سەرۆکی رۆحانی درووزیەکان: با دەروازەیەکی مرۆیی لە سویداوە بۆ رۆژئاوا بکرێتەوە


سەرۆکی رۆحانی موسڵمانانی دروز، رۆژی پێنجشەممە (١٧ی ژووئیە)، لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، وتی کە شاری سویدا لە باشووری سووریا «وێران» بووە و داوای کرد دەروازەیەکی مرۆییەکان لە سوەیداوە بەرەو ناوچەکانی خۆبەرێوەبەری دیموکراتیک لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا/رۆژئاوا بکرێتەوە.

ئەم داواکاریە لە دوای چەند رۆژ شەڕی توند لە نێوان هێزەکانی حکوومەتی ئینتقالی سووریا و گرووپە دروزییەکان دێت. لەم هێرشانەی حکوومەتی ئینتقالی و گرووپە ئیسلامگراکان بۆ سەر دروزییەکان تا ئێستا زیاتر لە ٣٠٠ کەس کوژراو و بریندار بوون.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: «لەم ساتەوەختە دژوارەدا، و دوای پاککردنەوەی سویدا لە تیرۆریستە چەپەڵەکان، شین و ماتەمی گشتی رادەگەیەنین و سڵاو بۆ گیانی شەهیدان دەنێرین.»

بەپێی راپۆرتێکی میدانی سەرچاوەکانی ئاژانسی «نۆرس‌پرێس»، سوپای حکوومەتی ئینتقالی سووریا ئەمشەو (پێنجشەممە) هاوکات لەگەڵ دەست پێکردنی ئاگربەست، کشانەوەی تەواوەتی خۆی لە سوەیدا دەست پێکردووە و بە کردەوە کۆنترۆڵی شارەکەی رادەستی گرووپە دروزییەکان کردووە.

سەرۆکی رۆحانیی گەلی دروزی، لە درێژەدا داوای کرد تیمە پزیشکیەکان بە پەلە خۆیان بگەیەنن شارەکە و گرووپگەلێک بۆ بەبەڵگەکردن و تۆمارکردنی پێشێلکاریەکانی مافەکانی مرۆڤ سەردانی شارەکە بکەن.

ئەو لە دێژەدا جەختی کردوەتەوە کە دەبێت رێگایەکی پەیوەندی لە نێوان سوەیدا و ناوچەکانی رێوەبەرایەتی خۆبەرێوەبەری دیموکراتیک لە رۆژئاوا دەست بەجێ بکرێتەوە.

هەروەها داوای لە پاشای ئۆردۆن، عەبدوڵڵای دووهەم، کردووە کە دەروازەی سنووری نێوان سوەیدا و ئۆردۆن بۆ یارمەتی مرۆیی و هاتووچۆی خەڵکی سیڤیل بکرێتەوە.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە: «لەم ساتەوەختە ئاوارتەیەدا، دەروازە مرۆییەکان رۆڵێکی گرنگ لە کەمکردنەوەی ئازاری خەڵکدا دەگێڕن. هیوادارین هەنگاوگەلی خێرا بۆ ئاسانکاری هاتوچۆ و یارمەتیە مرۆییەکان هەڵبگیرێن.»

Live
Hide picture