ڕێبەر ئاپۆ: دەبێ هەمووان بتوانن چارەنووسی نەتەوەیی و شوناسی خۆیان دیاری بکەن

ڕۆژی ١٦ی فێبرواری، شاندی ئیمراڵی سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کرد و لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ کۆبوونەوە؛ دیدارەکە نزیکەی سێ کاتژمێر و نیوی خایاند. شاندی ئیمراڵی لە ڕاگەیەندراوێکدا هەڵسەنگاننی گرینگی سەبارەت بە پڕۆسەی چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیا خستە ڕوو.

ڕێبەر ئاپۆ لەو دیدارەدا تەئکیدی کردەوە: “وەک چۆن نابێت هیچ کەس زمان و ئاینی خۆی بەسەر کەسانی دیکەدا بسەپێنێت، بەو شێوەیەش کەس مافی ئەوەی نییە نەتەوە و شوناسی خۆی بەسەر ئەوی دیکەدا فەرز بکات”.

ڕێبەر ئاپۆ هەروەها گوتی: “هەموو مرۆڤێک مافی ئەوەی هەیە ئازادانە نەتەوە و شوناسی خۆی هەڵبژێرێت و دەستنیشانی بکات”.

کورتەیەک لەو ڕاپۆرتەی شاندی ئیمراڵی لەسەر ناوەڕۆکی دیداریان لەگەڵ ڕێبەر ئاپۆ ەم شێوەیە:

کۆبوونەوەی دەستپێکردنی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک

“ژیانی من، لە سەرەتای ڕاپەڕینمەوە لەنێو خێزانەکەم تا ئەمڕۆ، بە ڕیتمێکی خێرا دەربازبووە. هێشتاش هەر وایە. ئەم پرۆسەیەی کە تێمانپەڕاند، بەکورتی تێپەڕینە لە سیاسەتی توندوتیژی و جیاکارییەوە بەرەو سیاسەتی دیموکراتیک و ئینتیگراسیۆن، ئەمەش هێز و توانای ئێمەی بۆ دانوستان پشتڕاست کردەوە.

پێویستە ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن لەگەڵ ڕاستینە بنەڕەتییەکانی کۆمەڵگەدا بسازێت. ئەم تایبەتمەندییەی ڕاپۆرتەکەی کۆمیسیۆن، بایەخێکی زۆری دەبێت بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەکە لە ئایندەدا. ئەو سیاسەتەی بە لۆژیکی “نەهێشتنی تیرۆریزم” مامەڵە لەگەڵ پرسەکەدا دەکات، گوزارشتە لە بنبەست نەوەک چارەسەر.

پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، پرۆسەیەکە کە بەردەوام هەڵسەنگاندنەوە بۆ خۆی دەکات و ستراتیژ و تاکتیکەکانی خۆی دەستنیشان دەکات. ئەم کۆبوونەوەیە، وەک کۆبوونەوەی دەسپێکردنی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک هەڵدەسەنگێنم. بەم بۆنەیەوە، جارێکی تر بەڕێزەوە هەڤاڵ سری سورەیا ئۆندەر بەبیردەهێنمەوە. بەنیسبەت منەوە، ئەو مزگێنی و هەڤاڵێکی هێژا بوو.

ئەم کۆمارە بەبێ کورد دانەمەزراوە

ئەو پرۆسەیەی بەرەو دامەزراندنی کۆمار دەستی پێ کرد، لەسەر بنەمای یەکێتی تورک و کورد دامەزرا. هەرچەند دواتر ئەم ڕاستییە شاردرابێتەوە، بەڵام شوێنەوارەکانی لە هەموو بەڵگەکاندا دەبینرێتەوە. ئەمە لە سەردەمی شەڕی سەربەخۆی، لەکۆنگرەکان و ڕاگەیاندنی کۆماردا پەسەندکراوە. خودی موستەفا کەمال لە ١٧ـی کانوونی دووەمی ١٩٢١ لە ئەزمیت لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا هەڵسەنگاندنەکانی دەربارەی کوردان خستەڕوو. ئەم کۆمارە بەبێ کورد دانەمەزراوە. ئەوانەی نکۆڵی لەمە دەکەن، هەموو ڕۆژێک بە زمانێکی توند و وێرانکەر دەدوێن. کورد لە بنک و بناغەی کۆماردا ئامادەیە. ئەو دەقە یاساییانەی دواتر ئامادەکران، کوردیان وەدەرنا، ناسنامە و زمانی کوردیان قەدەغەکرد، ئەمەش بووە سەرچاوەی نکۆڵی و سەرهەڵدان. ئەم پرۆسەیەی تێیداین، پرۆسەی کۆتاییهێنانە بە نکۆڵی و سەرهەڵدان. دەمانەوێت گفتوگۆ بکەین لەسەر ئەوەی چۆن پێکەوە لەنێو ئاشتییدا بژین.

