
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، سەبارەت بە ئاگرکەوتنەوەکەی چەند ڕۆژی ڕابردوو لە چیای ئاویەر لە نزیکی شاری سنەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و شەهیدبوونی سێ ژینگەپارێز بەیاننامەیەکی هاوخەمی بڵاوکردەوە.
دەقی بەیاننامەکەی کەنەکە بەمشێوەیەیە:
«لە ڕووداوێکی دڵتەزێن و ناخۆشدا، چیای ئاویەر لە نزیک شاری سنە ئاگرى گرت و ژمارەیەک لە چالاکوانانی ژینگە کە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە ڕوویان لە بەرزاییەکانی ئاویەر کردبوو، شەهید و بریندار بوون.
بە ناوی کۆمیسیۆنی ژینگەی کەنەکە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەوە و کەسوکاری سێ چالاکوانی ژینگەپارێزی شاری سنە، شەهیدان (حەمید مورادی، چیاکۆ یوسفی نەژاد و خەبات ئەمینی) دەکەین، کە گیانیان لە پێناو پاراستنی ژینگە و نیشتیمانەکەماندا بەخشى. هەروەها هیوای چاکبوونەوەی خێرا بۆ بریندارەکانى تر دەخوازین کە لەژێر چاودێریی پزیشکیدان. ئەم مرۆڤە فیداکارانە نموونەیەکی بەرچاوی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و تێکۆشانی دڵسۆزانەن لە پێناو ژینگەی کوردستان. یاد و ناویان هەمیشە بەرز و ڕێگایان پڕ ڕێبوار بێت.
جەخت لەسەر ئەو ڕاستییە دەکەینەوە کە دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیی ئێران بە شێوەیەکی سیستەماتیک، نەک هەر ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانی تاڵان کردووە، بەڵکو هیچ هەوڵێکیشی بۆ پاراستنی نەداوە و بە ئەنقەست کار بۆ وێرانکردنی دەکات. دەستگیرکردنی چالاکوانانی ژینگە و دەرکردنی حوکمی زیندان بۆیان، سووتاندنی دارستانەکان و نەبوونی هیچ پلانێک بۆ پاراستنی ژینگە، تەنها نیشانەی کەمتەرخەمیی دەسەڵات نییە، بەڵکو هەوڵێکی ئامانجدارە بۆ لەناوبردنی سرووشتی ڕۆژهەڵاتى کوردستان. ئەمەش لە چوارچێوەی پەیوەندییەکی نایەکسان و نایاساییدایە لە نێوان دەسەڵات و سرووشتدا، کە ژینگەی کردووەتە چەکێک بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەلی کورد. هەر بۆیە، تێکۆشان بۆ پاراستنی ژینگە بە پرسێکی سیاسی و بنەڕەتی دەزانین، چونکە لەژێر سیستەمێکداین کە ژینگەی کوردستانی کردووەتە گۆڕەپانێک بۆ سزادان.
بە دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ڕادەگەیەنین کە کەمتەرخەمی لە ئاست سووتاندنی ژینگەى سرووشتى و دارستانەکان، لەناوبردنی ناوچە پارێزراوەکان، دەستدرێژیکردنە سەر سەرچاوە ئاوییەکان و زیانگەیاندن بە ژینگە، تەنها دژایەتیکردنی ژینگە و گەلی کورد نییە، بەڵکو دژایەتیکردنی ژیان، مێژوو و مرۆڤایەتییە.
وەک کۆمسیۆنی ژینگەی کەنەکە، تا ئەو کاتەی سووتاندن، تاڵانکردن و وێرانکردنی سرووشتمان کۆتایی دێت، لە تێکۆشانی مەدەنی و ژینگەپارێزیی بەردەوام دەبین. پشتیوانیی تەواومان بۆ ڕێکخراو و ئەنجوومەنە ژینگەییەکان، گرووپە خۆبەخشەکان و سەرجەم ئەو کەسانە دووپات دەکەینەوە کە دڵسۆز و پارێزەرى ژینگە و کوردستان.
داواى یەکڕیزیی و هاودەنگی لە گەلەکەمان و هەموو ژینگەدۆستان و مرۆڤدۆستان دەکەین، پێکەوە فشارێکی نێودەوڵەتی لەسەر کۆماری ئیسلامی دروست بکەین، بۆ ئەوەی ڕێگریی لە تاڵانکردن و وێرانکردنی ژینگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگیرێت. لەپێناو پاراستنى سرووشت و دابینکردنی ژیانێکی ئازاد بۆ گەلی کوردستان و گەلانى جیهان.
ژینگەکەمان، نیشتیمانمانە، پاراستنی ئەرکمانە!
کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کۆمسیۆنى ژینگە
٢٩ـی تەمووزی ٢٠٢٥»
