
دوو هاووڵاتی کورد بە ناوەکانی مستەفا ئەدوایی، مامۆستای وەرزش، و کیومەرس ئەدوایی، زیندانی سیاسی پێشوو، خەڵکی گوندی “سلین”ی سەر بە شارۆچکەی “سەروئاوا”، رۆژی شەممە ١٥ی خەرمانان لە لایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە و لە ماڵی خۆیان دەستبەسەر و بۆ شوێنێکی نادیار راگوازران.
بە گوێرەی ئەو هەواڵانەی بە ناوەندی نووچەی تەلەڤیزیۆنی ئاریەن گەیشتووە، هێزە ئەمنییەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە لانیکەم ١٨ سەیارەی سەربازییەوە، بەرەبەیانی رۆژی شەممە هێرشیان بۆ گوندی سلین بردووە. سەرچاوە خۆجێیەکان باس لەوە دەکەن کە هێزە ئەمنییەکان سەرەڕای درووست کردنی ترس و دڵەراوکێ، شیشەی چەند ماڵێکیان شکاندووە و بە دوای دەستبەسەرکردنی چەند کەسێکی دیکەشەوە بوون کە لەو کاتەدا لە ماڵەوە نەبوون.
تاکوو بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە هیچ راگەیەندراوێکی فەرمی لەسەر هۆکاری دەستبەسەرکران و تۆمەتەکانی سەر ئەم کەسانە، رانەگەیەندراوە.
ناوندەکانی مافی مرۆڤ بە بەردەوامی پێداگریان لەسەر ئەوە کردووە کە دەستبەسەر کردن و راگواستنی هاووڵاتیان بۆ شوێنی نادیار و بێئاگا هێشتنەوەی بنەماڵەکان لە باروودۆخی گیراوان، لەژێر پێنانی بنەماکانی مافی مرۆڤ و بەپێچەوانەی ستانداردە نێونەتەوەییەکانی وەکوو “رێساکانی نێڵسۆن ماندێلا”یە. بە پێی ئەم رێسایانە، هەموو دەستبەسەرکراوێک دەبێت مافی ئەوەی هەبێت خێرا لەسەر باروودۆخی خۆی زانیاری بە بنەماڵەی یان کەسی جێگەی متمانەی خۆی بدات.
لەم ساڵانەی دواییدا، ناوەندە ئەمنییەکانی ئێران بەتایبەتی وەزارەتی ئیتلاعات و ناوەندی ئیتلاعاتی سپای پاسداران بێ لەبەرچاو گرتنی ئەم رێسایانە خەڵکیان دەستبەسەر و بۆ شوێنی نادیار راگواستووە. ئەم رەوتە نیگەرانی گەورەی سەبارەت بە لەژێرپێنانی مافی هاووڵاتیان و نەبوونی شەفافیەت لەسەر پرۆسەی ئەمنی و دادوەریدا ساز کردووە.
