
نەتەوە یەکگرتووەکان و ژماره‌يه‌ك داموده‌زگای لێكۆڵينه‌وه دەڵێن كه گرووپی چه‌كداری ناسراو به “دوڵه‌تی ئیسلامی” (داعش) له نائارامی و ناسه‌قامگیری سوريا و به‌شێك له ئافريقا بۆ نوێكردنه‌وه‌ی هێزی خۆی و بەرفراوانكردنی چالاکییەکانی کەڵک وەردەگرێت. به گوتەی شارەزایان، ئه‌مه هاوشێوەی ساڵی ٢٠١٤ ئەکرێت بە جەشنێک گه‌ڕانه‌وه‌ی به‌ربڵاوی ئه‌و گرووپه بێت.
له راپۆرتێكدا كه له كۆبوونهوهيهكی ئه‌نجومه‌نی ئاسايشی نەتەوە یەکگرتووەکان پێشكه‌ش كرا، ئه‌نجومه‌نی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تيرۆريزمی نەتەوە یەکگرتووەکان جه‌ختی له‌وه كردووه كه داعش، سەرەڕای كوژرانی چه‌ند سهركردهيهكی، هێشتا مه‌ترسیه‌كی گه‌وره‌یه. به گوێره‌ی راپۆرته‌كه، ئه‌م گروپه له كه‌لێنی ئه‌منی له ناوچه بیابانیەكانی رۆژهه‌ڵاتی سوريا بۆ وه‌رگرتنی ئه‌ندام و خۆرێکخستنەوەی کەڵک وەردەگرێت. هه‌روه‌ها ئاماژەیان بەوە داوە کە لقی خوراسان (ISIS-K) مه‌ترسیه‌كی گەورە لە ئاسيای ناوه‌ڕاسته. له ئافريقاشدا، چالاكیەكانی داعش له ناوچه‌کانی کەنار و بیابانی گه‌وره به شێوه‌يه‌كی به‌رچاو زيادی کردووە.
راپۆرته‌كه ئاماژه به‌وه ده‌كات كه تەنیا گرنگيدان به “له‌ناوبردنی جەستەیی سه‌ركرده‌كان” به‌س نيه و پێويسته ريشهكانی فراوانبوونی توندڕه‌وی و شێوازه نوێيه‌كانی ئه‌م گرووپه، وه‌ك وه‌رگرتنی شارەزايانی ئاسايشی سایبەری، بكرێته ئامانج. راپۆرتەکە هه‌روه‌ها جه‌ختی له پابەندبوون به ياسا نێودهوڵهتيەكان و مافه‌كانی مرۆڤ له به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تيرۆريزمدا کردووە.
له هەمان کاتدا، گۆڤاری مێمری (MEMRI) له راپۆرتێكی جيادا وتوویەتی كه گوشارەکانی توركيا و حكومه‌تی راگوزەری سوريا له دژی هێزه‌كانی سوريای ديموكراتيك (ههسەده) ئەتوانێت هۆكارێك بۆ گه‌ڕانه‌وه و بووژانەوەی داعش بێت. به گوێره‌ی ئه‌و گۆڤاره، ههسەده كه به سه‌ركردايه‌تی كورده‌كان كار ده‌كات، ئێستا زياتر له ٢٨ ناوه‌ندی دەستبەسەرکردن کە نزیكه‌ی ١٠ هه‌زار ئه‌ندامی داعش و ٤٦ هه‌زار كه‌س له خێزانه‌كان و لایەنگرانی ئەوانی تێدایە، به‌ڕێوه ده‌بات. به‌رپرسانی ئه‌منی ئه‌مريكا هوشداریان داوه كه هەر هێرشێكی توركيا یان ديمەشق له دژی ههسەده، دەبێتە هۆی “هه‌ڵهاتنی بەكۆمه‌ڵ”ی زیندانیان و سەرلەنوێ بووژانەوەی خێرای داعش له سوريا. ژەنەراڵی خانەنشین جۆزيف وۆتڵ، فه‌رمانده‌ی پێشووی سنتكام، ئه‌م دۆخه‌ی بە “سوپايەكی تيرۆرستی له زیندان” شوپهاندووە.
