
رێکخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە راگەیەندراوێکدا هێرشی ئاسمانیی ئیسرائیل بۆ سەر زیندانی ئێڤین لە تارانی بە “پێشێلکارییەکی جیددی یاسای نێودەوڵەتی مرۆیی” دانا و داوای کرد لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ و نێودەوڵەتی لەسەر ئەم رووداوە بکرێت. ئەم رێکخراوەی جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئەم هێرشە دەبێ وەک ئەگەری “تاوانێکی جەنگی ” لێکۆڵینەوەی لێ بکرێت.
لەم راگەیەندراوەدا کە رۆژی سێشەممە، ٣١ی تەمموز (٢٢ی ژوئیە) بڵاو کراوەتەوە، هاتووە: سوپای ئیسرائیل ئامانجدار و بە دانستە چەندین هێرشی ئاسمانی بۆ سەر زیندانی ئێڤین ئەنجام داوە. ئەم هێرشانە دەیان کەسی سڤیل، لەنێویاندا زیندانیان و خێزانەکانیانی بریندار کردوووە و کوشتووە؛ ئەمە سەرەڕای ئەوەیە کە وێرانکارییەکی بەرفراوانی لانیکەم لە شەش بەشی ئەم زیندانەدا بارهێناوە.
لێکۆڵینەوە لە بەڵگەکان و رەتکردنەوەی ئەو بانگەشەیەی کە گوایە ئامانجەکە سەربازی بووە
لێبوردنی نێودەوڵەتی دەڵێت کە زانیارییەکانی خۆی لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندی ڤیدیۆ پشتڕاستکراوەکان، ئەو وێنانەی لە مانگی دەستکرد وەرگیراون و شایەتحاڵەکان وەدەست خستووە. ئەم رێکخراوە جەخت دەکاتەوە کە زیندانەکان یان شوێنگەلی دەستەبسەرکردنی زیندانیان، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی، ئامانجی سڤیلن، مەگەر ئەوەیکە بەڵگەیەکی باوەڕپێکراو هەبێت کە بۆ ئامانجی سەربازی بەکارهێنراون. لە کەیسی “ئەوین”دا، “هیچ بەڵگەیەک سەبارەت ناوەرۆکی سەربازی ئەم زیندانە پێشکەش نەکراوە.”
ئاماری قوربانیان و دژکردەوەکان
ئسرائیل لە ١٣ی ژوئەنەوە دەستی بە ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانی بەرفراوان لە دژی ئێران کرد و رایگەیاند کە ئامانجەکەی “رێگریکردن لەدەستڕاگەیشتنی ئێران بە چەکی ناوەکی”یە. لە یەکێک لەو هێرشانەدا کە لە رێکەوتی٢٣ی ژوئەن ئەنجام درا، بەندیخانەی ئەوین بە شێوەیەکی راستەوخۆ کرایە ئامانج.
بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران رایانگەیاندووە کە لەم هێرشەدا ٧٩ کەس گیانیان لەدەست داوە، لەنێویاندا زیندانیان، ئەندامانی خێزانەکانیان و کارمەندانی کارگێڕی زیندانەکە. ئیسرائیلیش بە ئامانجکردنی ئەوینی پشتڕاست کردەوە.
بە گوتەی لێبوردنی نێودەوڵەتی، لە کاتی هێرشەکەدا لە نێوان ١٥٠٠ تا ٢٠٠٠ زیندانی لە بەندیخانەی ئێڤیندا بوون. ئەم بەندیخانەیە، شوێنی پاراستنی زیندانیانی سیاسی، کەسانێک کە هاووڵاتی ئێران و وڵاتێکیتر و هاووڵاتیانی بیانییە.
داوای لێپرسینەوەی نێودەوڵەتی
لێبوردنی نێودەوڵەتی لە کۆتایی راگەیەندراوەکەیدا جارێکی دیکە جەختی لە پێویستی لێپرسینەوە لەم رووداوە لە ئاستی نێودەوڵەتیدا کردۆتەوە و داوای کردووە لێکۆڵینەوەیەکی خێرا، سەربەخۆ و بێلایەنانەی لەسەر لایەنەکانی ئەم هێرشە بکرێت؛ لێکۆڵینەوەیەک کە بتوانێت بەرپرسانی پێشێلکاری مافی مرۆڤ و یاسا نێودەوڵەتییەکان بەرپرسیار بکات.
