
دەسەڵاتی قەزایی رژێمی ئێران بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی ١٥ی خەرمانان مێهران بەهرامیان، زیندانی سیاسی و لە دەستبەسەرکراوانی خۆپیشاندانی سەرتاسەری ساڵی ١٤٠١ی، لە سێدارە دا.
هەواڵنێری “میزان” سەر بە دەزگای دادوەری رێژیم بە راگەیاندنی ئەم هەواڵە، دەڵێت ئەم زیندانییە سیاسییە لە هێرشی چەکداری بۆ سەر هێزە ئەمنییەکان و دامەزراوە حوکمییەکان لە ساڵی ١٤٠١ لە شاری “سمیرۆم”دا، بەشدار بووە.
مێهران بەهرامیان و براکەی فازڵ بەهرامیان ٨ی بەفرانباری ١٤٠١ لە رێوڕەسمی چلەی گیانبەختکردووانی سمیرۆم و هەروەها براکەیان “مۆراد بەهرامیان” کە لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە کوژراوبوو، دەستبەسەر کران. ئەم دوو برایە لە دۆسیەیەکدا کە ناوەندەکانی مافی مرۆڤ دەڵێن فڕی بە”دادگایی عادڵانەوە” نەبووە، بە تۆمەتی کوشتنی هێزێکی حکوومەت، سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەرچوو.
بە گوێرەی سەرچاوەکانی مافی مرۆڤ لە ماوەی دەستبەسەرکردندا، ئەوان لە ژیر ئەشکەنجەی قورسدا بوون و لە دەستراگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە بێبەش کراون.
بنەماڵەکانیان دەڵێن کە لەو ماوەیەدا تەنیا یەک جار دەرفەتی چاوپێکەوتنیان پێ دراوە.
هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە مێهران بە هۆی ئەشکەنجەوە پەراسوەکانی شکابوو و پەردەی گوێشی دڕابوو. فازڵیش بەهۆی ئەشکەنجەوە سەروچاوی زەبری دیتووە. لەو دۆسییەدا، “وێنس بەهرامیان” و “داریۆش ساعدی”یش هەرکامیان بە ١٦ ساڵ زیندان و “بەهارە شیری”ش، لە دایکانی دادخواز، بە ٨ ساڵ زیندان حوکم دراون.
دوانیمەڕۆی دۆنەکە جومعە، بنەماڵەی ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ “دوا دیدار” و بۆ زیندان بانگ کرابوون و چەند کاتژمێرێک دواتر هەوڵی لەسێدارەدانی مێهران راگەیەندرا. پێشتر سەرچاوە خۆجییەکان باسیان لەوە کردبوو کە هێزێکی تایبەتی ئەمنی دوروو پشتی دادگای سمیرۆمیان تەنیوە و کوشاریان بۆ بنەماڵە و دۆستانی ئەو دوو زیندانییە سیاسییە هێناوە کە “بەڵێننامە” پڕ کەنەوە.
مانگی رابردوو سزای لەسێدارەدانی مێهران و فازڵ بەهرامیان پشتراست کراوە و هەر بەم بۆنەوە خەڵکی سمیرۆم مانگرتنێکی گشتیان لەو شارەدا بەڕێوەبرد. سەرەڕای هوشداری ناوەندەکانی مافی مرۆڤ سەبارەت بە لەسێدارەدانی شاراوەی ئەم زیندانییانە، ئەمڕۆ دەزگای دادوەری هەواڵی لەسێدارەدانی مێهران بەهرامیانی راگەیاند.
چارەنووسی فازڵ بەهرامیان هێشتا نادیارە و نیگەرانییەکان سەبارەت بە ئەگەری لەسێدارەدانی زیادی کردووە.
