
کۆمسیۆنی هەواڵگری و ئاسایشی پەرلەمانی بەریتانیا (ISC) لە راپۆرتێکدا هۆشداری داوە کە مەترسییەکانی ئێران بەرامبەر دژبەرانی حکوومەت لە خاکی بەریتانیا، لەوانە پیلانی تیرۆرکردن، بەرفراوانتر بووەتەوە.ئەم راپۆرتە کە ئەمڕۆ (١٠ی ژووئیە) بڵاوکرایەوە، تیشک دەخاتە سەر هەوڵەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ ترساندن و تۆقاندنی دژبەرانی ئێرانی لە بەریتانیا. راپۆرتەکە بەتایبەت باس لە مەترسییەکان بۆ سەر رۆژنامەنووسان دەکات.
کوان جۆنز، سەرۆکی کۆمسیۆنەکە، ئێرانی بە “مەترسییەکی گەورە، بەردەوام و پێشبینینەکراو” شوپهاندووە و دەڵێ تاران “تاکتیکە هێرشبەرەکان”ی پەرە پێداوە.
بەپێی راپۆرتەکە، بەریتانیا دوای ئەمریکا و عەرەبستانی سعوودی، سێیەم ئامانجی سەرەکی هێرشە سایبەرییەکانی پەیوەندیدار بە ئێرانە. ئەم هێرشانە ژێرخانە گرنگەکانی وەک بەشی دارایی و دامەزراوەکانی وزەیان بە ئامانج گرتووە.
یەکێک لە شایەتحاڵەکان وتوویەتی کە سەرنجی زۆری حکوومەتی بەریتانیا بۆسەر پرۆگرامی ناوکیی ئێران، بووەتە هۆی ئەوەی ئەم مەترسییانە پشتگوێ بخرێن.
راپۆرتەکە لەسەر بنەمای ئەو بەڵگانە ئامادە کراوە کە تا ئابی ٢٠٢٣ کۆکراونەتەوە. هەر بۆیە، رووداوەکانی ئەم دواییەی وەک دەستبەسەرکردنی پێنج ئێرانی لە مایسی ٢٠٢٤ بە تۆمەتی پلاندانان بۆ هێرشی تیرۆریستی لە بەریتانیا، لەخۆنەگرتووە.
راپۆرتەکە ئاماژە بە رۆڵی سوپای پاسداران لە ئۆپەراسیۆنە هەواڵگرییەکاندا دەکات و دەڵێت ئەو کەسانەی لە چوارچێوەی “نفووزی دەرەکی” کار بۆ ئێران دەکەن، پێویستە چالاکییەکانیان بە فەرمی لە بەریتانیا تۆمار بکەن، دەنا بە زیندان سزا دەدرێن.
کۆمسیۆنەکە هەروەها رەخنەی لە دوودڵی حکوومەت بۆ نەخستنەناوی سوپای پاسداران لە لیستی گرووپە تیرۆریستییەکان گرتووە.
ISC جەخت لەوە دەکاتەوە کە کۆماری ئیسلامی بە کەڵکوەرگرتن لە شێوەگەلی ئاڵۆز و تۆڕە نیابەتییەکانی لە ناوچەکە، هەوڵی سەرەکی ئەوەیە کە خۆی بپارێزێت.
سەرۆکی MI5 وتوویە کە لە ساڵی ٢٠٢٢ەوە، بە لانی کەمەوە ٢٠ پیلانی مەترسیداری ئێرانمان لە بەریتانیا پووچەڵ کردۆتەوە.
راپۆرتەکە رەخنە لە سیاسەتی حکوومەتی بەریتانیا دەگرێت و دەڵێت ئەم سیاسەتانە دەستپێشخەر نەبوون و پێشیان بە کردەوەکانی کۆماری ئیسلامی نەگرتووە.
دان جارڤیس، وەزیری ئاسایش، لە وەڵامی راپۆرتەکەدا وتوویە: “ستراتیژی ئێران بریتییە لە دروستکردنی ترس و بێدەنگکردنی دەنگە دژبەرەکان”، و ئاماژەی بە ئامانجگرتنی دژبەران، رۆژنامەنووسان، و تەنانەت کەسایەتییە جوولەکە و ئیسرائیلییەکان لەسەر ئاستی جیهان کردووە.
کۆمسیۆنی پەرلەمانی هەروەها داوای ستراتیژییەکی گشتگیری بۆ رووبەڕووبوونەوەی مەترسییە بەردەوامەکانی کۆماری ئیسلامی کردووە.
لە وەڵامدا، باڵیۆزخانەی کۆماری ئیسلامی ئێران لە بەریتانیا ئەو تۆمەتانەی بە «بێبنەما، سیاسی و دژبەرانە» داناوە و بە توندی ڕەتی کردوونەتەوە.
لەم پەیوەندییەدا، دامەزراوە ئەمنییەکان لە سەرانسەری ئەوروپا لەم ساڵانەی دواییدا چەندین جار نیگەرانی خۆیان سەبارەت بە هەوڵەکانی ئێران بۆ چاودێریکردن، ترساندن، و تەنانەت تیرۆری دژبەرانی سیاسی لە خاکی وڵاتانی ئەوروپایی دەربڕیوە.
بە وتەی شارەزایان، ئەم کردەوانەی ئێران بەشێکن لە ستراتیژییەکی بەرفراوان کە ئامانجی کپکردنی دەنگی رەخنەگران لە دەرەوەی سنوورەکانی ئێران و دروستکردنی دۆخی ترس و نائارامییە لە ناو کۆچبەرانی ئێرانی لە دەرەوەی وڵات؛ ستراتیژییەک کە بە باوەڕی پسپۆران، نەک تەنیا ئاسایشی ناوخۆیی وڵاتانی ئەوروپایی دەخاتە مەترسییەوە، بەڵکو پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانیش لەگەڵ تاران ئاڵۆزتر دەکات.
