
هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کورستان (کەجەکە)، لە ١١هەمین ساڵیادی فەرمانی ٣ـی ئابی ٢٠١٤ـی سەر شنگال، کە چەتەكانی داعش بە دڕندانەترین شێوە لەسەر کۆمەڵگەی ئێزدی ئەنجامیاندا، ڕاگەیانداوێکی بڵاوکردەوە.
دەقی بەیاننامەکەی هاوسەرۆکایەتی کۆنسەی بەڕێوەبەری کۆما جڤاکێن کورستان -کەجەکە بەم شێوەیەیە:
“ماوەی ١١ ساڵ بەسەر کۆمەڵکووژی شنگال تێپەڕدەبێت، کە لە ٣ـی ئابی ٢٠١٤دا لە لایەن چەتەکانی داعشەوە ئەنجام درا و لە لایەن گەلی ئێزدییەوە وەک فەرمانی ٧٤هەمین ناو دەهێندرێت. وێڕای ئەوەی ١١ ساڵ بەسەر کۆمەڵکوژییەکەدا تێپەڕبووە، هێشتایش ژانی ئەم کۆمەڵکوژییە کە گەلی ئێزدی ئەزموونی کردووە زیندووە و برینەکانی ساڕێژ نەبووە.
ڕووداوێک کە گەلی ئێزدی لە ٣ـی ئابدا لە شنگال ئەزموونی کرد، دڵی مرۆڤ ئازار دەدات، بەشێوەیەک دڵتەزێن و شەرمهێنەر و بەرگەنەگیراوە. بە هەزاران ئێزدی کوژران، بە هەزاران ژن ڕفێندران و لە بازارەکاندا وەک کۆیلە مامەڵەیان پێوەکرا، دووچاری دەستدرێژی کرانەوە، ماڵ و موڵکی ئێزدییەکان تاڵان کرا، بە سەدان مرۆڤ، منداڵ و پیرەمێرد لە ترسی کۆمەڵکووژیی هەڵهاتنە چۆڵەوانییەکان و بە هۆی برسێتی و تینوویەتییەوە گیانیان لە دەستدا.
هێشتاش بە هەزاران ژنی ئێزدی بێسەروشوێنن، بەدەیان گۆڕی بەکۆمەڵ هەڵنەدراونەتەوە. ئەو ڕووداوەی گەلی ئێزدی لە سەدەی بیست و یەک کە مرۆڤایەتی بە پێشکەوتنەکانییەوە شانازی دەکات، بە هەموو شێوەیەک بووە شەرمەزاری مرۆڤایەتی.
جارێکی دیکە کۆمەڵکووژی شنگال شەرمەزار دەکەینەوە، کە یەکێکە لە دڕندەترین کۆمەڵکوژییەکانی مێژووی مرۆڤایەتی.
هەروەها داعش و هەموو ئەو هێزانە شەرمەزار دەکەین کە پاڵپشتییان دەکردن.
بە ڕێز و حورمەتەوە قوربانیانی کۆمەڵکوژی شنگال یاد دەکەینەوە و دیسانەوە دیاری دەکەین لە قوڵای دڵەوە ئازاری گەلی شنگال دەکێشین و هەمووکاتێک لەسەر ڕێگەی تێپەڕاندنی فەرمانەکان و پێکهێنانی ئازادییان هاوشانیان دەبین.
بەداخەوە پێشمەرگەکانی پەدەکە و سوپای عێراق کە بەرپرسیاری ئاسایشی شنگال بوون، گەلی شنگالیان بۆ داعش جێهێشت و ئەمەش بووە هۆکاری لێکەوتنەوەی تراژیدیایەکی گەورە. وێڕای هەموو ئەم ئازارانە، ڕەخنەکردن و لێپرسینەوەیەکی کردەیی ئەنجام نەدراوە، بەڵام پێویستە بزانرێت پەڕەکانی مێژوو ئەم دڕندەی و شەرمەزارییە مەزنەی تۆمار کردووە.
داعش و هێزەکانی پشتەوەیان ئامانجیان بوو بە تەواوەتی گەلی ئێزدی لەناوبەرن، بەڵام ئەم پلانە لە سایەی دەستوەردانی مێژوویی گرووپێکی کەمی گەریلا لە چیاکانی شنگال و بەرخۆدانی گەلی شنگال، بە تایبەت ژنان و گەنجان بەتاڵ کرایەوە.
