
یەکێتی ئەوروپا سزاكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بۆ سەر فرانچێسکا ئاڵبانێز، رێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەكانی مرۆڤ لە ناوچە داگیرکراوەکانی فەلەستین، مەحکووم کرد و جەختی لە پێویستی پاراستنی سەربەخۆیی ئەرکەکانی نەتەوە یەكگرتووەکان کردەوە.
ئەنوار ئەلعەنونی، گوتەبێژی یەکێتی ئەوروپا، رۆژی پێنجشەممە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بروکسێل، “نیگەرانی قووڵ”ی خۆی سەبارەت بەم بڕیارە ئەمریکا دەربڕی و وتی کە یەکێتی ئەوروپا لە پشتگیری لێکۆڵینەوە سەربەخۆکان سەبارەت بە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ بەردەوام دەبێت. ئەو وتیشی: «ئێمە پشتگیری تەواو لە سیستەمی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان و سەربەخۆیی رێپۆرتێرانی تایبەت دەکەین.»
ئەم هەڵوێستە لە دوای بڕیاری وەزارەتی گەنجینەکانی ئەمریكا بۆ سەپاندنی سزا بەرامبەر بە خاتوو ئاڵبانێز، دێت؛ ئەمریكا ئەم هەنگاوەی بە وەڵامێک بۆ “لایەنگری ئاشکرا و بەردەوامی” ئەم راپۆرتێرە لە دژی ئیسرائیل ناو بردووە.
خاتوو ئاڵبانێز، لە راپۆرتی ئەم دواییە خۆیدا ئاماژەی بە کۆمپانیاکانی وەک مایکروسۆفت، ئاڵفابێت، ئامازۆن و پالانتیر کردووە و تۆمەتی بەشداری لە ئاسانکاری بۆ داگیرکاری ئیسرائیلی داوەتە پاڵیان. ئەو لەم راپۆرتەدا ئاماژەی بە رۆڵی ئەم کۆمپانیایانە لە دابینکردنی ژێرخانی تەکنەلۆژی و چاودێری بۆ سوپای ئیسرائیل لە خاکە داگیرکراوەکانی فەلەستیندا کردووە.
بەلجیكاش لە وەڵامێکی جیاوازدا پشتگیری لە هەڵوێستی یەکێتی ئەوروپا کردووە و سزاکانی ئەمریکای بە “هێرشێک بۆ سەر سەربەخۆیی نەتەوە یەكگرتووەكان” ناو بردووە.
ماکسیم پریفۆ، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی بەلجیكا، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی: «بەلجیكا هەمیشە پشتگیری لە سەربەخۆیی میکانیزمەکانی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان دەکات و دژی هەر هەوڵێکە بۆ ترساندنی ئەندامانی تایبەتی ئەم دامەزراوەیە.»
رەخنەگرانی سزاکان، لەنێویاندا ژمارەیەک رێکخراوی مافەکانی مرۆڤ، ئەمە بە هەوڵێک بۆ کپکردنی دەنگی رەخنەگران و لاوازکردنی چاودێری نێودەوڵەتی بەرامبەر بە کردەوەکانی ئیسرائیل لە خاکی فەلەستین دادەنێن.
فرانچێسکا ئاڵبانێز لە ئۆکتۆبەری ٢٠٢٢ەوە ئەرکی رێپۆرتێری تایبەتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە خاکە داگیرکراوەکانی فەلەستینی پێسپێردراوە. ئەو پێشتریش چەندین جار سەبارەت بە دۆخی هاووڵاتیانی مەدەنی لە غەزە هوشداری دابوو.
بەپێی راپۆرتی رێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، لە سەرەتای شەڕی ٧ی ئۆکتۆبەری ٢٠٢٣ەوە تا ئێستا، زیاتر لە ٥٧ هەزار فەلەستینی – کە زۆرینەیان ژن و منداڵن – لە هێرشەکانی ئیسرائیلدا کوژراون.
ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەهۆی پشتگیری لە ئیسرائیل، روبەڕووی رەخنەی دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی بووەتەوە.
