
تەڤگەری ئازادیی ژنانی ئێزدی (تاژێ) لە راگەیەندراوێکدا هەواڵی ئەرێکردنی حوکمی لەسێدارەدانی شەریفە محەمەدی زیندانیی سیاسی و چالاکی کرێکاریی لەلایەن دادگای ئینقلابی ئێرانەوە بە توندی شەرمەزار کرد. لە راگەیەندراوەکەدا تاژێ ڕژێمی ئێرانی بە “عەقڵیەتی فاشیستی و کۆلۆنیالیزم” ناو برد و جەختی کردەوە کە ئەم بڕیارە بەشێوەیەکی ڕوون دروستکردنی سیاسەتی ژینۆساید دژی ژنانە.
تاژێ بە ئاماژەدان بەوەی کە شەریفە محەمەدی لە ساڵی ٢٠٢٣ەوە بە بەهۆی بەشداری لە چالاکییەکانی ئەمینی دەستبەسەر بووە و لە ساڵی ٢٠٢٤ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە، داوای لە هەموو ژنان و دامەزراوە دیموکراتیکەکان کردووە بە لە هەر شوێنێک بە فەلسەفەی “ژن، ژیان، ئازادی” ڕووبەڕووی ئەم بڕیارە بوەستنەوە.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی تاژێ بەم شێوەیەیە:
ڕژێمی ئێران بە عەقڵیەتی فاشیستی و کۆلۆنیالیزمەوە، سیاسەتەکانی ستەم و تۆقاندن لە دژی هەرکەسێک کە لە پێناو حەقیقەت و ئازادیدا تێکۆشان دەکات جێبەجێ دەکات، بەم سیاسەتانە نوێنەرایەتی مۆدێرنیتی سەرمایەداری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات لە دژی بەرخۆدانی ژنان، ئێران بە کردارەکانی پێشەنگایەتی دەکات لە سیاسەتی جینۆساید دژی ژنانی بە ئیرادە و بیرۆکەی ئازادیی، ئەمەش لایەنی تاریکی ڕژێمی مەلاکان دەردەخات و چەوساندنەوەی ناوخۆیی خۆی و قەیرانە ناوخۆییەکانی بشارێتەوە.
شەریفە محەمەدی، ساڵی ٢٠٢٣ بە بیانووی بەشداری لە چالاکییەکانی دوای کوشتنی ژینا ئەمینی دەستبەسەر و لە ساڵی ٢٠٢٤ لەلایەن دادگای ئینقلابی ئێرانەوە سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، هەرچەندە ئەم بڕیارە لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٤ هەڵوەشێنرایەوە، بەڵام لەم چەند ڕۆژەی کۆتاییدا جارێکی دیکە حوکمی لە سێدارەدان پشتڕاستکرایەوە.
ژنە بەرخۆدێر شەریفە محەمەدی، سیمبولی ئازادیی و تێکۆشانە لە دژی هێزەکانی دەسەڵات و فاشیزم، هەروەها دەنگی ژنێکی ئازاد و بەرخۆدێرە لە دژی دەوڵەتی پیاوانە.
ئێمە وەک تەڤگەری ئازادی ژنانی ئێزدی “تاژێ”، بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای لەسێدارەدان و ڕووخاندنی سیاسەتە جینۆسایدییەکانی ئێران داوای بەهێزکردنی تێکۆشان و بەرخۆدان دەکەین.
ئەمڕۆ لە هەموو شوێنێک ژنان تووشی هێرشی دڕندانە دەبن و دەکوژرێن، بانگەوازی تایبەتی ئێمە بۆ هەموو ژنانە کە لە دژی ئەم بڕیارە خاوەنداری لە شەریفە محەمەدی بکەن، خاوەنداریکردن لە شەریفە محمەدی خاوەندرایکردنە لە مافی هەموو ژنان، پێویستە هەمووان بەرامبەر ئەم بڕیارە بە ئەرکی خۆی هەستێکت و لە هەموو شوێنێک بە فەلسەفەی ژن، ژیان، ئازادی دەرکەون.
