دووهەم شەوی خۆپیشاندان بەهۆی پچڕانی کارەبا و کەمی ئاوەوە لە “سەبزەوار” ؛ تووڕەیی خەڵک لە وڵامدەر‌نەبوونی بەرپرسان

بە هۆی پچڕانی بەربڵاوی کارەبا و کەمی ئاوی خواردنەوەوە، سەدان کەس لە هاووڵاتیانی سەبزەوار، شارێک لە باکووری رۆژهەڵاتی ئێران، شەوی سێشەممە ٣١ی تەممووز بۆ دووهەمین شەو لەبەردەم پارێزگای شارەکە کۆبوونەوە و دژی ژێرخانی قەیراناوی شارەکان ناڕەزایەتییان دەربڕی.

ڤیدیۆگەلێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە ئەوە دەخەنەوە روو کە خۆپیشاندەران بە وتنەوەی دروشمگەلێکی وەک: «پارێزگار، تۆ لە خەودایت!» و «مەترسن، مەترسن، ئێمە هەموو پێکەوەین» داوای وەڵامدانەوەی خێرای بەرپرسانیان کرد.

بەپێی سەرچاوە ناوخۆییەکان، لە هەندێک شوێن هێزە ئەمنییەکان هەوڵیان داوە خۆپیشاندەران بڵاوە پێبکەن. سەرەڕای ئەمە، تا ئێستا هیچ ڕاپۆرتێکی فەرمی لەسەر دەستبەسەرکردنی خۆپیشاندەران بڵاو نەکراوەتەوە.

play-sharp-fill

پچڕانی کارەبا، کەمی ئاو و گەرمای توند؛ سێ کوچکەیەک بۆ تەقینەوەی تووڕەیی خەڵک

خۆپیشاندانەکانی سەبزەوار لە کاتێکدایە کە زۆرینەی ناوچەکان لە ناوەند و رۆژهەڵاتی ئێران لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا ڕووبەڕووی شەپۆلێکی گەرمای نائاسایی بوونەتەوە. ئەم دۆخە لەگەڵ پچڕانی بەربڵاوی کارەبا و کەمی دەستڕاگەیشتن بە ئاوی خواردنەوە، بەتایبەتی لە گەڕەکە کەم‌دەرامەتەکان، ناڕەزایەتییەکی زۆری خەڵکی لێکەوتۆتەوە.

شارەزایان هۆکارگەلی سەرەکی بەردەوامبوونی قەیرانەکە بۆ بەڕێوەبری ناکارامە، کۆنبوونی ژێرخانەکان، و گرینگی‌دان بە سیاسەتە ناوچەییەکان و پشتگۆخستنی بەرژەوەندی و پێداویستی ناوخۆی خەڵک، دەگێڕنەوە. ئەمە لە کاتێکدایە کە ئێران سەرەڕای هەبوونی سەرچاوە سروشتییە گەورەکانی نەوت و گاز، هێشتا کێشەی وەک پچڕانی بەردەوامی کارەبا، کەمی ئاو لە هاویندا، و تەنانەت کەمبوونی گازی لە زستاندا هەیە.

خۆپیشاندانەکانی سەبزەوار یەکێکە لە نوێترین نموونەکانی نارەزایەتی دەربڕینی خەڵک لە ئێراندا کە لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بەڕێوە چووە. ئەم خۆپیشاندانانە بەهۆی قەیرانگەلی وەک کەمی ئاو، هەڵاوسانی هەوسارپچڕاو، و نەبوونی کارامەیی لەدابین کردنی خزمەتگوزارییەکانی شاردا، چەندین جار دووبارە بوونەتەوە.

Live
Hide picture