
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کۆمیتەی ئیکۆلۆژیی پژاک بەم شێوەیەیە:
“کەوتنەوەی ئاگر لە بەرزاییەکانی چیای ئاویەر ڕۆژی پێنجشەمە ٢٤ـی تەمووز، بووە هۆکاری برینداربوونی بەشێک لە چالاکوانانی ژینگەیی و بەداخەوە یەکێک لە چالاکوانان بە ناوی “حەمید مورادی” بەهۆی ڕێژەی زۆری سووتاوییەکەیەوە گیانی لەدەستدا. ئەمڕۆ ٢٨ـی تەمووزیش بەداخ و پەژارەیەکی زۆرەوە هەواڵی گیانلەدەستدانی “چیاکۆ یوسفی نەژاد” و “خەبات ئەمینی”، دوانی تر لەو چالاکوانانەمان بیست، کە بە سەختی بەهۆی ئاگرەکەوە بریندار بوون. ئەوان لە ڕوانگەی ئێمەوە شەهیدانی ژینگەی زاگرۆسن.
سەرەخۆشی لە بنەماڵەی هێژایان و گەلەکەمان دەکەین و یادیان بەرز ڕادەگرین.
بەقووڵی باوەڕمان وایە کە گەلەکەمان سەرەڕای بەشداریکردنی فراوان لە مەراسیمی بە خاکسپاردنی تەرمەکانی ئەم شەهیدانەی ژینگە، ناهێڵن هەوڵە بێوێنەکانیان بۆ خزمەت بە گەل بەفیڕۆ بڕوات، درێژە بە ڕێگەی ژینگە دۆستییان دەدەن.
وەک کۆمیتەی ئیکۆلۆژیی پژاک، سەرەخۆشی لە خانەوادەی گیانفیدایان و گەلەکەمان دەکەین و فیداکاری چالاکوانانی گیانفیدای ژینگە هیچ کات لەیاد ناچێت.
هیوادارین لە سایەی هەوڵی گەلەکەمانەوە بۆ ڕێگریکردن لەو ڕووداوە دڵتەزێنانە، چیتر بینەری ئەم کارەساتە زیانبەخشانە نەبین، ئەمەش بێگومان بە هەوڵی بێوچانی گەلەکەمان بەدی دێت.”
