
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هۆشداری دەدات لەوەی ژیانی هەزاران بەندکراوی ناڕازی لە ئێران لە مەترسیدایە. ئەو ڕێکخراوەیە لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردووەتەوە کە ئەگەری هەیە ئەو زیندانییانە ڕووبەڕووی سزای مەرگ بکرێنەوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران ڕایگەیاندووە: زیاتر لە ٤٠ هەزار کەس لە کاتی خۆپێشاندانەکان و دواتریش دەستبەسەر کراون و زۆربەیان هەر جۆرە پەیوەندییەکیان لەگەڵ بنەماڵە و ناسیاوەکانیان لێ قەدەغە کراوە و لە مافی هەبوونی پارێزەریش بێبەش کراون. بە گوتەی ڕێکخراوەکە، ئەم کەسانە لە زیندانەکان، ناوەندە ئەمنییەکان و بەشێکیشیان لە ناوەندە ناڕەسمییەکانی ژێر کۆنترۆڵی دەزگا ئەمنییەکاندا بەند کراون.
ئەو ڕێکخراوەیە هەروەها ئاماژەی بەوە کردووە کە بەرپرسانی پلەبەرزی ئێران، لەوانە سەرۆکی دەزگای دادی کۆماری ئیسلامی، بە ڕاشکاوی فەرمانیان داوە بەندکراوان بە خێرایی و بێ لێکۆڵینەوەی ورد دادگایی بکرێن و سزای قورسیان بەسەردا بسەپێنرێت.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران دەڵێت: تۆمەتی “محاربه” (دژایەتی خودا) و “تیرۆریزم” خراوەتە پاڵ ناڕەزایەتییەکان، ئەوەش بەو واتایەیە کە بەپێی یاسای سزای ئێران، ڕووبەڕووی حوکمی مەرگ دەبنەوە.
بە گوتەی ئەو ڕێکخراوەیە، ناوەندەکانی ڕاگەیاندنی دەوڵەتی ئێران بە شێوەیەکی بەربڵاو دەستیان کردووە بە بڵاوکردنەوەی دانپێدانانی زۆرەملێی بەندکراوان کە لەژێر ئەشکەنجە و هەڕەشەدا لێیان وەرگیراوە.
بەپێی ئەو ڕاپۆرتانەی بە دەست ڕێکخراوەکە گەیشتوون، ژمارەیەکی بەرچاوی ناڕازییان کە بە برینداری دەستبەسەر کراون، یان لە دەستڕاگەییشتن بە دەرمان بێبەش کراون، یانیش بەشێکیان “تیری کۆتایییان” (تیر خلاص) لێ دراوە و گیانیان لێ سەندراوە.
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران هەروەها ڕایگەیاندووە، چەندین ڕاپۆرتی پشتڕاستنەکراوە بەڵام جێی بڕوایان بەدەست گەیشتووە کە کۆماری ئیسلامی بە دزییەوە ناڕازییە بەندکراوەکانی لەسێدارە داوە. ئەو ڕێکخراوەیە داوای لە کۆمەڵگەی جیهانی کردووە تاوەکو بە خێرایی.
