ئەمریکا سزای نوێی بەسەر تۆڕی فرۆشتنی نەوتی ئێراندا سەپاند

ئەمریکا ئەمڕۆ (٩ی ژووئیە) ژمارەیەک سزای بەسەر ٢٢ کۆمپانیا و دامەزراو لە هۆنگ کۆنگ، ئیماڕات و تورکیا ڕاگەیاند. وەزارەتی گەنجینەکانی ئەمریکا ئەم کۆمپانیایانەی بە یارمەتیدان بە فرۆشتنی نەوتی نایاسایی ئێران تۆمەتبار کردووە و بەم شێوەیە یارمەتی دارایی هێزی قودسی سوپای پاسدارانی کۆماری ئیسلامی ئێرانیان داوە.

ئەم وەزارەتە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەوەی خستۆتەڕوو کە ئامانجی ئەم سیزایانە تێکدانی تۆڕە داراییەکانی ئێرانە کە پاڵپشتی لە پڕۆگرامە سەربازییەکان و چالاکییەکانی گرووپە سەر بە تاران لە ناوچەکەدا دەکەن.

بە گوتەی بەرپرسانی ئەمریکی، هێزی قودس، کە لە لایەن واشنتۆنەوە وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بیانی ناسراوە، کۆمپانیا ساختەکان بۆ گواستنەوەی سەدان ملیۆن دۆلار قازانج لە فرۆشتنی نەوت بە مەبەستی دەورلێدانەوەی سزا نێودەوڵەتییەکان بەکار دەهێنێت.

سکۆت بێسنت، جێگری وەزیری گەنجینەکانی ئەمریکا بۆ کاروباری تیرۆریزم و زانیارییە داراییەکان، لە ڕاگەیەندراوێکدا وتی: “ڕژێمی ئێران بە خەستی پشت بە سیستەمی بانکی بن سێبەری خۆی دەبەستێت بۆ ئەوەی بودجەی پڕۆگرامە ناوکی و مووشەکییەکانی دابین بکات. ئەم پارانە بۆ بەرژەوەندی رێژیمە نەک بۆ بەرژەوەندی گەلی ئێران.”

بەپێی ڕاگەیەندراوی وەزارەتی گەنجینەکان، داهاتەکانی فرۆشتنی نەیاسایی نەوت بۆ گەشەپێدانی پڕۆگرامە سەربازییەکان، لەنێویاندا مووشەکە بالیستییەکان، و هەروەها پشتگیری گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ڕۆژهەڵاتی ناوین بەکاردەهێنرێن.

بەپێی ئەم سزا نوێیانە، سامانی کۆمپانیا بەئامانجگیراوەکان لە سنووری ئەمریکادا دەستیان بەسەردا دەگیردرێت و کەس و دامەزراوە ئەمریکییەکان لە هەر جۆرە مامەڵەیەک لەگەڵیان قەدەغە دەکرێن.

ئەم هەنگاوە وەک بەشێک لە هەوڵەکانی ئەمریکا بۆ گوشاری ئابووری زیاتر بۆ سەر تاران سەیر دەکرێت.بەرپرسانی ئەمریکی هۆشدارییان داوە کە ئەگەر ئێران لەسەر ئەم سیاسەتانەی بەردەوام بێت ئەوە سزای زیاتری بەسەردا دەسەپێنن.

ئەم سزایانە لە کاتێکدا ڕادەگەیەنرێن کە هەواڵەکان باس لە ئەگەری گفتوگۆی نوێ لە نێوان بەرپرسانی ئێرانی و ئەمریکی لە نۆرویژدا دەکەن.

Live
Hide picture