ڕووکەن نەغەدە: فەراشین بێریتان بە روانگەیەکی ژنانەوە فەرماندەیی دەکرد و پێشەنگی ئازادی لە رۆژهەڵات بوو

ڕووکەن نەغەدە، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی کۆمەڵگەی ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (کەژار)، پێگە و ڕۆڵی فەراشین بێریتان، فەرماندەی شەهیدی هێزەکانی پاراستنی ژنان (هە‌پەژە)ی، بەرز نرخاند. فەراشین بێریتان لە ١٤ی دێسەمبەری ٢٠٢٣ لە هێرشی ئاسمانی سوپای تورکیا شەهید بوو.

ڕووکەن نەغەدە لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی هەواڵی فورات (ANF)، وتی فەراشین بێریتان هێزی خۆی لە ئەندێشە و فەلسەفەی عەبدوڵڵا ئۆجالان، سەرۆکی گەلی کوردەوە وەرگرتبوو.

بە وتەی ئەو، فەراشین بە «گیانێکی ژنانە، ئیرادەیەکی پتەو و وانگەیەکی دادپەروەرانە» فەرماندەیی دەکرد و لە ماوەیەکی کەمدا بوو بە یەکێک لە کەسایەتییە دیارەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردستان.

ڕووکەن نەغەدە جەختی کردەوە کە فەراشین میراتگری کلتوورێک بوو کە ژنانی-خوداوەند و دایکانی بەرگریکەر و وڵاتپارێز ئافراندبوویان. بە باوەڕی ئەو، فەراشین دوای پەیوەندیکردن بە بزووتنەوەی ئاپۆیی، ئەندێشەکانی رێبەر ئاپۆی سەبارەت بە ژن، کۆمەڵگە و ئازادی وەک ڕێنیشاندەری سەرەکی ڕێگاکەی خەباتی خۆی هەڵبژارد.

بە وتەی ڕووکەن نەغەدە، فەراشین توانی پەیوەندییەکی قووڵ لە نێوان ئەندێشەکانی رێبەر ئۆجالان و نرخە کلتوورییەکانی کۆمەڵگەی خۆی دروست بکات. ئەو بە پشت بەستن بە زانستی ژنۆلۆژی، ڕۆڵی ژنانی لە ڕێکخستن، پەروەردە و پێشخستنی خەباتدا گەشە پێدا.

ڕووکەن نەغەدە دەڵێت: «فەراشین هەوڵی دەدا بە ڕەنگ و بۆنێکی ژنانەوە فەرماندەیی بکات. ئەو لەگەڵ ئەوەی شێلگیر بوو بەڵام هاوکات کەسایەتییەکی دادپەروەر و ئەخلاقمەداری هەبوو.»

ڕووکەن نەغەدە، فەراشین بێریتانی بە «پێشەنگی کۆمەڵگە» دانا. بە وتەی ئەو، فەراشین تەنیا کەسێک نەبوو، بەڵکو هێمایەک لە ناسنامەی ژن، بەرخۆدان و بەڕێوەبردنی کارامە بوو. ئەو لە درێژەدا وتی: «دەتوانین فەراشین وەک ژیان، تێکۆشان و شەهیدبوونێکی کۆمۆناڵ پێناسە بکەین.»

ئەو هەروەها ڕۆڵی فەراشین لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی بە بەرفراوان دانا و وتی خەڵکی ئەم ناوچەیە وەک هێمای ئازادی و بەرخۆدان یادی دەکەنەوە. نەغەدە ئەوەشی زیاد کرد کە بەرهەم و کاریگەرییەکانی ئەو لەم کۆمەڵگەیەدا دەمێننەوە و نەوەی نوێی ناوی ئەو بە زیندوویی دەهێڵنەوە.

ڕووکەن نەغەدە لە کۆتاییدا جارێکی تر سەرساغی لە بنەماڵەی فەراشین و هەموو بنەماڵەی شەهیدانی رۆژهەڵاتی کوردستان کرد و رایگەیاند ” فەراشین بۆ هەمیشە لە ناو دڵ و ئەندێشەماندایە و یادی ئەو لە رێڕەوی تێکۆشانماندا بە زیندوویی دەمێنێتەوە”.

Live
Hide picture