ڕێبەر ئاپۆ: لە هەموان زیاتر لە دایکمەوە فێری ڕاستیی ژیان و ئارامگرتن بووم

عەبدوڵڵا ئۆجالان، ڕێبەری گەلی کورد، لە پەیامێکی گرینگدا کە بۆ کۆنفرانسی دایکانی ئاشتی نارد، تێیدا رۆڵی ژنان و دایکانی لە تێکۆشانی ئازادی و ئاشتیدا بەرز نرخاند.

ئۆجالان لە پەیامەکەیدا دەڵێ ” لە هەموان زیاتر لە دایکمەوە فێری ڕاستی ژیان و ئارامگرتن بووم، بەڵام لەوەش زیاتر هەڵوێستی ڕاستی سەربەرزانەم لە دایکمەوە وەگرت.”

سێیەمین کۆنفرانسی دایکانی ئاشتی لە دوای ١٢ ساڵ بە درووشمی “دایکان پێشەنگی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک و ئاشتییەکی هەمیشەیین” لە شاری ئامەد بەڕێوە دەچێت.

لەم کۆنفرانسەدا، تەڤگەر ژنانی ئازاد (تەژەئا)، ڕێکخستنەکانی دەم پارتی و دەبەپە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش بەشدارن.

عەبدوڵڵا ئۆجالان لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بە پێگەی مێژوویی ناوچەکە وەکوو ئاخیزگەی کۆمەڵگەی دایکسالاری کردووە و سەرچاوەی ناکۆکییەکانیشی هەر بۆ ئەم مێژووە گەڕاندۆتەوە. ئەو گوتووییەتی ” کۆیلایەتی بە دەرکەوتنی دەوڵەتەوە دەستی پێنەکردووە، بەڵکو بە کۆیلەکردنی ژنان هاتووەتە گۆڕێ.”

ئۆجالان لە پەیامەکیدا رایگەیاندووە کە تەنیا لە رێگای ژیانێکی کۆمیناڵ و دیموکراتیکەوە دەکرێ کۆتایی بە پرسی کۆیلایەتی بێنین.

شایانی باسە لە هۆڵی کۆنفڕانسەکەدا پۆستەری ڕێبەر ئاپۆ و وێنەی دایکانی ئاشتی کە گیانیان لەدەست داوە هەڵواسراوە.

ئەم کۆنفرانسە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.

دەقی پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەم شێوەیەیە:

” لە هەموان زیاتر لە دایکمەوە فێری ڕاستی ژیان و ئارامگرتن بووم، بەڵام لەوەش زیاتر هەڵوێستی ڕاستی سەربەرزانەم لە دایکمەوە وەگرت.

سڵاو لە دایکانی ئاشتی دەکەم کە خاوەنی ئەم هەڵوێستە سەربەرز و شکۆمەندن و هیوای سەرکەوتن بۆ کۆنفرانسەکەتان دەخوازم.

هاوشانی ناسنامەی دایکبوون دەبێت بە ناسنامەی ژنی ئازاد و هۆشمەندیتانەوە تێبکۆشن.

ژن چۆنی بوێت دەبێت بەو شێوەیە بژیت، بەڵام دەبێت بوێرییان بۆ ژیانێکی ئازاد هەبێت. ڕێزگرتنم لە ژنان لەسەر ڕەگەزی ‘دەبێت ئازادی بە بیرکردنەوە دەست پێبکات’ بنیاتناوە.

ئێوە وەک دایکانی ئاشتی کە لە ڕیزی پێشەوە لە گۆڕەپانەکاندا بەرگری لە ئاشتی و بەرخۆدانی ئاشتی دەکەن، هەمیشە لە تێکۆشانی ئازادیی و ئاشتیمانیدا لە گۆڕەپانەکانی پێشەوەدا بەشداریتان کردووە. هەڵبەت وەک دایکان جێگەی ئێوە لە بەرخۆدانەکەماندا قسەی لەسەر ناکرێت، بەڵام من لەوباوەڕەدام کە دەبێت چوارچێوەی ژنبوون و دایکبوون بشكێنردێت کە کۆمەڵگەی نەریتی دەیسپەێنێت. دەبێت لەگەڵ ناسنامەی دایکبوون لە هەمانکاتدا بە ناسنامەی ژنی ئازاد و هۆشمەندیتانەوە تێکۆشان بکەن.

ئەم جوگرافیایە کە بۆ یەکەمجار کۆمەڵگەی دایکسالاری تێیدا سەریهەڵدا، لە هەمانکاتدا شوێنی یەکەم ناکۆکی و پرسە کۆمەڵایەتییەکانە. بە کۆیلەکردنی ژن و بە کۆیلەکردنی کۆمەڵگە هاوشانی یەکتر دەڕۆن. بەپێچەوانەی تێگەیشتنی باو، کۆیلایەتی بە دەرکەوتنی دەوڵەتەوە دەستی پێنەکردووە، بەڵکو بە کۆیلەکردنی ژنان هاتووەتە گۆڕێ. ئەم ناکۆکی و پرسە کۆمەڵایەتییانەی کە ڕوویانداوە سەرچاوەی ئەو پرسانەن کە ئەمڕۆ تێیدا دەژین. ڕێگەی دەربازبوون لەم پرسە پێکەوە بنیاتنانی ژیانێکی کۆمیناڵ و دیموکراتیکە.

بانگەوازی ئێمە بۆ ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکی، کە لە ٢٧ـی شووباتدا کردمان، ئەرک و بەپرسیارێتی دەخاتە ئەستۆی تەڤگەری ژنان و دیکانی ئاشتی. دەبێتە دەستپێکی سەردەمێکی نوێ.

ڕێکخستنی ژیانێکی سۆسیالیستییانە لەسەر بنەمای کۆمیناڵی دیموکراتیک بە ئاشتی ڕێی تێچووە. لەسەر ئەم بنەمایە سڵاو لە هەموو دایکان دەکەم و هیوای سەرکەوتنتان بۆ دەخوازم لە هەوڵەکانیاندا.

عەبدوڵا ئۆجالان.”

Live
Hide picture