ئيلهام ئەحمەد: لە پەیوەندی راستەوخۆ لەگەڵ تورکیاداین؛ دانووستانەکان لەگەڵ دیمەشق بەردەوامە

ئيلهام ئەحمەد، هاوسەرۆكى لێژنەى پەيوەندييەكانى دەرەوەى ئیدارەی خۆبەرێوەبەرىی ديموكراتيكى باكوور و رۆژهەڵاتى سوريا/رۆژئاوا، لە گفتوگۆيەكدا لەگەڵ بەشی تورکیی بى بى سى جەختى كردەوە كە گفتوگۆكان لەگەڵ حكوومەتى ناوەندىی سووريا بۆ يەكخستنى هێزەكانى سورياى ديموكراتيك (هـ.س.د) بەردەوامە و بە پێچەوانەى راپۆرتە بڵاوكراوەكان، ئەم گفتوگۆيانە بە بن‌بەست نەگەيشتوون.

هەروەها بۆ يەكەمجار پشتراستی کردەوە كە نێوان ئیدارەی خۆبەرێوەبەرى و حكومەتى توركيا، كەناڵێكى پەيوەنديى راستەوخۆ و كراوە هەيە.

ئەم گفتوگۆيە تەنها چەند رۆژێك دواى دەستپێكردنى پرۆسەى نوێى ئاشتى لە توركيا و مەراسيمى سەمبۆليكى لەناوبردنى چەكەكانى هەندێك لە گەريلاكانى پارتى كرێكارانى كوردستان (پ.ك.ك) ئەنجام درا؛ پرۆسەيەك كە ئيلهام ئەحمەد بە ئەرێنى داناوە و هيواى خواستووە «ئەم هەنگاوانە بە هەنگاوی هاوشێوە لەلایەن دوڵەتەوە وڵام بدرێتەوە بۆ ئەوەی بە قازانجی گەلى كورد و تەواوى هەرێمەكە تەواو بێت.»

 

گفتوگۆ لەگەڵ ئەنقەرە: لە بێدەنگيى سەربازییەوە تا پێوەنديى راستەوخۆ

ئيلهام ئەحمەد لە بەشێك لەم چاوپێكەوتنەدا، بۆ يەكەمجار دانی بە پەيوەندييەكى راستەوخۆ لە نێوان ئەنقەرە و ئیدارەی خۆسەردا نا. ئەو وتى: «لە نێوان ئێمە و حكومەتى توركيا، كەناڵێكى پەيوەنديى كراوە هەيە. لەم كەناڵەدا، دەربارەى باكوور و رۆژهەڵاتى سوريا، پرسی کوردان، داھاتووى سياسى سوريا و هەروەها نيگەرانييەكانى توركيا گفتوگۆ دەكرێت. بەڵام ئەم كەناڵە لە ئێستادا زياتر جەشنێکە لە هەماهەنگی”.

هەروەها پێشوازی لە سەقامگیری رێژەیی ناوچەكانى ژێر كۆنترۆڵى ئیدارەی خۆبەرێوەبەرى ديموكراتيكی كرد، بەڵام وتی: «بۆ چارەسەركردنى ریشەیی كێشەكان، پێويستمان بە هەماهەنگى و گفتوگۆى زياتر لەگەڵ توركيا هەيە؛ بەتايبەتى دەربارەى ئامادەيى سەربازيى توركيا لە ناو خاکى سوريا و ئەو بابەتە ئەمنييانەی جیگای نيگەرانى هەردوو لايەنەن.»

ئەحمەد جەختى كردەوە كە ئەگەر توركيا بانگهێشتی بکات، «بە بێ هيچ دوودڵييەك» سەردانى ئەنقەرە دەكات.

 

«لە سوريا بابەتی چەکداماڵین لە گۆڕێدا نییە؛ يەكخستن لە ناو پێکهاتەی دەوڵەتدا ئامانجى ئێمەيە»

لە كاتێكدا كە توركيا داواى چەکداماڵینی يەكينەكانى پاراستنى گەل (ي.پ.گ) و هێزەكانى هـ.س.د دەكات، ئيلهام ئەحمەد وتى كە دۆخى سوريا لەگەڵ توركيا جياوازە.

ئەو گوتی: «ئێمە لە كۆمەڵگەى سوريادا رۆڵ و شوێنێكى تايبەتمان هەيە. تێكۆشانمان دژ بە داعش تایبەتمەنديى خۆى هەيە و مەترسی داعش هێشتا بەردەوامە. لەم رووەوە، ئەوەى بۆ ئێمە گرنگە، يەكخستنى هێزەکانمان لەناو پێکهاتەی دەوڵەتى سوريادايە، نەك چەکدانان.»

ئەو هەروەها وتی كە نەبوونى دەستوورێكى هەميشەيى، ناسەقامگيريى ئەمنى و نەبوونى هیزێکی سەربازيى يەكگرتوو لە سوريا، هۆكارێكى ديكەيە بۆ بەردەوامبوونى ئەم باروودۆخەی ئێستا. ئەو جەختى كردەوە: «هـ.س.د دەتوانێت ببێتە بەشێكى كارا لە سوپاى نيشتميانى سوريا و رۆڵێكى بنەڕەتى لە دابينكردنى ئەمن و سەقامگيريدا بگێرێت.»

