ئێران: پشکنینی ناوەندە ئەتۆمییەکان گرێدراوی هەڵگرتنی گەمارۆکانە

عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند کە تاران ئامادەیە مل‌ بە پشکنینە ئەتۆمییەکان و بەرتەسک‌کردنەوەی پیتاندی ئۆرانیوم بدات، بەو مەرجەی گەمارۆ نێونەتەوەییەکان لەسەر ئەو وڵاتە هەڵگیرێ.

وەزیری دەرەوەی ئێران ئەم هەڵویستەی رۆژی یەکشەممە (١٦ی خەرمانان)، لە بابەتێکدا کە بۆ رۆژنامەی بەریتانیایی “گاردیەن” نووسیوبووی، راگەیاند و روو بە سێ وڵاتی ئەورووپی بەریتانیا، فەرەنسا، و ئاڵمانیا وتی: ” ئێران ئامادەی رێکەوتنێکی عادڵانە و درێژخایەنە کە چاوەدێری ورد و بەرتەسک کردنەوەی بەرنامەی ناوەکی ئێران لەخۆ بگرێت، بەڵام لە جیاتی ئەمە، ئەبێت گەمارۆکان هەڵگیرێن.”

وەزیری دەرەوی ئێران هۆشداری دا کە ئەگەر ئەم مەودا کەمەی کە بۆ رێککەوتن ماوە بەکار نەهێنرێ، دەتوانێت دەرنجامی “وێرانکەر و چاوەرواننەکراوی” بۆ ناوچەکە و تەنانەت هەموو دنیاش هەبێت.

ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە کە وڵاتانی ئەورووپی لە کۆتایی مانگی ئاگۆستدا مکانیزمی پەلاپیتکەیان کارا کرد. بە گوێرەی ئەم مکانیزمە، ئەگەر لە ماوەی مانگێکدا رێککەوتن نەکرێت ئەوە هەموو گەمارۆ هەڵپەسێردراوەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران دەگەڕێتەوە.

عەراقچی هەروەها لە دیداری ئەم دواییەی خۆی لەگەڵ کایا کاڵاس، بەرپرسی باڵای کاروباری دەرەوەی یەکێتی ئەورووپا، لە دەوحە، لەسەر دەستراگەیشتنی پشکێنەرانی ئاژانس بە ناوەندە ئەتۆمییەکانی ئێران و هەروەها کۆگای یۆرانیۆمی پیتێندراوی ئێران دانووستانی کردووە.

رێککەوتنی ئەتۆمی ساڵی ٢٠١٥ چالاکییە ئەتۆمییەکانی ئێرانی سنووردار کردبوو، بەڵام لە سالی ٢٠١٨ و دوای چوونە دەرەوەی ئەمریکا لەم ریکەوتنە و گەراندەوەی گەمارۆکان، ئێرانیش پشتی لە بەشێک لە بەرپرسایەتییەکانی کرد و ئاستی پیتاندی ئۆرانیومی بەرز کردەوە.

لە کاتێکدا کە وڵاتانی رۆژئاوایی پێداگری لەسەر ئەوە دەکەن کە ئیران هوڵی سازکردنی چەکی ئەتۆمی دەدات، بەڵام بەرپرسانی ئێرانی حاشایان لەوە کردووە و دەڵێن ناوەرۆکی بەرنامەی ناوەکی ئێران “ئاشتی‌خوزانە”یە.

Live
Hide picture