ڕاگەیەندراوی پژاک سەبارەت بە یازدەهەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکووژی خەڵکی شنگال لەلایەن چەتەکانی داعشەوە


پژاک لە ١١ـیەمین ساڵیادی کۆمەڵکووژیی شنگالدا ڕایگەیاند، هێرشەکانی داعش و پاڵپشتیکارانی شەرمەزار دەکەین و پشتیوانی خۆمان بۆ خۆبەڕێوەبەریی شنگال و خەڵکەکەی دووپاتدەکەینەوە.

ئەنجوومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، سەبارەت بە کۆمەڵکووژی خەڵکی شنگال لەلایەن چەتەکانی داعشەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی پژاک بەم شێوەیەیە:

شنگال هێشتا پێویستی بە پشگیریی هەمەلایەنەی گەلەکەمانە بۆ ڕزگاربوون لە مەترسیی کۆمەڵکوژییەکان و گەیشتن بە ئازادیی تەواو.

شنگال و ئێزدییەکان بۆ گەلەکەمان هێمای تێکۆشان بۆ ئازادیی و دیموکراسین. ئێمە وەکوو پژاک لە ١١ـیەمین ساڵیادی کۆمەڵکووژیی شنگالدا، وێڕای شەرمەزارکردنی هێرشەکانی داعش و پاڵپشتیکارە کۆمەڵکوژگەرەکانیان، پشتیوانیی تەواوی خۆمان بۆ خۆبەڕێوەبەریی شنگال و خەڵکەکەی ڕادەگەیەنین، شنگال و ئێزدییەکان، ئەمانەتێکن لە دەستی گەلی کورددا.

هێرشی گرووپی تاوانکاری داعش بۆ سەر شنگال لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤ هاوتەریب لەگەڵ خیانەتی بەشێک لە هێزەکان لە باشووری کوردستان، بە پشتگوێخستنی خەڵکی بێپەنای ئێزدی و ڕاکردن لە شنگال و هەروەها پاڵپشتییەکانی دەوڵەت و سوپای داگیرکەری تورکیا لەو هێرش و کۆمەڵکووژییە خوێناوییە لەپاڵ بێدەنگیی نامرۆڤانەی هێزە جیهانی و ناوچەییەکان، ٧٣ـیەمین کۆمەڵکووژیی مێژووی ئێزدییەکانی لێ کەوتەوە.

خەڵکی ئێزدی لە شنگال بەڕاستی هێمای ناسنامەی مێژوویی گەلی کورد و پارێزەری ڕەوای کولتوورێکی هەزار ساڵەیە کە ڕێگەی نەداوە لەناوبچێت، ڕۆڵی گەلی شنگال و ئایینی ئێزدی لە پاراستنی بوونی گەلی کورد تا ئەمڕۆ گەورە و حاشاهەڵنەگرە.

هێرش بۆ سەر شنگال و پاڵنانی داعش و پشتیوانی لەو گرووپە تیرۆرستییە لەلایەن تورکیاوە، بەشێوەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراو ئەنجامدراو دەوڵەتی عێراق و پارتی پەدەکە شنگالیان پەراوێزخراو و بێبەرگریی بەجێهێشت.

ئەمڕۆ بەهەمان شێوە شنگال گەمارۆ دراوە، هێشتا هەزاران ڕفێندراو لە چاوەڕوانی ئازادبووندان و تاوەکوو ئێستا هەڕەشەکان و هێرشی مەترسیداری تر لە چوارچێوەی داگیرکردنەوە و کۆمەڵکوژیی گەورەتر لەلایەن هێزە پاڵپشتیکارەکانەوە، بەردەوامی هەیە.

شنگال هێشتا پێویستی بە پشتگیریی هەمەلایەنەی گەلەکەمانە بۆ ڕزگاربوون لە مەترسیی کۆمەڵکووژییەکان و گەیشتن بە ئازادیی تەواو.

