
ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی یەکینەکانی پاراستنی گەل، یەپەگە، ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە شەڕڤانێکی ئەنتەرناسیۆناڵیستی ئەو یەکینانە بەناوی ڕەسووڵ توودە ناسراو بە فوئاد مستەفا سوڵتانی لە کاتی وەرگرتنی چارەسەریی پزیشکی شەهید بووە.
بەپێی ڕاگەیەندراوی یەپەگە، شەهید فواد کە لە شەڕی داعشدا بریندار بووبوو و بە مەبەستی چارەسەریی پزیشکی ڕەوانەی شاری سلێمانی لە باشووری کوردستان کرابوو، ڕۆژی ٩ی ئەم مانگە پەیوەستی کاروانی شەهیدان بووە.
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەی یەپەگەدا هاتووە، شەهید ڕەسووڵ توودە، ناسراو بە فواد مستەفا سوڵتانی، ساڵی ۱۹۸۸ لە شاری نەیریز سەر بە پارێزگای شیراز لە باشووری ئێران لەدایک بووە. ئەو لە هەرەتی گەنجیدا لەلایەن ڕژیمی ئێرانەوە دەستبەسەر کراوە و بۆ ماوەی سێ ساڵ زیندانی کراوە.
شەهید فواد دواتر و لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٢ هەتا ٢٠٠٧ لە ڕیزی بزووتنەوە چەپگرەکانی گەلی بەلووچدا تێکۆشانی کردووە. ئەو دواتر بزووتنەوەی ئازادیخوازیی کوردستانی ناسیوە و ساڵێ ۲٠۱٥ چووەتە نێو ڕیزەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان و ساڵی ۲٠۱۸ ڕووی لە ڕۆژئاوای کوردستان کردووە.
یەپەکە لە درێژەی بەیاننامەکەدا، شەهید فوئادی بە هێمای کەسایەتیەکی شۆرشگێر، فەداکار و هەڤاڵدۆست ناساندووە.
لە کۆتاییدا بەیاننامەکەدا، یەپەگە سەرەخۆشی لە بنەماڵە و هەموو خەڵکی ئازادیخواز کردووە و بەڵێنی داوە کە تا گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکانی ئەو، کە وەدیهێنانی نەتەوەی دیموکراتیک بوو، دەست لە تێکۆشان هەڵنەگرن.
