کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کۆما جڤاکێن کوردستان: شەهیدانی ژینگەپارێزی هەڵەبجە هێمای وڵاتپارێزین

کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) ڕاگەیاندراوێکی لەبارەی شەهیدبوونی دوو ژینگەپارێز بە ناوەکانی “ئاری موختار” و “محەمەد حەیدەر”، کە لە کاتی هەوڵدان بۆ کوژاندنەوەی ئاگری سنووری هەڵەبجە لە ١٧ـی ئابی ٢٠٢٥ گیانیان لەدەستدا، بڵاوکردەوە.

کەجەکە لە ڕاگەیاندراوەکەیدا دەڵێت کە ئەم دوو ژینگەپارێزە لە کاتی تێکۆشانیان “بۆ پاراستنی سرووشتی وڵاتەکەیان گیانیان بەخت کرد.” کۆمیتەکە پرسە و سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری شەهیدەکان دەکات و هیوای چاکبوونەوەی زوو بۆ بریندارەکان دەخوازێت.

کەجەکە ئاماژە بەوە دەکات کە ئاگرکەوتنەوەکان لە کوردستان و زۆر شوێنی دیکەی جیهان زیادی کردووە، و هۆکارەکەی بۆ سیستەمی سەرمایەداری دەگێڕێتەوە کە “سرووشت وەک ئۆبژەیەک، ئامرازێک بۆ ڕانت و قازانج” دەبینێت. ئەم سیستەمە، بە وتەی کۆمیتەکە، بووەتە هۆی گەرمبوونی جیهان، گۆڕانی کەش‌وهەوا، وشکەساڵی و بە بیابانبوون، کە رێگەیان بۆ ئاگرکەوتنەوەکان خۆش کردووە.

کەجەکە داوا لە ژینگەپارێزانی کوردستان و جیهان دەکات لە بەرامبەر سیستەمی سەرمایەداری، وەک هۆکاری سەرەکی ئەم قەیرانە، بوەستنەوە. کۆمیتەکە بانگەواز لە تەڤگەرە ئیکۆلۆژییەکان دەکات کە کۆمۆنە ئیکۆلۆژییەکان دامەزرێنن و تێکۆشانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک بەرفراوان بکەن.

 

دەقی ڕاگەیاندراوەکەی کۆمیتەی ئیکۆلۆژی کەجەکە بەم شێوەیەیە:

“بە داخەوە هەواڵمان پێ گەیشت کە لە ١٧ـی ئابی ٢٠٢٥ ئاری موختار و محەمەد شێخ حەیدەر دوو ژینگەپارێزی باشووری کوردستان، کە لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوەکان بوون لە سنووری هەڵەبجە، گیانیان لەدەستدا.

هەموو ڕۆژێک لە کوردستان شایەتی ڕووداوێکی نوێی ئاگرکەوتنەوە و تاڵانکردنی سرووشتەکەمانە، ئێمە باجێکی قەرەبوو نەکراوەی ئاگر و لەناوچوونی سرووشتەکەمان دەدەین. پێشتر سێ چالاکی ژینگەپارێزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کە لە هەوڵی کوژاندنەوەی ئاگرکەوتنەوەکاندا بوون، گیانیان لەدەستدا.

سەرەتا بە ڕێزداری و پێزانییەوە ڕۆڵەکانی گەلەکەمان کە بۆ پاراستنی سرووشتی وڵاتەکەیان گیانیان بەخت کرد بەبیر دێنینەوە و پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی کەسوکاریان دەکەین و هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

سوپاس و پێزانینمان بۆ ژینگەپارێزانی کوردستان دەردەبڕین کە لە پێشەنگایەتی پاراستنی دارستان و سرووشتی وڵاتەکەماندا لە بەرەی پێشەوە تێدەکۆشن.

