
بە گوێرەی ھەواڵی ئاژانسی رۆیتەرز، دەزگای ھەواڵگری ئوسترالیا ئاشکرای کردووە کە شوێنپەنجە داراییەکانی ئەو کەسانەی بە سوتاندنی کەنیسەیەک لە مەلبۆرن تۆمەتبار کراون، پەیوندی ئەم ھێرشە بە ئێرانەوە دەردەخەن.
بەرپرسانی ئوسترالیا دەڵێن لەوانەیە تۆمەتباران نەیانزانیبێ کە تاران لە پشت ئەم ئۆپەراسیۆنەوە بووە.
یونس عەلی یونس، پیاوێکی ٢٠ ساڵەی خەڵکی مەلبۆرن، کە بە سوتاندنی کەنیسەی “ئاداس ئیسرائیل” لە شەشی کانوونی یەکەم و دزینی ئۆتۆمبیل تۆمەتبار کراوە، رۆژی چوارشەممە ٥ی خەرمانان لە بەردەم دادگا ئامادە بوو.
رۆژێک پێشتر، ئەنتۆنی ئەلبانیزی، سەرۆک وەزیرانی ئوسترالیا، رایگەیاند کە دەزگا ھەواڵگرییەکانی وڵاتەکەی ئاشکرایان کردووە کە ئەم ھێرشە و ھێرشێکی هاوشێوە کە ساڵی پار روویداوە، حکوومەتی ئێرانی لە پشتەوە بووە.
ئەلبانیزی لە وەڵامدا، باڵیۆزی ئێرانی لە کانبێرا دەرکرد. بەم ھەنگاوە ئوسترالیا ناوی دەکەوێتە ناو ئەو ولاتانەوە کە تاران بە چالاکی سیخوڕی و تیکدەرانە لە خاکی خۆیاندا تۆمەتبار دەکەن.
دەزگا ئەمنییەکانی بەریتانیا و سویدیش ساڵی پار ھوشداریان دابوو کە ئێران گرووپە تاوانکارییەکان بۆ جێبەجێکردنی ھێرشەکانی خۆی لەم وڵاتانە بەکاردەھێنێت.
مایک بورگس، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ئوسترالیا، وتی کە ئێران بۆ شاردنەوەی دەستوەردانی خۆی لەم ھێرشانەدا، کۆمەڵێک خەڵکی واسیتەی بەکارھێناوە و ھوشداریدا کە ئەگەری ھەیە ئەم هێرشانە بەردەوام بن.
ئەلبانیزی رۆژی سێشەممە ٤ی خەرمانان بە تۆڕی ABC گوت: «ھێزە ئەمنییەکان کارێکی سەرنجراکێشیان بۆ دۆزینەوەی سەرچاوە داراییەکانی ئەم تاوانکارانە کە ئێران وەک ئامراز بەکاری هێناون، ئەنجامداوە.»
ئەو ئاماژەی بەوەشکرد کە دیپلۆماتکارانی ئوسترالیا لە ئێران بە نھێنی فەرمانیان پێکرابوو خۆیان کۆکەنەوە و وتی ئەوان کەمێک دوای نیوەشەو ئاسمانی ئێرانیان بەجێهێشت.
ئەم ھەواڵە کە بە ئامادەبوونی سەرۆک وەزیران، سەرۆکی دەزگای جاسووسی، وەزیری دەرەوە و وەزیری ناوخۆ راگەیەندرا، لەلایەن ئیسرائیلەوە پێشوازی لێکرا.
وەزارەتی دەرەوەی ئێران تۆمەتەکانی ئوسترالیای “بە تەواوی” رەتکردۆتەوە.
خاڵی وەرچەرخان لە لێکۆڵینەوەکان چەند ھەفتە پێش ئێستا بوو، کاتێک پۆلیسی فیدراڵی ئوسترالیا و دەزگای ھەواڵگری ئەمنی دەستیان بەسەر تەلەفۆن و ئامێرە دیجیتاڵییەکانی تۆمەتباراندا گرت.
فیلمی کامێراکانی چاودێری شەوی شەشی کانوونی یەکەم، سێ کەسی سەرووچاو داپۆشراو نیشان دەدەن کە بەرمیلێکی سووری سووتەمەنی لە دواوەی ئۆتۆمبیلێک دەردەھێنن. یەکێک لە هێرشبەران تەورێکی بە دەستەوەیە و دەرگای کەنیسەکە ئاگر تێبەردەدەن و پاشان بە خێرایی ھەڵدێن.
تیمی ھاوبەشی دژەتیرۆری ڤیکتۆریا رایگەیاندووە کە یونس ئۆتۆمبیلەکەی بۆ ھێرشەکە دزیوە و بە سوتاندنی کەنیسەکە ژیانی خەڵکانی ناو کەنیسەکەی خستۆتە مەترسییەوە. تۆمەتبارێکی دیکە، جیوڤانی لولو، ٢١ ساڵە، مانگی رابردوو بە تۆمەتی ھاوشێوە چووە بەردەم دادگاوە.
پۆلیس ئەم ئۆتۆمبیلەی وەک “ئۆتۆمبیلی ھاوبەشی تاوانکاری” ناساندووە کە لە ھێرشی دیکەشدا بەکارھاتووە.
لە کۆنفرانسی رۆژنامەوانیی ٣٠ی تەممووز، کریسی بارت، جێگری کۆمیسەری پۆلیسی فیدراڵی ئەوکات، وتبووی کە ئەم ھێرشە ھاندەری سیاسی ھەبووە و بە یارمەتی تاوانکارانی دەرەوەی وڵات روویداوە.
پۆلیس ھەروەھا لەگەڵ تۆڕی ھەواڵگری “پێنج چاو” کە بەریتانیا، ویلایەتە یەکگرتووەکان ئەمریکا، کەنەدا و نیوزیلاند لەخۆدەگرێت، لەسەر ئەم بابەتە ھاوکاری دەکات.
تۆنی بورک، وەزیری ناوخۆی ئوسترالیا، رۆژی چوارشەممە بە رادیۆی ABC گوت کە کەسانی تێوەگلاو لەم ھێرشەدا لەوانەیە نەیانزانیبێ کێ ئەم هێرشە بەڕێوە دەبات. ئەو وتی: «تۆ کۆمەڵێک کەس دەبینی کە خەڵکی جیاوازن و کاری جیاواز دەکەن، هەر بۆیە بە راستی نازانن کێ رێنماییان دەکات یان کێ لە پشت ئەم هێرشانەوەیە.»
