
ڕۆژنامە نێودەوڵەتییەکان ئەمڕۆ پەرژاونەتە سەر گۆڕانکارییەکانی ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست؛ لە ڕەخنەکان لە نێردەی تایبەتی ئەمریکا لە لوبنانەوە بگرە تا هەوڵەکانی واشینگتۆن بۆ لێکۆڵینەوە لە داهاتووی غەزە لەدوای شەڕ، و جووڵەکانی سێ وڵاتی ئەورووپی بۆ گەڕاندنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران.
لوبنان؛ ناکۆکی لەسەر چەکدانانی حیزبوڵڵا.
ڕۆژنامەی “نەشناڵ”ی چاپی ئەمارات ڕەخنەی توندی لە هەڵسووکەوتی تام باراک، نێردەی تایبەتی ئەمریکا، لە بەیروت گرتووە. باڕاک لە کۆبوونەوەیەکی رۆژنامەوانیدا لەگەڵ رۆژنامەنووسان پێکهەڵپڕژانەوە؛ بابەتێک کە بە گوتەی ئەم ڕۆژنامەیە، پەیامی سەرەکیی باڕاکی سەبارەت بە داهاتووی لوبنان خستە پەڕاوێزەوە.
باراک پێشتر لە کۆشکی سەرۆکایەتی لوبنان وتبووی واشینگتۆن ئامادەیە لە بەرامبەردا چەکدانانی حیزبوڵڵادا، هاندەری ئابووری پێشکەش بکات؛ یەکێک لەمانە دامەزراندنی “ناوچەیەکی ئابووری” لە باشووری لوبنانە. باراک هاوکات هۆشداری دا کە پشتگوێ خستنی دەیان هەزار ئەندامی حیزبوڵڵا کە بۆ بژێوی ژیانیان گرێدراوی یارمەتییەکانی ئێرانن، دەتوانێت پشێوی زیاتر لە لوبنان بنێتەوە.
“نەشناڵ” لە سەرنووسینی خۆیدا جەختی کردۆتەوە کە پلانی داهاتووی حکوومەتی لوبنان دەبێت جێگرەوەیەکی کارا بۆ “حکوومەت لە ناو حکوومەت”ی حیزبوڵڵا پێشکەش بکات. لە هەمان کاتدا، دەڵێت لە جیاتی گرێدراوی بە هێزی دەرەکییەوە، دەبێت دەوڵەتی لوبنان پشت بە سوپایەکی بەهێز نەتەوەیی ببەستێت. ئەم ڕۆژنامەیە ئەوەشی وەبیرهێناوەتەوەکە وەستاندنی هێرشییەکانی ئیسرائیل و پاشەکشەی لە باشووری لوبنان، پێشمەرجی هەرچەشنە رێگاچارەیەکی جێگیر و بەردەوامە.
کۆبوونەوەی ترەمپ سەبارەت بە داهاتووی غەزە
ڕۆژنامەی “نیویۆرک تایمز” راپۆرتی داوە کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، خەریکە ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەیەک سەبارەت بە دوارۆژی غەزە لە “دوای شەڕ” دەکات. بە گوێرەی ئەم ڕۆژنامەیە، ئەمریکا و ئیسرائیل داوای ریکەوتنێکی هەمەلایەنە دەکەن کە هەم کۆتایی بە شەڕ بهێنێت و هەمیش هەموو بارمتە ئیسرائیلییەکان ئازاد بکات.
ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ترەمپ بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست وتوویەتی: “هیچ رێککەوتنێکی بچووک روونادات؛ ئەم کێشەیە تا کۆتایی ساڵ بە شێوەیەک کۆتایی پێدێت.” هاوکات، بنەماڵە بارمتەگیراوانی ئیسرائیلی بە خۆپیشاندانی ناڕەزاییانە داوای دەستبەجێ راگرتنی شەڕ – تەنانەت ئەگەر سنوورداریش بێت – بۆ رزگارکردنی گیانی بارمتەکانیان کردووە.
ئەورووپا و گەڕاندنەوەی سزاکان بۆ سەر ئێران
ڕۆژنامەی “واشنتۆن پۆست” نووسیویەتی کە سێ وڵاتانی بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەڵمان لە پلانیاندایە کە ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان ئاگادار کەنەوە کە ئێران بە شێوەیەکی “بنەڕەتی” ریککەوتننامە ناوکییەکەی ساڵی ٢٠١٥ی لەژێر پێ ناوە. ئەم کارە دەتوانێت “میکانیزمی پەلاپیتکە” چالاک بکات و سزاکانی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سەر ئێران بگێڕێتەوە.
بە گوێرەی ئەم ڕۆژنامەیە، ئەم بڕیارە دوای شکستی هەوڵەکانی ئەم سێ وڵاتە بۆ گەڕاندنەوەی تاران بۆ بەرپرسایەتییە ناوەکییەکانی، گیراوە. پێدەچێت ئەم کارە کێشەیەکی نوێ لە نێوان حکوومەتی ئێران و هێزە ڕۆژئاواییەکاندا بنێتەوە، لە کاتێکدا کە رووسیا و چین هێشتا لە هەوڵدان پێش بە داڕمانی یەکجاری ئەم رێککەوتنە بگرن.