 

گفتوگۆكان لەگەڵ دیمەشق؛ لە رێككەوتننامەى ٨ خاڵييەوە تا ئەو ناکۆکییانەی کە سرووشتین

ئيلهام ئەحمەد لە وەڵامی ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە هەرەس هێنانى گفتوگۆكان لەگەڵ دمەشق دەکەن، وتى: «گفتوگۆكان نەوەستاون. ئێمە لە ١٠ى مارس رێككەوتننامەيەكى ٨ خاڵيمان لەگەڵ حكومەتى سوريا واژۆ كرد كە ئامانجى يەكخستنى هێزەكانى هـ.س.د لە سوپاى سوريا و دروستكردنى پەيوەندی لە نێوان ناوچەكانى خۆبەرێوەبەر و حكومەتى ناوەندييە.

لە چوارچێوەى ئەم رێككەوتنەدا، رۆژى ٩ى ژووئیە لە دمەشق كۆبوونەوەيەك لە نێوان هەردوو لايەندا ئەنجام درا.»

ئەو وێرای رەد کردنەوەی شكستى گفتوگۆكان، ئاماژەى دا: «لە هەر گفتوگۆيەكدا، ناکۆکی دەبێت و ئەمانە سروشتین. ئێمە سوورييەكان لەمێژساڵە لەگەڵ يەكتر گفتوگۆمان نەكردووە و ئەم پرۆسەیە پێويستى بە سەبر و تێگەيشتنى هاوبەش هەيە.»

هەروەها جەختى كردەوە كە دەربارەى بابەتە گرینگەکانی وەكوو يەكپارچەيى خاکى سوريا و يەكگرتوويى حكومەت، رێككەوتن هەيە، بەڵام بۆ گەيشتن بە رێککەوتن لەسەر وردەكارييەكان، گفتوگۆى چڕتر پێويستە.

 

سەبارەت بە مۆدێلى يەكخستن چى دەڵێت؟

ئيلهام ئەحمەد لە وەڵامی ئەو پرسيارەدا كە مۆدێلى پێشنیاركراوى ئیدارەی خۆبەرێوەبەر بۆ رێککەوتن لەگەڵ پێکهاتەی دەوڵەتى سوريادا چييە، گوتى: «ئێمە هەرگيز بەدواى ئەوە نەبووین کە جێگای دەوڵت بگرینەوە. داواى ئێمە يەكخستنێكى راستەقينە لە سوپا و دامەزراوەكانى وڵاتدایە، بەڵام ئەمە دەبێ چوارچێوەيەكى ديموكراتيكی هەبێت.

باوەرمان وايە كە پێويستە مۆدێلى حكومڕانيى لامەرکەزی بەهێز بكرێت؛ مۆدێلێك كە تێيدا دەسەڵات تەنها لە دەست وەزارەتە ناوەندييەكاندا نەبێت و ناوچە جیاوازەکان، بەشدارييەكى راستەقينەیان لە بڕياردان و بەڕێوەبردنى كاروبارەكانى خۆياندا هەبێت.»

هەروەها زيادى كرد كە ئەم مۆدێلە، «پێكەوەژيانى هاوبەش» مومكين دەكات و مافەكانى ژنان و كەمينەكان دەپارێزێت.

 

وەڵامدانەوەى رەخنەکەی ئەمريكا: ئێمە بەپەلەین، نەک واشینگتۆن

لە دواى كۆبوونەوەکەی دمەشق، تام باراك، نوێنەرى تایبەتى ئەمريكا لە كارووبارى سوريا، وتبووى كە واشنتن پشتيوانيى لە دامەزراندنى دەوڵەتێكى سەربەخۆى كوردى ناكات و ئەگەر لايەنەكان نەتوانن رێككەون، «ئەمريكا چیتر لە رۆڵى نێوەندگيريى بەردەوام نابێت.»

ئيلهام ئەحمەد لە وەڵامی ئەو قسانەدا وتى: «ئەمە يەكەمجارە كە حكومەتى ئەمريكا بە رۆڵی نێوەندگیرەوە دێتە ناو پرسی سووریاوە. هەوڵەكانى ئەمريكا و فەرەنسا شايانى دەستخۆشين. بەڵام با راشکاوانە بڵێم، ئێمە سورييەكان لەوان زياتر بەپەلەین. گەلەكەمان ماندووە؛ بە دەست شەڕ، ئاوارەيى و داهاتوویەکی ناروونەوە.»

ئەو جەختى كردەوە كە پێويستە لە پەيوەنديیەکی بەردەوامدا بن لەگەڵ نوێنەرى ئەمريكا بۆ ئەوەی رێگە لە تێگەیشتنی هەڵە بگیردرێت.

 

«داواى حكومڕانيى لامەرکەزی دەكەين»

لە وەڵامی ئەم پرسيارە كە ئايا ئیدارەی خۆبەرێوەبەر بەدواى دامەزراندنى دەوڵەتێكى سەربەخۆى كوردييەوەیە، ئيلهام ئەحمەد وتى: «مۆدێلى نەتەوە–دەوڵەت چیدی وەڵامدەرەوە نيیه. دنیا بەرەو پێکهاتەگەلی باشتر و پێشکەوتووتر دەچێت كە تێيدا مافەكانى كولتورى، سياسى، ئابوورى و كۆمەڵايەتى هەموو نەتەوە و كولتورەكان پارێزراو بن. ئەوەى ئێمە پێشنیاری دەكەين، درووستکردنی سيستەمێكى لامەرکەزی لە چوارچێوەى يەكپارچەيى خاکى سوريادايە.»

ئەو لە كۆتاييدا وتى كە ئەوەى ئەوان داوای دەکەن، «سيستەمێكە لەسەر بنەماى خۆبەرێوەبەرى ناوچەیی» كە تێيدا هەموو كۆمەڵگەكانى هەرێمەكە نوێنەریان هەبێت و بتوانن بەشدارييەكى راستەقينە لە بڕيارداندا بکەن.

Live
Hide picture