بنیاتنان بەبێ یاسا و پرەنسیپ نابێ

لە سەدەکانی ناوەڕاستدا پەیوەندییەکان لەسەر بنەمای یەکێتیی ئایینی بووە و سیستەمی میرنشینەکان لەسەر ئەم بنەمایە بنیات نراوە. بەڵام ئێمە ئەمڕۆ بە فۆرمێک کە گونجاوبێت لەگەڵ پێوانە و لۆژیکی هاوچەرخ، لەگەڵ کۆماردا ئینتیگرە دەبین. ئەمە پێویستی بە بنیاتنان و تەلارسازییە. نکۆڵی لە گەلی کورد بەمانای ئەم بنیاتنان و تەلارسازییە نایەت. بەڵکوو ئەم بنیاتنان و تەلارسازییە بەبێ یاسا و پرەنسیپ نابێ. کورتکردنەوەی ئەم بابەتە بۆ هەندێ گۆڕانکاریی لە یاسای سزادان، هەڵوێستێکی چەوتە. پایە سەرەکییەکانی ئەم بنیاتنانە، یاخود بڵێین، پرەنسیپە سەرەکییەکانی ئینتیگراسیۆن، لە بانگەوازی ٢٧ـی شوباتدا باسکراون. ئەم بانگەوازە، خۆی لە خۆیدا بەرنامەیەکی سیاسییە.

هاووڵاتیبوونی ئازاد

کێشەیەک لە پێناسەکردنی هاوڵاتیبووندا هەیە. هاووڵاتیبوون ئاماژەیە بۆ ئەو پەیوەندییەی کە لەگەڵ دەوڵەتدا دامەزراوە. هاوڵاتیبوون دڵسۆزی بۆ دەوڵەت دەستنیشان دەکات، بەبێ گوێدانە جیاوازیی ئیتنیکی، زمان، باوەڕ، یان ئایدۆلۆژیا. بۆ نموونە، گرنگ نییە مرۆڤ سۆسیالیست بێت یان سەرمایەدار، موسڵمان بێت یان مەسیحی، کورد بێت یان عەرەب. هەموویان دەتوانن هاووڵاتی دەوڵەت بن.

من باسکردن لە هاووڵاتی ئازاد بەباشتر دەبینم. یان دەتوانین پێی بڵێین، هاووڵاتی دەستووری، بەڵام هاووڵاتی ئازاد بەرفراوانترە. مرۆڤ لە ئایینەکەیدا ئازاد بێت، لە نەتەوەکەیدا ئازاد بێت، لە بیرکردنەوەیدا ئازاد بێت. ئایا پێناسەی هاووڵاتیبوون لە تورکیا ئەم مەرجە دەگرێتەوە؟ تا ڕادەیەک ناڕوونە. پێویستە مرۆڤ بتوانێت ئازادانە ناسنامەی ئایینی و ئایدیۆلۆژی و نەتەوەیی خۆی دەرببڕێت و ڕێکبخات. ئەمەش دەبێت لە چوارچێوەی سنوورێکی دیموکراتیکدا و بە شێوەیەک بێت کە یەکپارچەیی دەوڵەت بپارێزێت. وەک چۆن هاووڵاتیان ئازادن لە دەستنیشانکردنی ئایین و مەزهەب و بیرکردنەوەیان، دەبێت وەهاش ئازادبن لە دەستنیشانکردنی ناسنامەی نەتەوەی خۆیان. وەک چۆن ناتوانیت ئایین و زمانەکەت بەسەر ئەوانیتردا بسەپێنێت، نابێ نەتەوەکەشت بەسەر ئەوانیتردا بسەپێنێت. پێویستە هەمووان  بتوانن ئازادانە نەتەوە و ناسنامەی خۆیان دەستنیشان بکەن.

ئێمە دووپاتمان کردەوە کە دەمانەوێت وەک کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک بژین و پێشنیاری “ئاشتی” دەکەین. کۆمەڵگەی دیموکراتیک واتە مرۆڤەکان دەتوانن ئازادانە ناسنامەی کۆمەڵایەتی خۆیان بنیات بنێن. کۆمەڵگە خاوەنی پایەی کەلتوورییە؛ خاوەنی دامەزراوەی تەندروستی و پەروەردە و وەرزشی و نەخۆشخانە و دامەزراوەی ئابوورییە. ئەگەر کۆمەڵگەیەک بتوانێت ئازادانە ئەمانە بنیات بنێت، ئەوا تایبەتمەندییەکی دیموکراتیک بەدەست دەهێنێت. دەوڵەتێکی بەهێز ئەو دەوڵەتەیە کە ئەم نەرمییە نیشان دەدات.

