قازانجی بەڵگە قەرزەکانی فەرەنسا خەریکە دەگاتە ئاستی ئیتالیا و دامەزراوەکانی پلەبەندی متمانەش سەبارەت بەم بابەتە هۆشداریان داوە.
شارەزایان لەسەر ئەو بڕوایەن کە هەڵبژاردنەکانی ماکرۆن سنووردارن و هەر هەڵبژاردنێک بە بێ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەسەر بوارگەلی هەستاری وەکوو باج، مەترسی پەککەوتنی حکومەت و تەنانەت هەڵبژاردنی پێشوەختی لێ دەکەوێتەوە؛ هەڵبژاردنێک کە دەتوانێت دهاتووی سیاسی ئەو تا کۆتایی ماوەی سەرۆکایەتییەکەی لە ساڵی ٢٠٢٧دا بخاتە مەترسییەوە.
