کارەساتی پێکدادان لە ئەفغانستان؛ زیاتر لە ٨٠ کۆچبەرى دەرکراو لە ئێران گیانیان لەدەستدا


شەوى سێشەممە، ١٩ی ئاب، لە ئەنجامى پێکدادانێک لە نێوان ئۆتۆبوسێکى کۆچبەرانى ئەفغانستانی و لۆرییەکی سووتەمەنى و ماتۆرسیکلێتێک لە پارێزگاى هەرات، دەیان کەس گیانیان لەدەستدا.

بەپێی راپۆرتى رادیۆى پۆلیسى ئەفغانستان کە سەر بە حکوومەتى تاڵبانە، ژمارەى قوربانیان لانی‌کەم ٨٥ کەسە، لە کاتێکدا ئاژانسى هەواڵى فەرەنسا پێشتر ژمارەى قوربانیانى بە ٥٠ کەس و تۆڕى ئەلجەزیرە بە ٧١ کەس، کە لە نێویاندا ١٧ منداڵ هەیە، راگەیاندووە.

پۆلیسى هەرات هۆکارى ئەم کارەساتەى بۆ “خێرایی زۆر و بێ‌ئاگایی شۆفێر” گەڕاندەوە و ئاماژەى بەوە کرد کە رووداوەکە لەسەر شاڕێگاى وڵسوالى “گذرە” و لە دەرەوەى شارى هەرات روویداوە. بە گوتەى بەرپرسانى هەرێمی، ئەو ئۆتۆبوسە کۆچبەرانى دەرکراو لە ئێرانى گواستۆتەوە کە بەم دواییە لە دەروازەى سنوورى “ئیسلام قەڵعە”وە گەڕاونەتەوە ئەفغانستان و بەرەو کابوڵ دەچوون.

محەمەد یووسف سەعیدى، گوتەبێژى پارێزگارى هەرات، پشتڕاستى کردەوە کە هەموو سەرنشینەکانى ئەم ئۆتۆبوسە کۆچبەرانى دەرکراو لە ئێران بوون.

پۆلیسى وڵسوالى “گذرە” وردەکارى زیاترى ئاشکرا کرد و وتى کە ئۆتۆبوسەکە سەرەتا لەگەڵ ماتۆرسیکلێتێک پێکدادراون و پاشان بەر لۆرییەکی سووتەمەنى کەوتووە، کە لە ئەنجامدا هەردووکیان سووتاون.

تەنها سێ کەس لە سەرنشینەکانى ئۆتۆبوسەکە لەم رووداوەدا رزگار بوون. دوو سەرنشینی ماتۆرسیکلێتەکە و دوو سەرنشینى لۆرییەکەش لە نێو قوربانیاندان.

ئەحمەدەڵڵا مەتقى، سەرۆکى فەرھەنگ و زانیارى هەرات، لە پلاتفۆرمى ئێکس (تویتەرى پێشوو) وێنەى رووداوەکەى بڵاو کردەوە و نووسى: “هێزەکانى ئاگرکوژێنەوە بە خێرایی گەیشتنە شوێنى رووداوەکە، بەڵام بەداخەوە نەیانتوانى گیانى قوربانیان رزگار بکەن.” ئەو وتى کە ناوی قوربانییەکان بەم زووانە بڵاو دەکرێنەوە.

ئەم رووداوە لە کاتێکدا روو دەدات کە ئێران دواى هێرشەکانى ئیسرائیل، پرۆسەى دەرکردنى زۆرەملی کۆچبەرانى ئەفغانستانی خێراتر کردووە.

رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ئەم دەرکردنە زۆرەملییەیان مەحکووم کردووە و داوایان لە کاربەدەستانی ئێران کردووە دەستبەجێ گەڕاندنەوەی کۆچبەرانی ئەفغانسانی راگرن.

بەپێی ئامارەکانى رێکخراوى نێودەوڵەتى کۆچ، لە سەرەتاى ئەمساڵەوە تا ئێستا بەلانی‌کەمەوە یک ملوێن ونیو ئەفغانستانی لە ئێران و پاکستانەوە دەر کراون و گەڕێندراونەتەوە وڵاتەکەیان.

Live
Hide picture