بنیاتنانی هەزارەی نوێ

ئەمانە پرەنسیپی سەرەکی و مۆدێلی ڕێکخستنی ئینتگراسیۆنی ئێمەن. هیچ ئاماژەیەک بۆ نەتەوەپەرستی یان فێندەمێنتاڵیزمی ئایینی ناگرێتەخۆ، بێجگە لە دەوڵەتێکی یەکپارچەش. ئێمە باس لە دامەزراندن و بنیاتنانی کۆمەڵگەیەکی دیموکراتیک دەکەین. بێگومان لێرەدا جێگەی توندوتیژی نابێتەوە. ئینتیگراسیۆن لەگەڵ کۆماری دیموکراتیک، هێندەی دامەزراندنی کۆمار گرنگە. هەموو کارەکانمان بەگوێرەی ڕۆحی کۆماری دیموکراتیک جێبەجێ دەکەین. ئینتیگراسیۆنی کوردەکان دەبێتە پایەیەکی سەرەکیی کۆمار. ئەو خوشک-برایەتییەی سەدەیەکە ئاوەژۆکراوەتەوە، دیسانەوە سەرڕاست دەکاتەوە و یاسای خوشک-برایەتی دادەڕێژێتەوە. ئەمە بنیاتنانی سەدەی نوێیە، بنیاتنانی هەزارەی نوێیە.

هەبوون و بەدامەزراوەییکردنی دیموکراسیی خۆجێی

ڕۆحی ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیک، لە هەبوون و بەدامەزراوەییکردنی دیموکراسیی خۆجێیدا ڕەنگدەداتەوە. ئێمە ئەمە بۆ سووریا پێشنیار دەکەین. مەبەستم لە دیموکراسیی خۆجێی ئەمەیە: هەر شار و گوندێک، مافی خۆیانە بە ئازادانە گوزارشت لە خۆیان بکەن و خۆیان بەڕێوەببەن. مەرجەکانی خۆبەڕێوەبەریی هەرێمی ڕوونن. باسی دەوڵەت یان هەرێمی جیا ناکەم. وەشانێکی فراوانتری جاڕنامەی ئەورووپیی بۆ خۆبەڕێوەبردنی هەرێمی کە گونجاو بێت لەگەڵ ڕاستینەی کۆمەڵگەکانمان، دەبێتە بناغەیەکی تۆکمە بۆ ئەم پێشنیارە.

ئەم پێشنیارانە، تەنها هەبوون و مافی کوردان نا، بەڵکوو هەموو گەل و کۆمەڵگە ئاینییەکانی تری هەرێمەکە دەگرێتەوە. مێژوو بە دوورخستنەوەی کوردان بنیات نەنراوە. سوڵتان سەنجەر یەکەم کەسە هەبوونی ‘کوردستان’ـی ڕاگەیاند. [سوڵتان سلێمانی] قانوونی ڕایگەیاند کە پشت بەمە دەبەستێت. پێویستە لەو سیاسەتانە دووربکەوینەوە کە لەسەر بنەمای ترس لە کورد دامەزراوە، لەو سیاسەتانەی کە کورد وەک فۆبیا و سەرچاوەی ترس دەبینن.

ئێمە سیاسەت دەکەین و دەبینە کۆمەڵگەیەکی سیاسی

پرسەکەمان هەڵگری ڕەهەندێکی ئەمنییە، بەڵام خاوەنی ڕەهەندێکی سیاسیی فراوانترە. بۆ ئەوەی تێکەڵی سیاسەت بین. دەست لە چەک و توندوتیژی بەردرا. ئێمە سیاسەتێکی دیموکراتیکی فراوان بەڕێوەدەبەین. کۆمەڵگەکەمان هێندەی نان و ئاو، پێویستی بەمەیە. نابێت هەموو شتێک لەژێر ناوی ئەمنییەت و ئاسایشدا نغرۆ بکرێت. پێویستە سیاسەتی ئەمنی لەسەر بنەمای سیاسەت دابمەزرێت، سیاسەتیش لەسەر بنەمای ئەمن و ئاسایش دابمەزرێت. ئێمە دەبینە کۆمەڵگەیەکی سیاسی، کۆمەڵگەیەکی سیاسیی دیموکراتیک.

پێویستە کورد ‘یەکێتیی دیموکراتیک’ لەنێو خۆیاندا پێکبهێنن

دەربارەی یەکێتیی کوردان، من یەکێتیی دیموکراتیک پێشنیاردەکەم. هەم لەنێوان کوردەکانی یەک بەش و هەم لەنێوان کوردانی بەشە جیاوازەکان. ئەمە مانای دەوڵەتێکی جیاواز نییە، بەڵکوو پرەنسیپێکی بەرفراوانە بۆ بەڕێوەبردنێکی دیموکراتیک”.

Live
Hide picture