
بەرپرسانی باڵای پۆلیسی بەریتانیا هۆشدارییان داوە کە هەوڵە دوژمنکارییەکانی ئێران، ڕووسیا و چین زیادی کردووە و ئەمە ژیانی دانیشتووانی ئەو وڵاتە دەخاتە مەترسییەوە. لە نێو ئەم هەوڵانەدا، ئاماژە بە دزین و تەنانەت هەوڵ بۆ کوشتنی دژبەران کراوە.
ویکی ئیڤانز، هەماهەنگکەری باڵای نیشتمانی لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزمدا، دەڵێت کە ئێران، لەگەڵ ڕووسیا و چین، بە شێوەیەکی بەرچاو گەنجان و کەسانی بێدەرەتان بۆ پیلانە ئەمنییەکانی خۆیان بەکار دێنن. بە وتەی ئەو، زۆربەی ئەم کەسانە لە ژینگەی ئۆنلاین و بە بەڵێنی پارەیەکی کەم راکێشراون. بە گوتەی ئەو، هاوکاری ئەم کەسانە لەگەڵ دەزگا هەواڵگرییەکانی ئێران سیاسی و ئایدیۆلۆژیک نییە. ئەو وتی: «ئەم کەسانە زۆربەی کات نازانن کە خەریکن ئەجیندای دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان جێبەجێ دەکەن.»
بە گوتەی پۆلیس، ئێران بە تایبەتی خەریکی دیزاین و جیبەجێکردنی ئەو پیلانانەیە کە دژبەرانی خۆی کە بە ” مەترسی ئەمنی”یان دەزانێت، ئامانج دەگرن. پۆلیسی بەریتانیا دەڵێت لە کانوونی دووەمی ٢٠٢٢ەوە، دەزگای هەواڵگری ناوخۆیی بەریتانیا (MI5) بەلانی کەمەوە ٢٠ پیلانی ئێران بۆ دزین یان کوشتنی دژبەرانی لە خاکی بەریتانیا پووچەڵکردۆتەوە.
پەرلەمانی بەریتانیاش هەفتەی رابردوو راپۆرتێکی توندی سەبارەت بە «چالاکییە مەترسیدارەکانی ئێران لە خاکی بەریتانیا» دەرکرد. لەو راپۆرتەدا، ئێران بە هەڕەشە، ترساندن و هەوڵی کوشتنی ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی دژبەری خۆی تۆمەتبار کراوە.
ڕاپۆرتە هەواڵگرییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ئێران هەوڵ دەدات لە ڕێگەی تۆڕە نیابەتییەکانەوە، ئاسایشی ناوخۆیی بەریتانیا لاواز بکات.
ئێران بە بەردەوامی ئەم تۆمەتانەی بە «بێبنەما و سیاسی» ناو بردووە و رەتی کردوونەتەوە. لەگەڵ ئەمەشدا، بەرپرسانی بەریتانیا دەڵێن کە بەڵگەکان ئاماژە بە زیادبوونی هەوڵەکانی ئێران بۆ جێبەجێکردنی پیلانەکانی دژ بە نەیارانی لە خاکی بەریتانیادا دەکەن.
بەرپرسانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆریزم داوای هۆشیاری گشتی و هەماهەنگی داموودەزگاکانی دەوڵەت دەکەن بۆ ئەوەی رێ لەوە بگیرێ کە گەنجان و کەسانی بێدەرەتان لە لایەن دەوڵەتانی بیانییەوە بەکار بهێندرێن.
