فەرماندەیی یەرەکە: بەهۆی بۆردوومانی ئێرانەوە لە پێنجوێن، هەڤاڵێکمان شەهید بوو


فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، یەرەکە، سەبارەت بەو هێرشەی دوێنێی دەوڵەتی ئێران لە سنووری پێنجوێنی سەربە پارێزگای سلێمانی کە بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ئۆتۆمبێلێکی بە ئامانج گرتبوو، ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە.

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی یەرەکە بەمشێوەیەیە:
“وەک گەلەکەمان و ڕای گشتیی دەزانێت لە بەرواری ١٩ـی تەمووزی ٢٠٢٥، هێرشێکی ئاسمانی لە گوندی شیوەگوێزانی سەر بە شارۆچکەی پێنجوێن ئەنجام درا. ئەم هێرشەی هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی کردووەتە ئامانج.

دوابەدوای ئەم ڕووداوە چەندین هەواڵ لە میدیاکاندا بڵاوکرایەوە و هەرکەسێك بەپێی ویستی خۆی ڕووداوەکەی شی دەکردەوە. ئێمەش، وەک یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستمان بە لێکۆڵینەوە کرد. ئەو ڕاستییە دەخەینەڕوو و رایدەگەیەنین کە ئەو هێرشە لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بۆسەر هێزەکانمان ئەنجام دراوە.

دەوڵەتی ئێران زۆر جار کە دەکەوێتە ژێر تەنگانەوە پەنا بۆ ئەو جۆرە هێرشانە دەبات. هێرشەکان بۆ سەر گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها گوشارەکان بۆ سەر ژنان و لەسێدارەدانی ڕۆژانەی گەلەکەمان، بۆ باروودۆخی ئاڵۆزی ئەم سیستەمە بێهیوایە لە ئێران دەگەڕێتەوە.

لە کاتژمێر ٨ و ٤٥ خولەکی بەیانی ڕۆژی ١٩ـی تەمووزی ٢٠٢٥ هێزەکانمان لە ناوچەی پێنجوێن لەلایەن درۆنە کامیکازییەکانی (خۆکوژ) دەوڵەتی ئێرانەوە کرانە ئامانج و بەهۆیەوە یەکێک لە هەڤاڵەکانمان بە ناوی سمکۆ کۆبانێ شەهید بوو.

سمکۆ کۆبانێ، کوڕی ڕاستەقینەی گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، لەگەڵ بەها وڵاتپارێزییەکانی ناوچەی هەورامان گەورە ببوو و هەرگیز لە حەقیقەتی گەلەکەی دوور نەکەوتەوە. ئەو بەردەوام و بوێرانە سەری خۆی لە دژی ئەو ڕژێمە داگیرکەرە کۆنەپەرستە بەرز راگرت. شەهدی سمکۆ تا دوا دڵۆپی خوێنی بێ دوودڵی بۆ ژیانێکی ئازاد تێکۆشا و بە بەردەوامی و تەواو وەخت لەناو خەبات و تێکۆشاندا بوو. لە داهاتوودا و لە بەیاننامەیەکی‌تردا زانیاری وردتر لەسەر ناسنامەی هەڤاڵەکەمان بۆ ڕای گشتیی دەخەینەڕوو.

دەوڵەتی ئێران لەم سەردەمە بێدەسەڵاتییەیدا، بەتایبەتی دوای هێرشەکانی ئیسرائیل کە ١٢ ڕۆژی خایاند، لەبری پەنا بۆ ڕێبازی دیموکراتیک و یەکگرتن لەگەڵ گەل، هێرشەکانی بۆ سەر گەل زیاتر دەکات. ڕۆژانە بارودۆخی ئاڵۆز دروست دەکات و ڕێگاکانی چارەسەرکردن دەگرێت، بەمەش قەیران و ئاژاوە زیاد دەکات.

ئێمە وەک هێزەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە بەرامبەر ئەم جۆرە هێرشانەدا بێ بەرگریی نامێنینەوە و تا کۆتایی لە چوارچێوەی مافی خۆپاراستندا، بەرگریی لە خۆمان دەکەین. بە هیچ شێوەیەک هێرش ناکەینە سەر هیچ کەسێک، بەڵکو هەمیشە بەرگریی لە خۆمان دەکەین و لە بەرامبەر هەر جۆرە هێرشێک بۆ سەر گەل و هێزەکانمان بێدەنگ نابین.

لە کۆتاییدا وەک یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی هەڤاڵی ئازیزمان سمکۆ کۆبانی و سەرجەم گەلی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەکەین. جارێکی دیکە بەڵێنی تۆڵە بە گەلەکەمان دەدەین و بە هیچ شێوەیەک خوێنی هەڤاڵەکەمان لەسەر زەوی بەجێناهێڵین.”

Live
Hide picture