
سەرچاوەیەک بە رۆیتەرزی راگەیاندووە کە لە ئەنجامی هێرشە توندەکانی ئیسرائیل نیوەی مووشەکە مامناوەند و دوورمەوداکانی حیزبوڵڵا لەناوچوون، هەربۆیە ئەم گرووپە بیر لەوە دەکاتەوە کە کۆگا سەربازییەکانی، بە تایبەتی لە بواری مووشەک و درۆندا، کەم کاتەوە.
گوشارە داراییەکان، لەوانە خەرجکردنی زیاتر لە ٥٠ ملیۆن دۆلار بۆ خێزانە زیانلێکەوتووەکان و بەربەست بۆ گواستنەوەی پارە لە ئێرانەوە، رۆڵێکی گرنگیان لەم بڕیارەی حیزبوڵڵادا هەبووە.
لە لایەکی دیکەوە، ئەمریکا بە خستنەرووی نەخشەرێگایەک داوای چەکدانانی حیزبوڵڵا کردووە. بە گوێرەی سەرچاوەکان ئەمریکا تاکوو مانگی تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ دەرفەتی بە دەوڵەتی لوبنان داوە تاکوو حیزبوڵڵا لە چەکەکانی دابماڵێ.
حیزبوڵڵا ئامادەیی خۆی بۆ کەمکردنەوەی چەکەکانی راگەیاندووە، بەڵام بە مەرجێک کە ئیسرائیل هەموو هێزەکانی لە باشووری لوبنان بکشێنێتەوە و هێرشەکانی رابگرێ.
