
سەرۆکی دەستەی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق ئاشکرای کردووە کە سەرپەرشتیاری پێشووی زیندانی نوگرەسەلمان لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا، دانی بە تاوانەکانی خۆیدا لە دژی هەزاران هاووڵاتی کورد ناوە.
عەبدولکەریم عەبدولفازڵ ڕایگەیاندووە کە عەجاج ئەحمەد عوبەیدی، کە بە “عەجاج تیکریتی” ناسراوە، دانی بەوەدا ناوە کە لە ساڵی ١٩٨٩دا سێ هەزار هاووڵاتی کوردی لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەولێر و ناوچەکانی دەوروبەری لە زیندانی نوگرەسەلماندا دەستبەسەر کردووە.
بە وتەی عەبدولفازڵ، لە ماوەی ١٠ مانگدا، یەک لەسەر سێی زیندانییەکان بە هۆی شکنجە و برسیەتییەوە گیانیان لەدەستداوە. ئەو هەروەها وتی کە برسیەتی یەکێک لە سەرەکیترین ئامرازەکانی عەجاج بۆ ئەشکنجەدانی زیندانیانی کورد بووە.
یەکێک لە قوربانییەکان لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ میدیاکان وتی: “زۆربەی منداڵەکان بە هۆی برسیەتییەوە گیانیان لەدەستدا و ئەوانی دیکەش بە هۆی ئەشکەنجەوە گیانیان بەخت کرد.”
عەجاج ئەحمەد عوبەیدی لە پارێزگای سەلاحەددین لەدایکبووە و دەرچووی خولی حەوتەمی کۆلێژی ئاسایشی عێراقە. ئەو لە چەندین بەڕێوبەرایەتی ئەمنی لە شارەکانی هەولێر، رومەیسا، نەجمی، بوسایە و موسەنا بەرپرسایەتی هەبووە.
ئەو لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا وەک سەرپەرشتیاری گشتی زیندانی نوگرەسلمان دەستنیشان کراوە و بە هۆی توندوتیژی و بێبەزییەوە، زیندانییە کوردەکان ناوی “جلادی نوگرەسەلمان”یان لێناوە.
نووسینگەی خاتوونی یەکەمی عێراق، شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، پێشتر ڕایگەیاندبوو کە بە هاوکاری دفتەری سەرۆکایەتی کۆمار، عەجاج تیکریتی دەستگیر کراوە. بە گوێرەی میدیاکان، ئەو لە دیمەشق، پایتەختی سوریا، ژیاوە، بەڵام شوێنی دەستگیرکردنەکەی دیار نییە.
عەجاج تیکریتی لە سەردەمی بەعسدا سەرپەرشتیاری زیندانی نوگرەسەلمان بووە. لە کاتی ئۆپەراسیۆنی کۆمەڵکوژی ئەنفالدا، ژمارەیەکی زۆر لە هاوولاتیانی کورد بۆ ئەم زیندانە گواسترانەوە و بە هۆی شکنجەوە گیانیان لەدەستدا.
لە پرۆسەی ئەنفالدا، کە یەکێکە لە گەورەترین تاوانەکانی ڕژێمی سەدام حوسێنە، بە هەزاران هاووڵاتی کورد، بە تایبەتی لە ناوچەی گەرمیان، بۆ شوێنەکانی دیکەی عێراق گوسترانەوە و کۆمەڵکوژ کران.
زیندانیانی پێشوو و خزمی قوربانییەکان هەزاران سکاڵای فەرمیان لە دژی عەجاج تیکریتی تۆمار کردووە.
زیندانی نوگرەسەلمان نزیکە لە سنووری عێراق و سعودیە و یەک کیلۆمەتر و نیو لە شاری سلمان دوورە. ئەم زیندانە لە ١٩٢٠ەکاندا لەلایەن بەریتانیاوە دروست کراوە.