ئەو ژینگەپارێزانەی کە لە بەرەی کوژاندنەوەی ئاگری هەڵەبجەدا بوون، گەورەترین نموونەی وڵاتپارێزی و تێکۆشانی ئیکۆلۆژییان نیشان دا. ڕایدەگەیەنین کە سرووشتی کوردستان، کە ئەوان لە پێناویدا گیانیان بەخت کرد، دەپارێزین و تێکۆشانی ئیکۆلۆژیکی خۆمان زیاتر دەکەین.

لە هاوینی ٢٠٢٥ـدا ئاگری زۆر لە دارستانەکانی کوردستان و تورکیا و زۆر شوێنی جیهان ڕوویدا.

بەرپرسیارانی ئەم ئاگرانە سیستەمی سەرمایەداری و جۆرەکانین کە سرووشت وەک ئۆبژەیەک، ئامرازێک بۆ ڕانت و قازانج دەبینن. لە ئەنجامی قازانجکردنی زیاتر، سەرمایەی زیاتر و بەکارهێنانی زیاتر، گەرمبوونی جیهان و گۆڕانی ئاووهەوا ڕوویداوە.

لە ئەنجامی گەرمبوونی جیهان و گۆڕانی ئاووهەوادا، بیابانبوون و وشکەساڵی زیادی کردووە و ڕێگە بۆ ئاگرکەوتنەوە دەکاتەوە. هەروەها بانگەشەی ئەوە دەکرێت ئاگرەکان بەهۆی گەڕان بە دوای کانزاکان بە تەکنەلۆژیای نوێ دەستیپێکردووە. هەرچەندە ئەمانەش بانگەشە بن، بەڵام ئەگەری زۆرە ڕاست بن، مرۆڤ ناتوانێت ئەو ژمارە زۆرەی ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان بگەڕێنێتەوە بۆ کەمتەرخەمی. هەربۆیە لەپشت ئەم ئاگرانەوە سەرمایەدارە چاوبرسییەکان هەن.

ئاگرکەوتنەوەکانی ئەم دواییە و ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە، ئەوەیان نیشان داین کە تەنها ئەوە بەس نییە ڕوو لە ئەنجامی ڕووداوەکان بکەین. ئیکۆلۆژی و تێکۆشانی ئیکۆلۆژی دەبێت تەنها ڕوو لە ئەنجامەکان نەکات. ئاگرێک بکوژێنیتەوە، خاوەنی ئەم سیستەمە هەزار ئاگر دەکاتەوە. تێکۆشانی ئیکۆلۆژی لە کوردستان و جیهاندا دەبێت خۆی بە کۆمەڵگەیی بکات و ڕاستەوخۆ لە بەرانبەر سیستەمی سەرمایەداری بووەستێتەوە.

دەبێت تێکۆشان نەک تەنها لە بەرانبەر ئاگرەکان، دەبێت تێکۆشان لە بەرانبەر هۆکارەکانی ئاگرەکان، ئەو زیهنییەت و سیستەمەی کە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەن، بەرفراوانتر بکرێتەوە. ئەوکات پێویستی بە تێکۆشانێکی ئیکۆلۆژی نوێ هەیە.

گەر پرسەکان لە زیهنییەت و سیستەمی سرووشتی کۆمەڵگەییدا چارەسەر نەکەین، ئەوا ناتوانین ڕێگری لە کۆمەڵکوژییەکانی سرووشتی بگرین، هەربۆیە بە تایبەت بانگەواز لە ئیکۆلۆژیستییەکانی کوردستان، لە هەموو تەڤگەرە ئیکۆلۆژییەکان دەکەین کە لە بەرانبەر بێ ئەخلاقی، بێویژدان و چاوبرسێتی لە هەموو گۆڕەپانەکانی ژیاندا کۆمۆنە ئیکۆلۆژییەکان دامەزرێنن و تێکۆشانی کۆمەڵگەی دیموکراتیک فراوان بکەن.”

Live
Hide picture