حەوت پارتی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان شەپۆلی نوێی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی شەرمەزار دەکەن

لە راگەیەندراوێکی هاوبەشدا، حەوت پارتی سیاسیی رۆژهەڵاتی کوردستان شەپۆلێکی نوێی سەرکوتی کۆماری ئیسلامی ئێران لە دژی خەڵکی کوردستان و سەرانسەری ئێرانیان بە توندی مەحکووم کردووە. ئەم شەپۆلەی سەرکوت، کە بە دەستبەسەرکردن، ئێعدام و پەروەندەسازییەکی بێبنەما لە دژی چالاکوانانی سیاسی و مەدەنی دەستپێکردووە، دوای ئاگربەسی شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل پەرەی سەندووە.

ئەم راگەیەندراوە ئەمڕۆ (٩ی ژوئیە)لە لایەن پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)، پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)، حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران، کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان، و کۆمەڵە-رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران واژوو کراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە: «لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئاگربەس لە شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، شەپۆلێکی نوێی سەرکوت لە دەستبەسەرکردن، ڕاودوونان و ئێعدام لە کوردستان و لە سەرانسەری ئێران لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەستی پێ کردووە.» ئەمەش بە هۆی هەڵبەستنی تۆمەتی ناڕەوا و پەروەندەسازی بۆ زیندانییانی سیاسی و پێداچوونەوە بە یاسای سێخوڕی لە پارلەمان و دەزگای قەزایی ڕێژیمدا بووە، کە «دۆخێکی مەترسیداری بۆ بەندکراوانی سیاسی و ڕەخنەگرانی حکوومەت» دروست کردووە.

بەپێی راگەیندراوەکە، ژمارەی دەستبەسەرکراوان لە هەزار کەس تێپەڕیوە، و ئێعدامەکان بەردەوامن و ڕوو لە هەڵکشانە. لەم چوارچێوەیەدا، «ئیدریس ئاڵی، ئازاد شوجاعی و ڕەسووڵ ئەحمەد، سێ کۆڵبەری کورد کە تۆمەتی بێبنەمای هاوکاریی ئیسڕائیل‌یان درابووە پاڵ، ئێعدام کران.» هەروەها، گیانی چەندین بەندکراوی دیکەی کورد، بەتایبەت ئەوانەی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ساڵی ١٤٠١دا دەستبەسەر کراون، لە ژێر مەترسی ئێعدامدایە.

پارتە کوردستانییەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە کۆماری ئیسلامی «هەرکات لە شەڕێکی دەرەکی یان پرسێکی نێودەوڵەتی شکستی خواردبێ، تۆڵە لە بزووتنەوەی مافخوازیی خەڵک لە نێوخۆی وڵات کردووەتەوە.» ئەوان هۆشداری دەدەن کە ئەگەر فشارە نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان بەرز نەبن، «دوور نیە کارەساتی کۆمەڵکوژیی زیندانییانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێراندا دووپات بێتەوە»، وەک ئەوەی لە ساڵی ١٣٦٧دا دوای ئاگربەسی شەڕی ئێران و عێراق ڕووی دا.

پارتەکان داوایان لە خاتوو مای ساتوو، ڕێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆیی لە ئێران، ناوەندە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ، و خەڵکی ئازادیخوازی جیهان کردووە کە «بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن دژی ئەم سیاسەتە نامرۆڤانەیە دەنگ هەڵبڕن» و ڕێگە نەدەن کۆماری ئیسلامی بەم شێوەیە «بکەوێتە گیانی تێکۆشەرانی مافخواز و ئازادیخواز.»

هەروەها، داوایان لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە ئێرانییەکان، ئێرانییانی ئازادیخواز، و کوردانی تاراوگە کردووە کە «بە کۆدەنگی و بە ئاکسیۆن و کۆبوونەوەکانی خۆیان دەنگی ناڕەزایەتی و بێزاریی خۆیان بەرامبەر بەو سیاسەتە سەرکوتگەرانەیە بەرز بکەنەوە.» ئەوان جەخت لەوە دەکەنەوە کە «هەستی هاوسۆزی و پشتیوانی لە زیندانییانی سیاسی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا زۆر بەهێزە» و ئەم ناڕەزایەتییە نێودەوڵەتییە دەتوانێ «ڕێخۆشکەر بێت بۆ حەرەکەتی سەرتاسەری و کوردستانی لە داهاتوودا.»

