ڕاگەیەندراوی کەنەکە سەبارەت بە یازدەهەمین ساڵڕۆژی کۆمەڵکووژی خەڵکی شنگال لەلایەن چەتەکانی داعشەوە


کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان (کەنەکە)، سەبارەت بە یازدەهەمین ساڵڕۆژیی کۆمەڵکووژی خەڵکی شنگال لەلایەن چەتەکانی داعشەوە بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە.

دەقی پەیامەكەی کەنەکە بەم شێوەیەیە:

٣ـی ئاب ئەو ڕۆژەیە کە جارێکی دی فەرمانی پاکتاوکردنی خەڵکی ئێزدی درا، ٣ـی ئاب ڕۆژێکی ڕەش، تاریک و خەمناکە. ڕۆژی فەرمانەکە بە کردەوەش جێبەجێ کرا. شۆڤێنیزمی عەرەبی و توندڕەوی ئیسلامی لە تێڕوانینێکی دژە کورد و کوردستانییەوە گەیشتنە یەکتر و لەژێر بەرگی داعشەوە و لە دەرگای شنگالەوە هێرشیان کردە سەر کوردستان.

شنگال و خەڵکی ئێزدی، کە بە پیلانێک کرایە ئامانجی هێرشی داعش. دەوڵەتانی داگیرکەری کوردستان، تورکیا و ئێران، تەنانەت دەسەڵاتدارانی بەغداد و ڕژێمی سووریاش، بەو هێرشەی داعش ڕازی بوون.

لە ڕاستیدا داعش نوێنەرایەتی بیرو هەستی دژە کوردستانیی هەموو ئەو ناوەندە داگیرکارانە ئەکات. بێگومان ئامانجی داعش و هێزە داگیرکارە هاوکارەکانی لەم هێرشەدا لەناوبردنی هەموو دەستکەوتەکانی کوردستانیان بوو لە باشوور و ڕۆژاوای کوردستان بەو مەبەستەی جارێکی تر دەسەڵاتی هەمەلایەنەی خۆیان بەسەر خەڵکی کوردستاندا بسەپێنن. لە هەمانکاتدا بیروباوەڕی ئێزدییەتی بنەبڕ بکەن.

لەم پەلامارەدا داعش شنگالی داگیرکرد و شارۆچکە و گوندەکانی گەمارۆدا و دەستی بە کوشتاری ئێزدیەکان کرد. پیاوەکانی هەموو کوشتن و ژنەکانیشی بەدیل بردنە دنیا تاریکەکەی خۆیانەوە. بە هەزاران ژن و منداڵی ئێزدییان بردە بازاڕەکانی کڕین و فرۆشتن و بێسنوور دەستدرێژیان کردە سەریان، ئەوانەی دەرفەرتیشیان هەبوو بە هەر سەختییەک بێت خۆیان گەیاندە ناوچەکانی تری کوردستان.

چیای شنگال وەک هەمیشە بڵندیی خۆی نواند و بوو بە پەناگەی خەڵکی ئێزدی، ئەم پەلامار و کۆمەڵکوژییە بۆ سەر ئیزدییەکان، کوردستان و هەموو دنیای هەژاند. خەڵکی کوردستان لە هەموو لایەکەوە بەپیر ئێزدییەکانە چوون. بە تایبەتیش گەریلاکانی هەپەگە، هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە قارەمانێتی و فیداکارییەکی مەزنیان نواند و بە پەلە فریای دۆخەکە کەوتن و پێشیان بە بەردەوامیی هێرشەکە گرت.

خەڵکی کوردستان لە بواری مەدەنی و سەربازییەوە کەوتنە خۆیان لە لایەکەوە دژی داعش شەڕیان ئەکرد و لەلایەکی دیشەوە هاوکاری و پێویستییان بۆ ئاوارەو لێقەوماوان دابین ئەکرد.

جیهانی مرۆڤدۆستیش لەو بارەیەوە چالاک بوو، لە ڕووی سەربازی و هاوکاریی مرۆییەوە پشتگیریی کوردانیان کرد، هێزە نەتەوەییەکوردستانییەکانیان بۆ پاراستنی ئێزدییەکان بەرخۆدانێکی مەزنیان بەڕێوەبرد، لە ئەنجامدا بە هاوکاریی هێزە ناوخۆیی و دەرەکییەکان داعش تێکشکا، شنگال و زۆر دەڤەری تر ڕزگارکران.

ئەگەرچی ئێستا شنگال لە داعش پاک کراوەتەوە و ژمارەیەکی زۆر ئێزدی گەڕاونەوە سەر خاکی داپیر و باپیارانیان، بەڵام هێشتا برینەکانی تاوانی ٣ـی ئابی ٢٠١٤ ساڕێژ نەبوون و لە ڕۆحی ئەواندا بەردەوامن، ژمارەیەکی زۆر ژنی ئێزدی بە دیل گیرابوون، تا ئێستاش بێ سەروشوێنن و چارەنووسیان نادیارە، لەبەر ئەو کارەساتە خەمناکەش، ژنی ئێزدی بوون بە سیمبوولی خەبات و تێکۆشان دژی ئەقڵیەتی دواکەوتوو و توندڕەوی ئیسلامی.