به گوێره‌ی ئاماره‌كان، له سه‌ره‌تای ساڵی ٢٠٢٥ەوه هێرشه‌كانی داعش له سوريا زیادی کردووە و ٩٤%ی ئه‌و هێرشانه ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی ههسەدەی بە ئامانج گرتووە. له هەمان کاتدا، هێزه‌كانی سه‌ر به حكومه‌تی راگوزەری سوريا به سهركردايەتی ئه‌حمه‌د ئه‌لشه‌رع (ئهبومحەمەد جەولانی) به به‌كارهێنانی ئه‌ندامانی پێشووی داعش، كه به “هێزه‌كانی عەشايەری” ناو ده‌برێن، له دژي ههسەده و کەمایەتییە ئايينيەكان كار ده‌كه‌ن.
راپۆرتی مێمری ئه‌وەی ده‌رخه‌ستووه كه لە ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی حکومەتی راگوزەری سوریا، سڕینەوەی نەژادی، دەستێوەردانی ديموگرافی، توندوتیژی به‌ربڵاو، كۆیلەيی جینسی و هێرشه رێكخراوه‌كان له دژی عەلەويەكان، دروزه‌كان و مهسيحيەكان بەڕێوەچووە و زياتر له يه‌ك ميليۆن كه‌س له‌و ناوچانه ئاواره بوون.
هه‌روه‌ها راپۆرته‌كه ئاماژه به رۆڵی توركيا وه‌ك رێڕەوی سه‌ره‌كی شەڕكەرانی بيانی و سه‌رچاوه‌ی چه‌ك و پارەی داعش ده‌كات. به گوێره‌ی مێمری، ئه‌نقه‌ره له ئۆپه‌راسيۆنه سهربازيەكانی ساڵانی ٢٠١٨ و ٢٠١٩ زياتر له نیو ميليۆن كوردی ئاواره كردووه و له هێرشه‌كانی ئهمدواییەی سه‌ر منبێج، ئه‌ندامانی داعش شان بەشانی هێزه‌كانی سه‌ر به توركيا شه‌ڕیان كردووه.
له به‌رامبه‌ردا، “ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ديموكراتیكی باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوريا” كه به سه‌ركردايه‌تی كورده‌كان و به به‌شداری عەرەبەكان، مهسيحيەكان و کەمینەکانی تری روژئاوا كار ده‌كات، نمونهيهكی پێکەوەژیانی گەل و ئایینە جیاوازەکانی پێشكه‌ش كردووه و سه‌ره‌ڕای هێرشه به‌رده‌وامه‌كانی داعش و توركيا، توانيویەتی پێكهاته‌ی خۆی بپارێزێت.
ئه‌مريكا له نێوان ساڵانی ٢٠١٤ تا ٢٠٢٣ نزیكه‌ی ٦٨ ميليار دۆلاری بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش خه‌رج كردووه و له‌و ماوه‌يه‌دا ته‌نها ١٢٠ سەربازی ئه‌مريكی کوژراون، له كاتێكدا زياتر له ١٢ هه‌زار شهڕكەری ههسەده گیانیان بەخت کردووە. شارەزایان دەڵێن نەمانی ناوچه‌كانی ژێر كۆنترۆڵی ئیداره‌ی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری ديموكراتیكی باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوريا/روژئاوا، ئه‌مريكا ناچار ده‌كات ده‌یان هه‌زار هێزی ديكه بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوەڕاست بنێرێت؛ شه‌ڕێک بە تێچووی زۆرەوە کە ئاسایشی رۆژئاواش ده‌خه‌نه مه‌ترسییەوە.
به گوێره‌ی مێمری، حكومه‌تی جەولانی كه پاش رووخانی به‌شار ئه‌سه‌د به پشتيوانی توركيا هاتووه‌ته سه‌ر كار، نه ته‌نها ئيراده‌يه‌كی بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داعش نيه، به‌ڵكو له ئه‌ندامانی ئه‌و گروپه بۆ به‌هێزكردنی ده‌سه‌ڵاتی خۆی کەڵک وەردەگرێت.
ئه‌و گۆڤاره لە کۆتاییدا دەڵێ كه: «ههسەده به سهركردايەتی كورده‌كان دوايين هێڵی به‌رگری له دژي داعشن و رووخانی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری باكور و رۆژهه‌ڵاتی سوريا نه ته‌نها ناوچه‌كه ده‌خه‌نه ناو تەنگەژەوە، به‌ڵكو ئاسایشی واشنتن، لەندەن، به‌رلين و پاريسیش ده‌خاتە مه‌ترسییەوە.»
