پوتین: تا سەرکەوتن لە شەڕ بەردەوام دەبین؛ ترامپ: ئەگەر کرملین مل بە ئاشتی نەدات، دەبێت چاوەڕوانی کۆمەڵێک دەرەنجامی نادیار بێت

لە کاتێکدا کە پوتین پیداگری لەسەر شەڕی ئۆکرانیا تا گەیشتن بە هەموو ئامانجەکانی دەکات، دۆناڵد ترامپ، هوشداری داوە کە ئەگەر کرملین مل بە ئاشتی نەدات، ئەوە رووبەڕووی کۆمەڵێک دەرەنجامی نادیار دەبێتەوە. هاوکات، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، باس لەوە دەکات کە هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەوەی رووسیا ئاشتی بوێت بوونی نییە و ئیمانوێل ماکرۆنیش بەڵێنی داوە کە ئەورووپا ئامادەیە گەرەنتی ئەمنی بە کیێڤ بدات.

ڤلادیمیر پوتین، سەرۆکی رووسیا، رۆژی چوارشەممە (١٢ی خەرمانان) لە پێکین، پێتەختی چین، رایگەیاند کە تاکوو نەگەنە رێککەوتن، ئەوە هەڵمەتی سەربازی وڵاتەکەی لە ئۆکرانیا دێژەی دەبێت. ئەو پێداگری لەسەر ئەوە کرد کە ” ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، هەموو کێشەکان دەبێت لە رێگەی سەربازییەوە یەکلا بکرێنەوە.”

پوتین بانگەشەی ئەوەی کرد کە سوپای رووسیا ” لە هەموو قۆڵەکانەوە پێشڕەوی” کردووە، لە کاتێکدا ئۆکرانیا توانای بەڕێوەبردنی ” هەڵمەتی هێرشبەرانەی بەربڵاوی” نەماوە. ئەو هەروەها ئامادەیی خۆی بۆ دیدار لەگەڵ ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە مۆسکۆ دەربڕی.

 

هۆشداری ترامپ بە پوتین

لە واشینتۆن، دۆناڵد ترامپ، سەرۆکی ئەمریکا، هەڕەشەیەکی ناراستەوخۆی لە پوتین کرد و هوشداری دا ئەگەر کەیفی بە هەنگاوەکانی داهاتووی مۆسکۆ نەیەت، ئەوە مۆسکۆ رووبەڕووی کۆمەڵێک ” دەرەنجامی نادیار” دەبێتەوە.

ترامپ لە کۆشکی سپی و لە دیدار لەگەڵ هاوتا پۆلەندییەکەیدا وتی: ” هیچ پەیامێکم بۆ پوتین نییە. ئەو هەڵویستی من دەزانێت و بڕیاری خۆی دەدات. ئەگەر بڕیارەکانی بە دڵی ئێمە نەبێت، هەمووان دەبینن کە چی روو دەدات.”

ئەو هەروەها رایگەیاند کە بەتەمایە لە رۆژانی داهاتوودا لەگەڵ پوتین گفتوگۆ بکات و پێشنیاری دیداری راستەخۆی نێوان رێبەرانی رووسیا و ئۆکرانیای پێ بدات.

 

روانگەی زێلێنسکی

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، دوای سەفەری بۆ کۆپنهاگن و گەیشتنی بە پاریس وتی کە هیچ ئاماژەیەک بۆ ئەوەی رووسیا بەتەمایە کۆتایی بە شەڕ بێنێت، نییە. ئەو هیوای خواست کە ئەورووپا و ئەمریکا بە گوشاری سیاسی و ئابووری بۆ سەر مۆسکۆ، هەلوومەرج بۆ رێگەچارەیەکی دیپلۆماتیک بڕەخسێنن.

زێلێنسکی بڕیارە رۆژی پێنج‌شەممە بەشداری لە دانیشتنی ” هاوپەیمانی لایەنگرانی ئۆکرانیا” لە پاریس بکات.

 

هەڵوێستی ئەورووپا

ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا، لە دیدارێکدا لەگەڵ زێلێنسکی راگەیاند کە ئەورووپا ئامادەیە گەرەنتی ئەمنی بە ئۆکرانیا بدات. ئەو وتی بەڵگەکان بۆ ئەم کارە لە ئاستی وەزیرانی بەرگری وڵاتاندا ئامادە و کۆتایی پێهاتووە و ئیستا هەر ئەوە ماوە کە پەسەند و واژۆی سیاسی لەسەر بکرێت.

دانیشتنی پاریس بە بەشداری رێبەرانی ئاڵمانیا، فەڕەنسا، بریتانیا و سەرۆکی کۆمیسیۆنی ئەورووپا ئورسولا فۆن دێر لاین، و سکرتێری گشتی ناتۆ مارک روتە بەڕێوە دەچێت و سەرنجی کۆبوونەوەکە لەسەر گەرەنتی ئەمنی بۆ ئۆکرانیا دەبێت.

 

بەربەستی ئاشتی

سەرەڕای هەوڵە دیپلۆماتیکەکان، ناکۆکی قووڵی نێوان مۆسکۆ و کیێڤ هێشتا نەبڕاوەتەوە. رووسیا دەڵێت هەر رێککەوتنێک بکرێت، ئەوە ئۆکرانیا دەبێت واز کە چوار ناوچەی خۆی بهێنێت، لەکاتێکدا زێلێنسکی هەر چەشنە دەست‌لێبەردان لە خاکی وڵاتەکەی بە توندی رەت دەکاتەوە.

Live
Hide picture