هەواڵ

ئۆپەڕاسیۆنی پۆلیسی ئەڵمانیا لە دژی ناوەندە ئیسلامییەکانی سەر بە ئێران

وەزارەتی ناوخۆی دەوڵەتی فێدێڕاڵی ئەڵمانیا ڕایگەیاند کە ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی نۆڤەمبر (٢٥ی خەزەڵوەر)، پۆلیسی ئەو ولاتە لە ئۆپەراسیۆنێکدا هێرشی کردووەتەوە سەر "ناوەندی ئیسلامیی هامبورگ" و پێنج گرووپی پەیوەندی‌دار بەو ناوەندە کە سەرجەمیان سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن.

دەگوترێت ناوەندی ئیسلامیی هامبورگ لە سێ دەیەی ڕابردوودا لە ژێر چاودێریی دەزگای پاراستن و تەناهی ناوخۆیی ئەڵمانیادا بووە.

بە گوتەی وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا ئەو ئۆپەڕاسیۆنە لە هەر یەکە لە هەرێمەکانی "هامبورگ، نیدێرزاکسن، هێسێن، بێرلین، بادن ڤوتێنبێرگ و نۆردراین‌ڤێستفاڵێن" بە شێوەی هاوکات بەڕێوەچووە.

بەڵام دەگوترێت کە هیچ کەس لەم پەیوەندییەدا دەستبەسەر نەکراوە و پۆلیس تەنیا لەو شێونانەی کە لە پێشترەوە دەس‌نیشانی کردبوون، پشکنینی ئەنجام داوە.

وەزارەتی ناوخۆی ئەڵمانیا لە ڕاگەیەندراوەکەیدا هۆکاری ئەو ئۆپەڕاسیۆنەی بۆ سەر ناوەندی ئیسلامیی هامبورگ و گرووپە پەیوەندیدارەکانی بۆ ئەوە گەڕاندۆتەوە کە گوایە "پەیوەندیی گوماناواییان" لەگەڵ حەماس، حیزبولڵا و گرووپە شێعەکانی سەر بە ئێران هەبووە.

ناوەندی ئیسلامیی هامبورگ کە لەسەردەمی ڕژیمی دیکتاتۆری پێشووی ئێران بونیاد نراوە، تۆمەتگەلێکی وەک "سیخوڕی بۆ ئێران" و "پەرەپێدانی بیری دژی جولەکە" و هەروەها "هەناردەی شۆڕشی ئیسلامی".

نانسی فرازێر، وەزیری ناوخۆی ئەڵمانیا لەو بووارەوە بە ڕاگەیاندنەکانی گوتووە: "لە کاتێکدا کە ژمارەیەکی زۆر لە جولەکەکانی وڵاتەکەمان هەست بە مەترسی لەسەر خۆیان دەکەن، ئێمە درێژە بە چاودێری‌کردنی ناوەندە ئیسلامییەکان دەدەین."

ئەو لە درێژەدا گوتوویەتی کە وڵاتەکەی "نە زێهنییەتی دژی جولەکە قەبووڵ دەکات و نە توندئاژوویی ئیسلامی".

لە سەردەمی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیشدا هاوڵاتیانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە چەندین خۆپیشاندان‌دا داوایان لە حکومەتی ئەڵمانیا کرد کە چالاکییەکانی ناوەندی ئیسلامی هامبورگ ڕابگرێت.

هەر یەکە لە وڵاتانی ئێران، تورکیا، عەرەبستانی سعودی و قەتەر لە ڕێگای درووستکردنی مزگەوت و هەناردەی زێهنییەت و بیرکردنەوەی خۆیان بۆ سەر موسوڵمانانی ئەورووپا ڕکابەریی یەکتر دەکەن.

ئەو ناوەندە ئیسلامییانە دژی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کوردن و لە سەردەمی هێرش بۆ سەر کورداندا پاڵپشتی کە داگیرکاران دەکەن.

هەڵبەتە دیپڵۆماسی مزگەوت لە نێوان وڵاتانی ئیسلامی تەنیا لە ئەوروپا قەتیس نەبووەتەوە و لە ئێستادا هەر یەک لەو وڵاتانە لە ئەفریقا، باڵکان، باکوور و باشووری ئامریکا و ئاسیاش لە ڕکابەری‌دان.

بڕۆ بۆ دوگمەی سەرەوە