هێرشە قڕکارییەکە لە ئەنجامی بەرخۆدانی گەریلا و گەلی شنگال بە تەواوەتی پوچەڵ کرایەوە و بە سەدان ڕۆڵەی ئێزدی لە بەرەی بەرخۆدانی دژ بە داعشدا هاوشانی گەریلا جێگەیان گرت و شەهید بوون. بەڕێز و حورمەتەوە یادی گەریلا و کچ و کوڕە ئێزدییەکان شەهیدبووەکان دەکەیەنەوە و لەئاست بیرهێنانەوەیاندا بەژنمان دادەنەوێنینەوە.
ئەم هەڵوێست و هێڵی تێکۆشانە شکۆمەنددارە نەک بە تەنها ڕێگەی لە کۆمەڵکووژییەکی مەزن گرت، هاوکات بناغەی هەبوونی گەلی شنگالی بە زمان، باوەڕ، چاند و ناسنامەی خۆیەوە هێنایەئاراوە و پەرەی بە خۆپاراستنێک دا کە جارێکی دیکە کۆمەڵکووژییان بەسەردا نەیتەوە.
تێکۆشانی گەلی شنگال، کە دووچاری کۆمەڵکوژی ببوونەوە و ئەزموونی ئازارێکی مەزنی کرد، بۆئەوەی جارێکی دیکە دووچاری کۆمەڵکووژی لەو شێوەیە نەیەتەوە، زۆر مافدار و ڕەوایە. لەگەڵ ئەوەی دۆزی خۆپاراستن و خۆبەڕێوەبردنی گەلی شنگال جێگەی نەگرتووە، بە تایبەت لەدژی ڕاوەستەکردن جێگەی قبوڵ کردن نییە و بەهیچ شێوەیەک وەک نیازپاکی شرۆڤە ناکرێت.
گەلی ئێزدی لە تەواوی مێژوودا بە هۆی ناسنامە و باوەڕەکەیەوە دووچاری کۆمەڵکووژی بووەتەوە، لە ئێستادا بوونە خاوەن خۆبەڕێوەبەرییەک و هێزی خۆپارێزی پێشلکردنی مافی هیچ کەسێک نییە. بەتەواوەتی خواستێکی ڕەوایە، پێداویستییەکی سرووشتی مرۆڤبوون و کۆمەڵگەیبوونە.
دژایەتیکردنی خواستەکانی گەلی شنگال هیچ بنەمایەکی ڕەوا، یاسایی، مافدار و کۆمەڵایەتی نییە. بە پێچەوانەوە خواستەکانی گەلی شنگال لە ڕووی یاسای نێونەتەوەیی، یاسا و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ، لە ڕووی بەها گەردوونییەکانی مرۆڤایەتی، ئەخلاق و ویژدانییەوە پێویستە پشتوانیکردنە.
درووسترین چارەسەر بۆ دەوڵەتی عێراق ئەوەیە پرسی شنگال لەسەر بنەمای مسۆگەرکردنی خۆبەڕێوەبەری و خۆپاراستنی گەل چارەسەر بکرێت. ڕێگەی درووست چارەسەرکردنی لەم شێوەیەیە هاوکات پێویستییەکی دەستووری بنەڕەتی عێراقە.
جارێکی دیکە قوربانییەکانی کۆمەڵکوژی ٣ـی ئاب بەبیردەهێنینەوە و لە قوڵای دڵەوە سڵاو لە گەلی گەلی شنگال دەکەین کە لەبەرانبەر ئەم هێرشە دڕندانەیە بەرەنگار بوونەوە و خۆیان پاراست.
مێژوو نەک بە تەنها کۆمەڵکوژی، هاوکات بەرخۆدان و قارەمانێتی گەلی شنگالیشی نووسییەوە. لەوباوەڕەداین ئەم بەرخۆدانە بە پێشەنگایەتی گەنج و ژنان لە ڕێگەی پرۆسەی “ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک”ەوە گەلی ئێزدی بەرەو ئازادی دەبات.”
