نێردەی تایبەتی ئەمریکا: سعوودیا و قەتەر ئامادەن بۆ چەکداماڵینی حزبوڵڵا لە باشووری لوبنان وەبەرهێنان بکەن


تام باراک، نێردەی سەرۆک کۆماری ئەمریکا بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، رایگەیاند کە عەرەبستانی سعوودی و قەتەر ئامادەن لە ناوچەیەکی ئابووری لە باشووری لوبنان، نزیک سنووری ئیسرائیل، وەبەرهێنان بکەن. ئەم ناوچەیە دەرفەتی کار بۆ ئەندامان و لایەنگرانی حزبوڵڵا دروست دەکات، بەو مەرجەی حزبوڵڵا چەکەکانی دانێت.

باراک ئەم قسەیەی ئەمڕۆ سێشەممە (٢٦ی ئاب) لە بەیروت، پاش ئەوەی سەردانی ئیسرائیل کرد و لەگەڵ سەرۆککۆماری لوبنان کۆبووەوە، کرد. باراک وتی بڕیارە حکوومەتی لوبنان تا کۆتایی ئەم مانگە پلانێک بۆ چەکداماڵینی حزبوڵڵا پێشکەش بکات.

نەعیم قاسم، سکرتێری گشتی حزبوڵڵا، ئەم پلانەی حکوومەتی رەتکردۆتەوە و رایگەیاندووە کە چەکەکانیان دەپارێزن. لە لایەکی دیکەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دووشەممە (٢٥ی ئاب) وتی کە هێزەکانی ئیسرائیل لەوانەیە پاش “بڕیاری مێژوویی” حکوومەتی لوبنان بۆ چەککردنی حزبوڵڵا، لە ناوچە داگیرکراوەکانی باشووری لوبنان بکشێنەوە.

چاوەڕوان دەکرێت پلانەکەی حکوومەتی لوبنان بۆ چەکداماڵینی حزبوڵڵا لە کۆبوونەوەیەکدا کە بۆ ٢ی ئەیلوول دیاری کراوە، پەسەند بکرێت.

باراک پاش کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆککۆماری لوبنان وتی: «پێویستە پارە بکرێتە ناو سیستەمەکەوە. ئەم پارەیە لە وڵاتانی کەنداوەوە دێت. قەتەر و سعودیە ئامادەن ئەمە بۆ باشووری لوبنان بکەن.» ئەو ئاماژەی بەو ٤٠ هەزار کەسە کرد کە بۆ شەڕکردن پارە لە ئێران وەردەگرن، و وتی: «ناتوانین بەوانەی کە چەکەکانیان دادەنێن تەنیا بڵێین ‘ لە چاندنی دار زەیتووندا سەرکەوتوو بن ‘. پێویستە یارمەتییان بدەین.»

باراک وتی: «ئێمە هەموو — وڵاتانی کەنداو، ئەمریکا، و لوبنانییەکان — پێکەوە کاردەکەین بۆ دروستکردنی ئابوورییەک کە کار و ژیان دروست بکات.» کاتێک لە باراک پرسیار کرا بۆچی ئەمریکا راستەوخۆ لەگەڵ ئێران لەسەر حزبوڵڵا گفتوگۆ ناکات، وەڵامی داوە کە: «پێتان وایە ئەمە روو نادات؟.»

شەڕی نێوان ئیسرائیل و حزبوڵڵا رۆژێک دوای هێرشی حەماس لە ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ دەستی پێکرد، کاتێک حزبوڵڵا بۆ پشتگیری حەماس دەستی بە مووشەک بارانی ئیسرائیل کرد. ئەم پێکدادانە لە ئەیلوولی ٢٠٢٤ بۆ شەڕێکی بەربڵاو پەرەی سەند، کە بە گوێرەی راپۆرتی بانکی جیهانی، زیاتر لە ٤٠٠٠ کەس کوژراون و زیانێکی ١١ ملیار دۆلاری بە لوبنان گەیاند.

شەڕەکە لە تشرینی دووەمدا و بە ئاگربەستێک کۆتایی هات. حزبوڵڵا رایگەیاند کە لە ناوچە سنوورییەکانی باشووری لوبنان نەماوە. سەرەڕای ئەوە، ئیسرائیل رۆژانە هێرشە ئاسمانییەکانی خۆی بەردەوام کردووە و دەیان ئەندامی حزبوڵڵای کوشتووە.

رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راپۆرتێکدا رایگەیاندووە کە زیاتر لە ١٠٠٠٠ بینا لە باشووری لوبنان لە نێوان ئۆکتۆبەری ٢٠٢٤ و کانوونی دووەمی ئەمساڵدا «بە سەختی زیان پێگەیشتووە یان وێران بوون».

هێزەکانی ئیسرائیل تەنانەت دوای جێبەجێکردنی ئاگربەستەکەش لە ناوچە سنوورییەکان ماونەتەوە و هێشتا پێنج خاڵی ستراتیژیان لە ژێر کۆنترۆڵدایە.

Live
Hide picture