تەڤگەری ئازادیخوازی کورد و هێزەکانی گەریلا بە تەواوی توانایانەوە، فیداییانە ڕێگری لە کۆمەڵکووژیی و پاکتاوکردنی تەواو کرد و ئەمڕۆ لە سایەی گیانفیدایی هەزاران شەهید لە هەر چوار پارچەی کوردستان، خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکی شنگال هاتووەتە دی.

ئەم دەستکەوتە گەورەیە بەرهەمی گەلەکەمان لە هەر چوار پارچەی کوردستانە و پێویستە پارێزگاری لێ بکرێت.

بێگومان ئەم دەستکەوتە بەرهەمی ئەو خەڵکە ستەملێکراوەیە، بەتایبەتی خەڵکی کوردە و ئەرکی پاراستنی لە ئەستۆی هەمووانە. شنگال و خۆبەڕێوەبەرییەکەی هێمای مانەوە یان لەناوچوونی بوون و هێزی ئیرادەی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستە. سەرکەوتن و مانەوەی ئەم هێما بەنرخە، بەمانای ئازادی، و شکستهێنانیشی بە مانای ڕێگریکردن لە هەموو گەلانی ناوچەکە لە گەیشتن بە ئازادیی و دیموکراسی و هێزی ئیرادە بۆ دەیان ساڵی داهاتوو دەبێت.

لەئەمڕۆدا هێشتا پلانگێڕییەکان لەدژی شنگال بە سیناریۆگەلی فرەلایەنەی بەشێک لە هێزەکان و پێودانگەکانی پێشوو بەردەوامە. داهاتووی ڕوونی عێراق و هەرێمی باشووری کوردستان، بەستراوەتەوە بە ئازادیی خەڵکی شنگال و خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکییەکەیەوە.

کەڵەکەبوونی قەیرانەکان و مەترسییەکانی شەڕی ناوخۆ لە عێراق، بە مەترسییەکی گەورەی تر دژی شنگالی گەمارۆدراو هەژمار دەکرێت، وە تورکیاش بووەتە ئاگرخۆشکەرێکی گەورە و مەترسییەکەی گەورەتر کردووە.

ئەنجوومەنی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، وێڕای شەرمەزارکردنی کۆمەڵکوژیی شنگال و ئەنجامدەرانی، پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیکییەکەی ڕادەگەیەنێت و یادی هەموو شەهیدانی مەزن لەنێویاندا شەهید زەکییەکان و دڵگەشەکان کە کاریان بە دیدگای ڕێبەر ئاپۆ کرد بۆ بەرگریکردن لە خەڵکی ئێزدی و شنگال، هەمیشە زیندوون.

بانگەواز بۆ هەموو گەل و باوەڕییەکان دەکەین کە وێڕای پشتیوانیکردن لە شنگال و خەڵکەکەی، یەکێتی و یەکگرتوویی مێژوویی بهێننە کایەوە.

گەلی شنگال تەنها بە پشتبەستن بە هێزی بەرگریی ڕەوای خۆی و خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیک دەتوانێت بوونی خۆی بپارێزێت. سەندنەوەی ئیرادەی خۆبەڕێوەبەریی شنگال بەمانای گەڕاندنەوە دواوەی ئازادیی گەلی کوردی هەرچوار پارچەی کوردستان و سەندنەوەی پێشەنگایەتیی لە گەلەکەمان بۆ گەلانی ناوچەکە لە پڕۆسەی ئازادیخوازی و دیموکراسیخوازیدا دێت.

هەر سیناریۆیەکی پیلانئامێز دژی شنگال، بە تەواوکردنی کۆمەڵکووژگەریی داعش و دەوڵەتە پاڵپشتیکارەکەی هەژمار دەکرێت. بۆیە بەدەر لە لێپێچینەوە لە ئەنجامدەرانی کۆمەڵکوژییەکە، ئەرکی گەلی کورد و ئازادیخوازانە کە پارێزگاری لە بوونی شنگال وەک هێمای خۆبەڕێوەبەریی گەلانی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بکەن.”

Live
Hide picture