دە ساڵ لە دوای مەرگی ئالان کوردی؛ سیاسەتی داخستنی سنوورەکانی ئەورووپا، دەریای ناوەڕاستی کردووە بە گۆڕستانی پەناخوازان

٢ی ئەیلوولی ٢٠١٥، وێنەیەک بە دنیادا بڵاوبووەوە کە هێشتا موچوورک بە وێژدانی گشتیدا دێنێت: تەرمی بێ‌گیانی ئالان کوردی، منداڵێکی دوو ساڵانەی خەڵکی رۆژئاوا، کە دەمەوڕوو لەسەر خیزە وردەکانی کەنارەکانی تورکیا کەوتبوو. وێنەیەک کە بوو بە هێمای ئازار و بێ دەرەتانی ملیۆنها مرۆڤی رەنج دیتوو کە لە دەست شەڕ و چەوساندنەوە هەڵدەهاتن.

ئالان لەگەڵ دایک و باوک و براکەی بۆ دۆزینەوەی شوێنیکی پارێزراو، لە کۆبانی لە رۆژئاوای کوردستان رایانکرد. بنەماڵەکە بەهیوا بوون لە رێگای تورکیاوە خۆیان بگەیەننە یۆنان و لە ئەورووپا ژیانێکی نوێ دەست پێبکەن. بەڵام هەوڵی ئەوان بۆ خۆ گەیاندنە دووڕگەی “کووس” بە کارەساتێک کۆتایی پێهات: ئالان، برای چوارساڵەکەی غالب و دایکیان ریحانە لە ئاوەکانی دەریای ناوەراستدا خنکان. تەنیا باوکی بنەماڵە، عەبدوڵڵا کوردی، لەم کارەساتە رزگاری بوو.

عەبدوڵڵا کوردی؛ دەنگێکی دادخوازانە کە نەکووژاوە

عەبدوڵڵا کوردی لە دوای ئەم کارەساتە بە بەردەوامی لە میدیاکاندا دەرکەوت و بەسەرهاتی ئەم رووداوەی گێڕاوە. ئەو دەڵێ تەنیا ئاواتی ئەوە بوو کە منداڵەکانی کە ئاسایشدا گەورە کات، بەڵام بێخەمی و بێموبالاتی دنیا ئەوانی بە داوی مەرگەوە کرد. ئەو لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا روو لە وڵاتانی ئەورووپی دەڵێت:

” منداڵەکانی من بوون بە قوربانی بۆ ئەوەی دنیا وەئاگا بێت و لەخەو هەستێت. بەڵام ئەگەر سیاسەتەکان نەگۆڕێن، ئەوە مەرگی ئەوان بەفیڕۆ دەچێت.”

عەبدوڵڵا کوردی بە بەردەوامی داوای کردنەوەی رێگایەکی پارێزراوی بۆ پەناخوازان کردووە و هۆشداری داوە کە ئەو مەترسییەی بنەماڵەکەی ئەوی لەناوبرد، هەموو رۆژی گیانی هەزاران مرۆڤی دیگە دەستێنێت.

دەریای ناوەڕاست؛ گۆڕی بەکۆمەڵی پەناخوازان

دە ساڵ دوای مەرگی ئالان، ئەم کارەساتە هێشتا بەردەوامە. بە گوێرەی داتاکانی ریکخروای “ستاتیستا” لە ساڵی ٢٠١٤ەوە تاکوو تەمووزی ٢٠٢٥، بەلانی کەمەوە ٣٢هەزار و ٤١٧ کەس لە دەریای ناوەراستدا خنکاون. چالاکانی مافی مرۆڤ دەڵێن ژمارەی راستەقینە زۆر لەوە زیاترە، لەبەر ئەوەی بە هەزاران قوربانی قەت تۆمار ناکرێن.

دەریای ناوەڕاست لەم ساڵانەی دواییدا بووە بە ” گۆڕی بەکۆمەڵی پەناخوازان”؛ شوێنک کە مرۆڤەکان بە ناو، چیرۆک و هیواکانیانەوە، بە بێدەنگی لە نێویدا ون دەبن.

