عەبدولڵا ئۆجالان: کۆماری دیموکراتیک و یەکگرتوویی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بە قازانجی هەموان دەبێت

هەیئەتی ئیمرالی پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، کە رۆژی پێنجشەممە لەگەڵ رێبەر ئۆجالان کۆبوونەوە، ناوەرۆکی یەکەمین کۆبوونەوەی خۆیان لەگەڵ ئەو بڵاوکردەوە. ئەم چاوپێکەتنە دوای پێکهێنانی “کۆمیسیۆنی پەرلەمانی یەکگرتوویی نەتەوەیی، برایەتی و دیموکراسی” لە پەرلەمانی تورکیا دێت.

ئەم کۆمیسیۆنە بە مەبەستی چارەسەرکردنی کێشەی کورد و وڵامدانەوە بە بانگەوازی رێبەر ئۆجالان بۆ “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” پێکهاتووە.

عەبدوڵا ئۆجالان لەم کۆبوونەوەیەدا جەختی لە گرنگیی تێپەڕاندنی قۆناغی ئێستا و لە چوارچێوەی “بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” کردەوە و ڕایگەیاند کە ئەوان بە وریاییەکی تەواوە ئەم پرۆسەیە بەڕێوە دەبەن و هەموو هەوڵەکانیان بۆ کۆتاییهێنان بەم قۆناغە پڕئازارەی ئێستا دەخەنە‌گەڕ.

ئۆجالان هەروەها جەختی کردەوە: “کۆمەڵگەی دیموکراتیک، ئاشتی و یەکگرتوویی، سێ چەمکی سەرەکی ئەم پرۆسەیەن و ئامانجەکانیش ئەکرێ بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بنەمایانە بەدی بێن.” ئۆجالان وتوویە کە هەنگاوی خێرا لە هەموو ئاستەکاندا بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئامانجانە پێویستە و ناکرێت خۆ لە دەستپێکردنی قۆناغێکی نوێ ببوێرین.

رێبەر ئۆجالان ئاماژەی بەوەش کردووە کە ” بە بەردەوامی مەیلی بەرەو کۆماری دیموکراتیک و یەکگرتوویی لەسەر بنەمای کۆمەڵگەی دیموکراتیکەوە بووە” و توویەتی: “تێگەیشتن لەم هەنگاوە ستراتیژییە و قبوڵکردنی، بە قازانجی هەمووان و تورکیا دەبێت.”

ئەو هەندێک ناوەندی سیاسی و میدیایی ئاگادار کردۆتەوە کە سادەکردنەوە یان پشتگوێ خستنی ئەم پرۆسەیە زەبری لێ دەدات و جەختی لە پێویستیی گرنگیدانی ورد و جیدی بەم پرۆسەیە کردۆتەوە.

بە گوێرەی راگەیەندراوەکەی هەیئەتی ئیمرالی، رێبەر ئۆجالان لەم کۆبوونەوەیەدا جارێکی دیکە باوەڕی قووڵی خۆی بە دۆستایەتیی هەمیشەیی نێوان گەلان و ئاشتی دووپات کردۆتەوە.

Live
Hide picture