مەترسیی دیپۆرت‌کردنەوەی ئارژین ئارزیک؛ سویسڕا بە تەمایە چالاکوانی کورد بۆ تورکیا بگەڕێنێتەوە

ڕێکخراو و گرووپگەلی پارێزەری مافی پەنابەران هوشداریان داوە کە دیپۆرت‌کردنەوەی ئارژین ئارزیک، ژنە چالاکوانی تەمەن ٢٧ ساڵانی کورد، لە سویسڕاوە بۆ توکیا، گیانی دەخاتە مەترسییەوە و بە پێجەوانەی بەرپرسایەتیی نێودەوڵەتی سویسڕا بۆ پاراستنی مافی پەنابەرانە.

ئارژین ئارزیک لە ساڵی ٢٠١٨، لەو کاتەدا کە تەمەنی تەنیا ٢٠ ساڵ بوو، بەهۆی گوشار و هەڕەشە سیاسیەکانەوە، بە ناچار زێدی خۆی لە شاری “حەکاری” باکووری کوردستان بەجێهیشت و پەنای بۆ سویسڕا برد. ئەو لە ماوەی ٧ ساڵ مانەوە لەم وڵاتە، زمانی ئاڵمانی فێر و تێکەڵ بە کۆمەڵگا بوو. جیا لەوە ئەو لە پرۆژەگەڵی کولتووری و بزووتنەوەی ژنانی کوردا چالاک بووە. سەرەڕای ئەمانە، بەهۆی رەد کردنەوەی چەندین جارەی داواکاری پەنابەری، ئەو لە مافی کار و خوێندن بێبەش کراوە.

بە گوێرەی ئەو راپۆرتانەی بڵاو کراونەتەوە، رۆژی ٣ی سێپتەمبەری ٢٠٢٥، پۆلیس ئارژینی لە شوێنی مانەوەی پەنابەران لە شاری “ووهلن” (ئەیالەتی ئارگاو) دەستبەسەر و بۆ ناوەندێکی پۆلیس ڕاگواستووە.

بە گوێرەی زانیارییەکان، بەرپرسانی سویسڕا بەتەمان ئەو بۆ تورکیا بگەڕێننەوە، وڵاتێک کە لەودا کۆمەڵێک دۆسیەی لە دژ کراوەتەوە و لە ئەگەری گەڕاندنەوەیدا ئەکرێ دەستبەجێ دەستبەسەر بکرێت، یان تووشی زیندانی دیژخایەن و مەترسی گیانی بێت.

یەکێک لە وتەبێژانی تۆڕی پاڵپشتی پەنابەران لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی: ” دیپۆرت‌کردنەوەی ئارژین بە مانای تەسلیم‌کردنی ئەو بە دام و دەزگای سەرکوتی تورکیایە. ئەمە نە تەنیا لەژێرپێنانی ئاشکرای بنەمای نەگەڕاندنەوە (Non-Refoulement) لە یاسای نێودەوڵەتیدایە، بەڵکوو گیانی گەنجێکی کوردیش بە شێوەی راستەوخۆ دەخاتە مەترسییەوە.”

پارێزەرانی مافی مرۆڤ و رێکخراوەکانی لایەنگری مافی پەنابەران دەڵێن کە سویسڕا لە جیاتی دەرکردنی ئارژین، دەبێت مافی پەنابەری و دەرفەتی بەشداری لە کۆمەڵگادا بەو بدات. ئەوان داوایان لە رای گشتی کردووە کە بە دەنگێکی بەرز داوای راگرتنی پرۆسەی دیپۆرت‌کردنەوەی ئارژین بکەن.

Live
Hide picture