
رۆژنامەی کەیهان، میدیای نزیک لە عەلی خامنەیی، لە هەژماری دوایی خۆیدا بە توندی رەخنەی لە وتەکانی ئەم دواییەی عەباس عەراقچی، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، گرتووە . ئەم رۆژنامەیە دەڵێ ئەو قسانەی عەراقچی لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ تۆڕی “فاکسنیوز” کردوویەتی، « لەگەڵ سیاسەتە گشتییەکانی کۆماری ئیسلامی» ناکۆکە.
عەراقچی لە چاوپێکەوتنێکدا کە لە رۆژانی رابردوودا بڵاو کرایەوە، وتویەتی کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ سیاسەتێکی بۆ تیرۆری دژبەرانی لە دەرەوەی وڵات نییە، و هەروەها جەختی کردۆتەوە کە «سڕینەوەی ئیسرائیل لەسەر نەخشەی جیهان» هەرگیز بەشێک لە سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی نەبووە.
رۆژنامەی کیهان لە وەڵامی ئەم وتانەدا نووسیویەتی: «کێشەی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ ترەمپ و ناتانیاهۆ، تیرۆر نییە، بەڵکو جێبەجێکردنی دادپەروەرییە.» ئەم رۆژنامەیە بە پشتبەستن بە بۆچوونی هەندێک لە مەرجەعەکانی شیعە، ترەمپ و ناتانیاهۆی بە «مفسد فیالارض» و «محارب» ناو بردووە.
ئاماژە بە وتەکانی خومەینی و خامنەیی
کیهان بۆ رەتکردنەوەی وتەکانی عەراقچی، ئاماژەی بە هەڵوێستەکانی پێشووی دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامی کردووە و نووسیویەتی: «خومەینی بە ئاشکرا وتویەتی ئیسرائیل دەبێ لەسەر لاپەڕەی رۆژگار بسڕێتەوە.» هەروەها ئەم رۆژنامەیە ئاماژەی بە وتەکانی عەلی خامنەیی لە ١٨ی خەرمانانی ١٣٩٤ کردووە کە روو بە سەرکردەکانی ئیسرائیل وتبووی: «ئێوە ٢٥ ساڵی داهاتوو نابینن.»
لەسەر بنەمای ئەم راپۆرتە، کیهان جەختی کردۆتەوە کە هەڵوێستە فەرمییەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە ئیسرائیل نەگۆڕن و وتەکانی عەراقچی ناتوانن بناغەی بڕیاردان یان دووبارە پێناسەکردنەوەی ستراتیژییەکانی کۆماری ئیسلامی بن.
ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە کە حکوومەتی چواردەهەم، بە سەرۆکایەتی مەسعود پزیشکیان، هەوڵ دەدات پێداچوونەوە بە هەندێک لە هەڵوێستە کێشەلەسەرەکان لە بواری سیاسەتی دەرەوەدا بکات.
وتەکانی ئەم دواییەی عەراقچی و هەروەها ئاماژەی پزیشکیان بە دانووستان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆن، لە لایەن هێزە توندڕەوەکان و میدیاکانی نزیک لە دامەزراوە ئەمنییەکان و بەیتی خامنەییەوە، بە توندی رەخنەیان لێ گیراوە.