دەقی تەواوی ڕاگەیەندراوەکە بەمشێوەیە:

 بۆ ڕای گشتیی جیهانی

 لەگەڵ ڕاگەیاندنی ئاگربەس لە شەڕی دوازدە ڕۆژەی ئێران و ئیسرائیل، شەپۆلێکی نوێی سەرکوت لە دەستبەسەرکردن، ڕاودوونان و ئێعدام لە کوردستان و لە سەرانسەری ئێران لە لایەن ڕێژیمی کۆماری ئیسلامییەوە دەستی پێ کردوە. ناوەندە ئەمنییەتییەکانیش بە هەڵبەستنی تۆمەتی ناڕەوا و پەروەندەسازی بۆ زیندانییانی سیاسی و هەروەها پێداچوونەوە بە یاسای سێخوڕی لە پاڕلمان و دەزگای قەزایی ڕێژیمدا دۆخێکی مەترسیداریان بۆ بەندکراوانی سیاسی  ڕەخنەگرانی حکوومەت خوڵقاندوە. ڕاپۆرتەکانیش دەریدەخەن کە هەتا ئێستا  ژمارەی دەستبەسەرکراوان لە هەزار کەس تێپەڕیوە و ئێعدامی زیندانییانی سیاسی بەردەوام و ڕوو لە هەڵکشانە. هەر چەند ڕۆژ لەوە پێش بوو  ئیدریس ئاڵی، ئازاد شوجاعی و ڕەسووڵ ئەحمەد، سێ کۆڵبەری کورد کە تۆمەتی بی بنەمای  هاوکاریی ئیسڕائیل‌یان درابووە پاڵ، ئێعدام کران و هەر ئێستاش گیانی چەند  بەندکراوی دیکەی کوردی خەڵکی بۆکان کە سێ ساڵ پێش ئێستا لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا دەسبەسەر کران و حوکمی ئیعدامیان بەسەردا سەپاوە، لە مەترسی‌دایە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران لە ماوەی دەسەڵاتدارەتیی خۆیدا هەرکات لە شەڕێکی دەرەکی یان پرسێکی نێودەوڵەتی شکستی خواردبێ، تۆڵە لە بزووتنەوەی مافخوازیی خەڵک لە نێوخۆی وڵات کردووەتەوە و ئێستاش دەیەوێ تۆڵەی شکستەکانی لە شەڕی ئیسرائیل لە کۆمەڵگەی مەدەنی، بزووتنەوەی مافخوازیی گەلانی ئێران و زیندانییانی بێدیفاع بکاتەوە. بێگومان بێتوو کۆماری ئیسلامی هەست بە گوشار و کاردانەوەیەکی بەهێزی نێوخۆیی و دەرەکی نەکا، دوور نیە کارەساتی کۆمەڵکوژیی زیندانییانی سیاسی لە زیندانەکانی ئێراندا دووپات بێتەوە، وەک چۆن ساڵی ١٣٦٧ی هەتاوی دوای ملدانی ڕێژیم بۆ ئاگربەس لەگەڵ عێڕاق دوای هەشت ساڵ شەڕی بێ‌ئاکام لەگەڵ ئەو وڵاتە هەزاران زیندانیی سیاسیی لە نێوخۆی وڵاتدا کوشت.

ئێمە وێرای دەربڕینی ئەوپەڕی نیگەرانیی خۆمان لە مەڕ ئەو مەترسییانەی هەڕەشە لە هەڵسووڕاوانی سیاسی و مەدەنی و بەتایبەت لە گیانی زیندانییانی سیاسی دەکەن، داوا لە:

– خاتوو مای ساتوو، ڕێپۆرتێری تایبەتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری مرۆڤی لە ئێران

– ناوەندە نێونەتەوەییەکانی داکۆکی لە مافی مرۆڤ

– هەموو خەڵکی ئازادیخوازی جیهان

دەکەین بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن دژی ئەم سیاسەتە نامرۆڤانەیە دەنگ هەڵبڕن و ڕێگە نەدەن کۆماری ئیسلامی بەم شێوەیە بێ‌پەروا بکەوێتە گیانی تێکۆشەرانێک کە هیچ تاوانێکیان جگە لە مافویستی، ئازادیخوازی و خەبات بۆ باشترکردنی دۆخی ژیانیان و مافە سیاسی، مەدەنی و نەتەوایەتییەکانیان نەبووە.

داوا لە حیزب و ڕێکخراوە سیاسییە ئێرانییەکان، ڕێکخراوەکان، ئێرانییانی ئازادیخواز و کوردانی تاراوگە دەکەین کە بە کۆدەنگی و بە ئاکسیۆن و کۆبوونەوەکانی خۆیان دەنگی ناڕەزایەتی و بێزاریی خۆیان بەرامبەر بەو سیاسەتە سەرکوتگەرانەیە بەرز بکەنەوە. بێگومان هەستی هاوسۆزی و پشتیوانی لە زیندانییانی سیاسی لەنێو کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا زۆر بەهێزە و ئەو نارەزایەتییە جیهانییە ڕێخۆشکەر دەبێ بۆ حەرەکەتی سەرتاسەری و کوردستانی لە داهاتوودا و گوڕوتین‌بەخشینەوە بە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکان لە وڵاتدا.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان-پژاک

پارتی ئازادیی کوردستان – پاک

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران

سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران

کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان

کۆمەڵە- رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران.

١٨ی پوشپەری ١٤٠٤ هەتاوی بەرابەر بە ٩ی ژوئیە ٢٠٢٥ میلادی

Live
Hide picture