هەر بۆیە پێویستە پرسی ژنی ئێزدی بەردەوام بە هەموو گرانی خۆیەوە لە ڕۆژەڤدا بێت. هەروەها ژمارەیەکی بەرچاوی خەڵکی ئێزدی ژیانێکی سەخت لە ئاوارەییدا بەسەرئەبەن، پێویستە بۆ چاککردنی بارودۆخی ئەوان خەباتێکی نەتەوەیی و نێونەتەوەیی فراوان بەردەوام بێت.

هەتا ئێستاش ژمارەکی زۆر شنگالی هەر لە کامپدان و نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان، پێویستە دەرفەت و ڕێگا بۆ خەڵکی ئاوارەی شنگال دابین بکرێت تا بتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

بەداخەوە ئەو هێزانەی حکومەتی عێراق و پەدەکە کە ئەو کاتە لە شنگال بەرپرسیار بوون و پێویست بوو ئێزدییەکانیان بپارێزن، شنگال و ناوچەکەیان نەپارست و بەجێیانهێشت، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی ئەو کارەساتە مەزنە بەسەر گەلی ئێمەدا بێت.

ئەو هێزانەی شنگال و گەلی شنگالیان ڕادەستی ئیزدییەکان کرد، بێ ئەوەی لێپرسینەوەی ئەو کارەیان لێبکرێت و حسابی ئەو کارە بدەن، ئێستا پیلان لەسەر شنگال بەڕێوەدەبەن. ئەو هێزانە یەکێکیان سەر بە پەدەکە بوون لە بەڕێوەبەریی باشووری کوردستان، ئەوی دیکەشیان هێزەکانی حکومەتی بەغدا بوو.

پێنج ساڵ پێش ئێستا و لە ٩ـی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠هەمان ئەو هێزانە بەبێ پرس و ڕای شنگالییەکان، پەیمانێکیان لە نێوان خۆیاندا ئمزاکرد. بەم کارەش ویستیان جارێکی دی شنگال و شنگالییەکان بێ پاراستن و بێ ئیرادە بکەن.

سەنجراکێشە دەوڵەتی تورکیا لەهەموو لایەنێک زیاتر بەو پەیمانە دڵخۆش بوو، چونکە خۆشی دەستی لەو پەیمانەدا هەبوو، هەروەک چۆن دەستی لە هاوکاریکردنی داعش و داگیرکردنی شنگالدا هەبوو، گەلی شنگال و هێزی پاراستنی شنگال ئەو پەیمانە قبوڵ ناکەن و لە دژی ڕائەوەستن.

بەهۆی بەرخۆدانی خەڵکی شنگال هەتا ئێستاش ئەو پەیمانە جێبەجێ نەکراوە نابێ جێبەجێش بکرێت، پێویستە ویست و ئیرادەی گەلی شنگال بە بنامە بگیرێت، بۆ ئەوەی هیچ پلان و پەیمانێک لەسەر ئەوان فەرز نەکرێت.

سەدان ساڵە گەلی شنگال لەسەر ناسنامەنی ئێزدییەتی خۆیان ڕووبەڕووی هێرش و کۆمەڵکوژیی ئەبنەوە.

ئەمەش ئەو راستییە ئەسەلمێنی کە پێویستە ئێزدی و شنگاڵییەکان خۆیان بپارێزن و خۆیان بەڕێوە ببەن، بۆ ئەم مەبەستەش ئەبێ شنگال لە ناو کوردستاندا قەوارەیەکی تایبەت و بەڕێوەبەرێتییەکی خۆجێی هەبێت.

یازدە ساڵ بەسەر فەرمانی ٧٣هەمدا تێپەڕیوە. بەڵام هەڕەشەکان لە سەر شنگال کۆتاییان نەهاتووە، هێزە تاریکەکان و دوژمنانی کورد هێشتا خەریکی پلانی ڕەشن، ئەوان دەیانەوێت فەرمانی تر ئەنجام بدەن، دەیانەوێت باوەڕدارانی ئێزدی لە شنگال دەربکەن، دەیانەوێت ناسنامەی ئێزدی لە شنگال بسڕنەوە و دەیانەوێت شنگال لە کوردستان جیابکەنەوە.

لەم ڕووەوە پێویستە هەموو کوردستانیان وریا بن و زێدی ئێزدی و شنگال بپارێزن.

لە یازدەمین ساڵوەگەڕی کارەساتی دڵتەزێنی ٣ـی ئابدا دڵی کوردستان شکاوو بریندارە. ئەو برین و ژان و سوێیەش بە یەکێتییەکی مەزنی نەتەوەیی و نیشتیمانی کوردستانیان ساڕێژ ئەبێت.

کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هیواخوازە کە ئەم برینی جینۆسادەی ئێزدییەکان، ببێتە هۆکاری ڕێککەوتنی ناوخۆیی کوردان و هەموو پێکهاتەکانی کوردستانیش شان بەشانی یەکتر کوردستان لەژێر ستەمی داگیرکاریی ڕزگار و ئازاد بکەن.”

Live
Hide picture