ریشەکانی قەیران؛ لە دیمەشقەوە بۆ بروکسێل

پسۆران ئاماژە بەوە دەکەن لە ریشەکانی ئەم قەیرانە تەنیا لە سنوورەکانی ئەورووپادا نییە، بەڵکوو لە سیاسەتە چەوت و سەرکوتکارانەکەی رێژیمی بەشار ئەسەدەوە سەرچاوە دەگرێت. بە ملوێنان سووری لە دەست بۆمباران، بەندیخانە و داڕمانی ئابووری هەڵاتن و بەشێکی بەرچاویان ناچار بوون گیانی خۆیان لە رێگای گەیشتن بە ئەورووپادا بخەنە مەترسییەوە.

پسپۆڕیکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەڵێت: ” رێژیمی ئەسەد بە دێژەدان بە شەڕ و سەرکوتی خەڵك، بە ملوێن خەڵکی سووری تووشی ئاوارەیی و مەرگ کرد. بەڵام بەرپرسایەتی ئەورووپاش قورسە، لەبەر ئەوەیکە بە جێگای ئەوەی رێگای پارێزراو بۆ ئەم خەڵکە بکەنەوە، دیوارەکانی سەر سنووریان بەرز کردەوە.

سیاسەتی مەرگ و داخستنی سنوورەکانی ئەورووپا

چالاکوانانی مافی مرۆڤ دەڵێن کە مەرگی هەزاران پەناخواز بەرهەمی راستەوخۆی بڕیارە سیاسییەکانە. یەکێک لە یارەمەتیدەرانی دەریایی دەڵێت:

” کاتێک رزگارکردنی مرۆڤ وەک تاوان سەیر دەکرێت، دەست بەسەر ئەو کەشتییانەدا دەگیرێت کە یارمەتی پاناخوازان دەدەن و رێگا پارێزراوەکانیان لێ دەبەسرێ، خنکانی مرۆڤەکان چیتر رووداو نییە، بەڵکو دەرەنجامی سیاسەتێکی بیرلێکراو و دیاریکراوە.”

ناوەندی راوێژکاری ئۆنلاینی پەنابەران لە ئاڵمانیا “Pena.ger” لە راگەیەندراوێکدا بە بۆنەی دەیەمین ساڵیادی مەرگی ئالانەوە هۆشداری داوە:

” ئەورووپا دەبێت ئەرکی سەرشانی خۆی جێبەجێ بکات و بە درووستکردنی رێگای پارێزراو بۆ پەڕینەوەی پەناخوازن، پێش بە دووپات بوونەوەی کارەساتی بنەماڵەی کوردی بگرێت. کۆتایی هێنان بە سیاسەتی مەرگ و داخستنی سنوورەکان پێویستییەکی خێرا و حاشاهەڵنەگرە”.

ئەم ناوەندە پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە هاوکاری ئەورووپا لەگەڵ ئەو کەسانەی کە مافی مرۆڤ و یاسا نێونەتەوەییەکان پێشێل دەکەن، و هاوکات لێکۆڵینەوە و گوشار هێنان بۆ ئەو کەسانەی کە یارمەتی پەناخوازان دەکەن و گیانی مرۆڤەکان دەپارێزن، خاڵێکی قیزەونە لەسەر دۆسییەی ئەو کەسانەی کە بانگەشەی دیموکراسی و ماڤی مرۆڤ دەکەن.”

بێدەنگییەک کە بەشدارییە لە تاواندا

چالاکوانان دەڵێن کە بیدەنگی لە هەمبەر مەرگی پەناخوازاندا بە مانای بەشداری و لەو سیاسەتە مەرگ خولقێنەرانەدایە. بە وتەی یەکێک لە پارێزەرانی مافی مرۆڤ:

” هەر بیدەنگییەک لەسەر مەرگی مرۆڤ لەسەر سنوورەکان، بەشداری لەم جینایەتانەدایە. ئەرکی سەر شانی ئێمەیە کە دەنگمان هەڵبڕین: مرۆڤ نابێت لەسەر هیچ سنوورێک پێشی پێ بگیرێت.”

یاد و بیرەوەری ئالان کوردی، بنەماڵەکەی و بە هەزاران مرۆڤی دیکە کە لە دەریای ناوەراستدا گیانیان لەدەستدا، ئاماژەیەکی مەترسیدارە دژ بە بێدەنگی و بێموبالاتی دنیا. ئەم تراژیدیا و کارەساتە، لە ئەگەری کۆتایی نەهاتن بە شەڕ و سەرکوتکاری لە وڵاتاندا و سیاسەتی داخستنی سنوورەکانی ئەورووپا، هەمیسان بەردەوام و دووپات دەبێتەوە.

Live
Hide picture