
ئەنجوومەنی گەنجانی کۆنگرەی دیموکراتیکی گەلان (هەدەکە)، ئەنجوومەنی گەنجانی پارتی دیموکراسی و یەکسانیی گەلان (دەم پارتی) و ئەنجوومەنی خوێندکارانی ئازادی ئیستەنبوڵ (ISOM) بە ناونیشانی “ڕۆڵی گەنجان لە کۆمەڵگەی سۆسیالیستییدا” پانێڵێکیان ڕێکخست.
پانێڵەکە لە هۆڵی نمایشی هونەری ئاوی، لە ناوچەی فاتیحی ئیستەنبوڵ بەڕێوەچوو، چەندین گەنج بەشداربوون. لە هۆڵەکەدا، پانکارتی “ژن، ژیان، ئازادی” و “بە ڕۆحی هاوڕێیەتی کۆمۆناڵیست خۆمان ڕێکدەخەین و ئازاد دەبین” هەڵواسرا.
پاش وتەی دەسپێکی پانێڵەکە، پەیامی ڕێبەر ئاپۆ خوێنرایەوە. پەیامەکەی ڕێبەر ئاپۆ بەم جۆرەیە:
“سەرەتا دڵسۆزانەترین سڵاوی خۆم دەنێرم بۆ کۆمەڵەی هەڤاڵانی گەنجی کۆمۆناڵیست، بەتایبەت ئەوانەی کاریان کردووە لەپێناو دروستکردنی وەها سەکۆیەک بۆ گفتوگۆی گەنجان سەبارەت بە پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک، هەروەها بۆ هەموو هاوڕێ گەنجەکان کە لەسەر بنەمای هەڤاڵێتی کۆمۆناڵیستی تێکۆشان دەکەن. پرۆسەکانی بنیاتنانی کۆمەڵایەتی تەنها بە بەشداریی و پێشەنگایەتیی گەنجان دێنەدی. گەنجان داینەمۆی گۆڕان و نوێبوونەوەن. ئەو پرۆسە سیاسی و کۆمەڵایەتییەی کە گەنجان بارە ئایدۆلۆژییەکەی هەڵنەگرن و لە پراکتیکدا ڕێکی نەخەن، شانسی سەرکەوتنی زۆر کەمە. بۆیە ئەو کۆمەڵگەیەی گەنجەکانی خۆی لەدەستداوە، نەک هەر کۆمەڵگەیەکی دۆڕاوە، بەڵکوو مافی مانەوەی لەدەستداوە. پێچەوانەکەشی ڕاستە، ئەو گەنجانەی کۆمەڵگە و کۆمەڵایەتیبوونیان لەدەستداوە، ئاییندەیان لەدەستداوە. لە هەر شوێنێک کۆمەڵگەبوونی سۆسیالیستی و سەرکەوتنی تێکۆشان نەبێت، شیبوونەوە و پەرتەوازەیی و لەناوچوون دێتەکایەوە. کەسایەتی تەنها وەک پارچەی کۆمەڵگەیەکی ڕێکخراو مانای دەبێت و کۆمەڵگە تەنها بە کەسایەتیی ڕێکخراو، توانای مانەوەی هەیە.
خۆتان و هەموو جێیەک ڕێکخراو بکەن
بنیاتنانی کۆمەڵایەتی و کۆمەڵگەی سۆسیالیست و ئازادی تەنها بە ڕێکخستن دێتەدی. هەر بوونێک، بەگوێرەی شوێن و کات و دەرفەتەکانی خۆی ڕێکخراو نەکات، زوو یان درەنگ، لەناودەچێت. پێشتر گوتبووم ‘لە هەموو جێیەک خۆتان ڕێکبخەن، هەموو جێیەک ڕێکبخەن”. ئەمە تەنها پێویستییەکی سیاسی نییە، هاوکات پێشمەرجی بوونی کۆمەڵایەتی و ئازادییە. مەیلی ئازادی، مەیلێکی گەنجانەیە. پێشەنگایەتیکردنی گۆڕان و گۆڕانکاریی کۆمەڵایەتیی-مێژوویی، دەرئەنجامێکی سرووشتیی ئەم مەیلی ئازادییەیە. هەڵگرتنی ئەم ئەرکە تەنها بژاردە نییە، بەڵکوو پێشمەرجی ئازادی و ژیانی مانادارە. گەرەنتی ئازادی و بوونی کۆمەڵایەتی، گرێدراوە بە ڕێکخستنی کۆمەڵایەتییەوە. بەهۆی ئەم مەیل و داینامیکە ئازادیخوازییەی گەنجانەوە، بکوژی کاستیک بەدرێژایی مێژوو لەڕێی هەموو ڕێ و ڕێبازێکی تێکدەر و گەندەڵکارانەوە هێرشی کردە سەر گەنجان.
بڕوام وایە گەنجان ڕۆڵی پێشەنگایەتی دەگێڕن
بە تێکۆشانی کۆڵەکتیڤ و هۆشیاریی ڕێکخستنەوە کە پشتئەستوورە بە هاوڕێیەتی کۆمۆناڵیست، هێز و وزەی داینامیکی گەنجان، دەتوانێت ببێتە ئیرادەی گۆڕان و گۆڕانکارییەکی دامەزرێنەر و بنیاتنەر. وەکچۆن ئازادی لەنێو داینامیزمی گەنجاندا خۆی دەبینێتەوە، ئازادی و کۆمەڵایەتیبوونیش تایبەتمەندییەکی سۆسیالیزمە. لەم سەردەمی داڕمانی سەرمایەدارییەدا، گفتوگۆی گەنجان دەربارەی سۆسیالیزمی دیموکراتیک و بنیاتنانەوە و ڕێگەکانی تێکۆشان، زۆر گرنگە. ئەم گفتوگۆیانە، دەوڵەمەندیی فیکریی ئێوە و ڕێ و ڕێبازی نوێی تێکۆشان بەدوای خۆیدا دەهێنێت. لەمڕۆدا کە بەها بنەڕەتییەکانی مرۆڤایەتی ڕووبەڕووی هێرشەکانی مۆدێرنیتەی سەرمایەداری دەبنەوە، بڕوام وایە، گەنجان ڕۆڵی پێشەنگایەتی دەگێڕن. لەسەر ئەم بنەمایە دیسانەوە سڵاو لە هەموو ئەو هاوڕێ گەنجانە دەکەم کە تێکۆشانی سۆسیالیزمی دیموکراتیک بەڕێوەدەبەن، هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم”.
