
بەپێی ڕاپۆرتی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، چارەنووسی شەش هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی حەسەن شاداب، کاوە خاکینەهاد، مەحموود قادری، مەنسوور فەڕاش، جەمال حسەیننژاد و شوانە شێربەیگی کە لە ڕۆژانی ١٦ و ١٨ی پووشپەڕ(٧ و ٩ی جولایی) لە شارەکانی شنۆ و بۆکان دەستبەسەر کراون، تا ئێستا نادیارە.
ڕۆژی چوارشەممە ١٨ی پووشپەڕ، مەحموود قادری و مەنسوور فەڕاش، خەڵکی گوندی «سەرگێز»ی شنۆ، لە ماڵەکانی خۆیاندا لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات دەستبەسەر کراون.
هەر هەمان ڕۆژ، کاوە خاکینەهاد، هاووڵاتییەکی دیکەی شنۆ، لە ماڵەکەی خۆیدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە.
دوو ڕۆژ پێشتر، لە ١٦ی پووشپەڕ، جەمال حسەیننژاد، خەڵکی گوندی «سەرگێز»، و حەسەن شاداب، خەڵکی شنۆ، لە لایەن هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات دەستبەسەر کران.
هەر لەو ڕۆژەدا، شوانە شێربەیگی، خەڵکی بۆکان، لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعات لەم شارەدا دەستبەسەر کراوە.
لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەست لە نیوان ئیسرائیل و ئێران، نزیک بە ٣٠٠ هاووڵاتی و چالاکوانی کورد لە پارێزگاکانی ئیلام، ئازەربایجانی ڕۆژئاوا، کوردستان و کرماشان دەستبەسەر کراون. بەپێی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان، زۆربەی ئەم کەسانە بەبێ مافی دیدار لەگەڵ بنەماڵە و پارێزەر لە دەستبەسەرگەکانی شارەکانی ئیلام، کرماشان، سنە و ورمێ ڕاگیراون.
ڕۆژی ٢٥ی ژوئەنیش، سێ زیندانیی سیاسیی کورد بە ناوەکانی ئیدریس ئالی، ئازاد شوجاعی (خەڵکی سەردەشت) و ڕەسووڵ ئەحمەد ڕەسووڵ (خەڵکی قەڵادزێی هەرێمی کوردستان) لە زیندانی ورمێ بە تۆمەتی “جاسووسی بۆ ئیسرائیل” بەبێ ئەوەی مافی دیدارێکی کۆتایی لەگەڵ بنەماڵەکانیان پێ بدرێت بە شێوەیەکی نهێنی لە سێدارە دران.
هەروەها پەنج زیندانیی سیاسی کورد بە ناوەکانی عەلی (سۆران) قاسمی، پێژمان سوڵتانی، کاوە ساڵحی، رزگار بەیگزادەی بابامیری و تەیفوور سەلیمی بابامیری کە لە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”دا بەشدار بوون، لە لایەن دادگای ئینقلابی ورمێ بە کۆی گشتی ١٢ جار لەسێدارەدان و سزای زیندانی درێژخایەنیان بەسەردا سەپێنرا.
رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ، ئەم شەپۆلە تازەیە لە سەرکوتیان لە لایەن کۆماری ئیسلامییەوە مەحکووم کردووە.
