
ڕۆژی یەکشەممە ٧ی سێپتەمبەر لە شاری فرانکفۆرتی ئەڵمانیا، کۆنفرانسی سێیەمین ساڵیادی سەرهەڵدانی “ژن، ژیان، ئازادی” بە بەشداریی دەیان چالاکوان، سیاسەتمەدار و نوێنەرانی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی بەڕێوەچوو.
لە کۆتاییدا، ئەنجامنامەی کۆتایی کۆنفرانسەکە بۆ ڕای گشتی بڵاو کرایەوە.
ئەنجامنامەکە بەمشێوەی خوارەیەوە:
“ئەم کۆنفرانسە، بیری هێنایەوە کە شۆڕشی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ تەنها کاردانەوەیەک نەبوو بەرامبەر کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن دەوڵەتەوە، بەڵکو پشتڕاستکردنەوەی خەباتێکی بەردەوامە لە دژی نادادپەروەری و زۆرداری کە ساڵانێکە بەردەوامە.
ئێمە وەک چالاکوان، لێکۆڵەر، هونەرمەند و چالاکوانی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە کوردستان، ئەفغانستان، ئێران، ئەڵمانیا و ناوچەکانی دیکەی جیهان، لە ساڵیادی شۆڕشی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ لە فرانکفۆرت کۆبووینەوە، بۆ ئەوەی جارێکی تر سەرنج بخەینە سەر بەهاکانی ئازادی، دادپەروەری کۆمەڵایەتی، یەکسانی جێندەری و کەرامەتی مرۆڤ.
لە کۆنفرانسەکەدا بیرهێنرایەوە کە شۆڕشی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ تەنها وەڵامێک نەبوو بۆ کوشتنی ژینا ئەمینی لەلایەن دەوڵەتەوە، بەڵکو خەباتێکە لە دژی جیاکاری، نادادپەروەری و زۆرداری لە ئێران و ناوچەکە کە ساڵانێکە بەردەوامە. سەرەڕای زیندانیکردن، لەسێدارەدان و دەربەدەرکردن، ئەم تەڤگەرە هێشتا زیندووە و بە یادەوەریی بەکۆمەڵی گەل، بەرخۆدان و پشتیوانی بەردەوامە.
لە کۆنفرانسەکەدا سەرنجمان خستە سەر ئەم خاڵانە:
– ڕۆڵی سەرەکی ژنان لە سەرکردایەتی تەڤگەری ژنان، نەک تەنها لە ئێران، دەبێت لە هەموو ناوچەکاندا بناسرێت و بەهێز بکرێت.
– لەنێو هێزە ئازادیخوازەکان لە کوردستان، ئێران، ئەفغانستان و ناوچەکانی دیکەدا پشتیوانی بەهێز بکرێت.
– بۆ ئەوانەی ژیانیان لەدەستداوە، بریندار بوون و زیندانی سیاسی، گەڕان بەدوای دادپەروەریدا، بەشێکە لە شۆڕشەکە.
– لە دژی میکانیزمەکانی لەسێدارەدان لەلایەن ڕژێمە دەسەڵاتدارەکان لە ناوچەکە و کۆماری ئیسلامی ئێران و زۆرداری، تێکۆشان پەرە پێدەدەین.
– زمانی یادەوەری، کەلتوور و هونەری شۆڕشەکە، زیاتر پشتگیری بکرێت و بڵاوبکرێتەوە.
پلانەکانی داهاتوو:
– سەبارەت بە بابەتەکانی دادپەروەری، گەڕان بەدوای مافەکان، ئازادی مافی ژنان و هاوڵاتی، کۆبوونەوە و سیمینار بەڕێوەبچن.
– لە دژی لەسێدارە و بۆ ئازادی زیندانیانی سیاسی، کەمپینێکی نێونەتەوەیی دەستپێبکرێت.
– بۆ بەهێزکردنی تەڤگەر و لایەنگرانی دادپەروەری و ئازادی، لە هەموو جیهاندا خەبات بکرێت.
بەردەوامیی ڕێگای شۆڕشی ‘ژن، ژیان، ئازادی’ ڕادەگەیەنین، هیچ فشارێک ناتوانێت دەنگی گەل، گەنجان و ژنان کە هاوار بۆ ئازادی و کەرامەتی مرۆڤ دەکەن، بێدەنگ بکات.
کۆبوونەوەی ئێمە خودی خۆی چالاکییەکی شۆڕشگێڕانەیە”.
