
رۆژنامەی “ستارە صبح” لە نووسینێکدا بە ناونیشانی «وەرچەرخانی مانادار»، باسی لە وتەکانی ئەم دواییەی مەسعود پزیشکیان، سەرۆک کۆمار، و عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی ڕژیمی ئێران کردووە و ئەو وتەیانەی بە نیشانەیەک بۆ گۆڕانێکی ستراتیژیک لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەوەی کۆماری ئیسلامی لێکداوەتەوە.
لەم ڕاپۆرتەدا هاتووە کە سەرۆک کۆماری ئێران دوێنێ لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ ئەندامانی “بەرەی ریفۆرمخوازانی ئێران” ڕایگەیاندووە: «ئامادەین لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن لەسەر بنەمای دادپەروەری و ئینساف گفتوگۆ بکەین»، هەروەها عەباس عەراقچی لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ تۆڕی فۆکس نیووز بە ئاشکرا وتوویەتی: «کۆماری ئیسلامی قەت بەدوای لەناوبردنی ئیسرائیلەوە نەبووە و نییە.»
“ستارە صبح” ئەم هەڵوێستانەی بە پێچەوانەی سیاسەتی فەرمی کۆماری ئیسلامی لە چەندین دەیەی ڕابردوودا وەسف کردووە و نووسیویەتی: «هەڵسووکەوتی رێژیم لە چوار دەیەی ڕابردوودا پشتی بە دژایەتی ئەمریکا، ئیسرائیل و ڕۆژئاوا بەستووە و مەیلی بەرەو ڕۆژهەڵات بووە؛ بەڵام ئێستا لەگەڵ گۆڕانکاریی نەوەکان و داواکارییە روولەگەشەکانی کۆمەڵگا بۆ ژیانێکی هاوشێوەی وڵاتانی ناوچەکە، باروودۆخ بۆ پێداچوونەوە بە پێکهاتەی حوکمرانیدا لەبار بووە.»
لە درێژەی ئەم ڕاپۆرتەدا ئاماژە بە شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئەم دواییە و کاریگەرییەکانی کراوە و هاتووە: «ئەم پێکدادانە پەیامێکی ئاشکرای بۆ رێژیم هەبوو؛ ئەویش پێویستی دوورکەوتنەوە لە کەمینەیەکی توندڕەو و نزیکبوونەوە لە زۆرینەیەکی میانەڕەو و ئێراندۆست.»
لەم چوارچێوەیەدا، عەلی ئەکبەر ولایەتی، ڕاوێژکاری رێبەری کۆماری ئیسلامی لەسەر سیاسەتی نێودەوڵەتی ، لە قسەکانیدا جەختی لە پێویستی پێداچوونەوە بە شێوازی بەڕێوەبەریدا بۆ راکێشانی ڕەزامەندی گشتی خەڵک کردووە.
ئەم رۆژنامەیە لە کۆتاییدا، سەرەڕای دژایەتی میدیا توندڕەوەکان لەگەڵ ئەم گۆڕانکارییانە، ئەم هەڵوێستانەی بە «نیشانە ژیری و دوورکەوتنەوە لە ئارمانخوازی ئایدیۆلۆژیک» ناوبردووە و نووسیویەتی: «پێویستە پێشوازی لەم گۆڕانکارییە بکەین و لە چاوەڕوانی گۆڕان و وەرچەرخانی ڕاستەقینە لە سیاسەتی کۆماری ئیسلامیدا بین.»
