
پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکی هاوبەشدا بە بۆنەی ٨ی مارس، ڕۆژی جیهانیی ژنان، تەئکیدیان کردۆتەوە کە خەباتی ژنان، بەتایبەت ژنانی کورد، تەنها بۆ وەرگرتنی مافێکی تایبەت نەبووە، بەڵکوو بەشێک بووە لە خەباتێکی گەورەتر بۆ گۆڕینی بناغەی کۆمەڵگە و دامەزراندنی سیستەمێکی دادپەروەر و یەکسان.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە ئەمڕۆ هەینی ١٥ی ڕەشەمە بڵاو کراوەتەوە، هاتووە: تەئکیدیان کردۆتەوە کە ژنانی کورد بە درێژایی مێژووی خەباتی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی، هەمووکات وەک هێزێکی کاریگەر دەستپێشخەرییان کردووە و بەرهەمهێنەری هۆشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی بوون.
لە ڕاگەیاندنەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ٨ی مارس تەنها بۆنەیەکی جیهانی نییە، بەڵکوو سەکۆیەکی سیاسی و مێژووییە بۆ نوێکردنەوەی پەیمانی خەبات بۆ سەربەستی و یەکسانی.
هەروەها جەخت کراوەتەوە کە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا، سیستەمێکی یاسایی و سیاسی هەیە کە بە شێوەیەکی سیستەماتیک هەڵاواردن لەسەر بنەمای ڕەگەز پەیڕەو دەکات.
ڕاگەیەندراوەکە هاوکات جەختی کردۆتەوە کە لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، ژنانی هۆشیار و بەڕێکخستنکراوی ئێران، بە تایبەتی لە کوردستان، بوونەتە هێزی سەرەکیی خۆڕاگری و گۆڕانکاری.
پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان جەختیان کردەوە کە خەبات بۆ مافە زەوتکراوەکان بەشێکە لە هەوڵێکی گەورەتر بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتیک، سێکۆلار و دادپەروەر کە یەکسانیی مافەکان بۆ هەمووان دابین بکات.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەمشێوەیە:
ژنانی ئازادیخواز و دەروەستی نەتەوەی کورد بەدرێژایی مێژووی خەباتی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی خۆیان، هەمووکات وەک هێزێکی گۆڕانکار و بەرهەمهێنی هۆشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی دەستپێشخەرییان کردووە. خەباتی ژنان تەنها داواکاریی مافێکی تایبەت نەبووە، بەڵکوو بەشێک بووە لە پلانێکی گەورەتر بۆ گۆڕینی بناغەی کۆمەڵگە و بونیادنانەوەی سیستەمێکی دادپەروەر، یەکسان و بێچەوسانەوە، ئەم ڕێگایە کە پڕاوپڕە لە گیانفیدایی، قوربانیدان و خۆڕاگری، لاپەڕەیەکی زێڕینی لە مێژووی مرۆڤایەتیدا تۆمار کردووە.
٨ی مارس، تەنها بۆنەیەکی نێودەوڵەتی نییە، بەڵکوو سەکۆیەکی سیاسی و مێژووییە بۆ نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ ئامانجەکانی سەربەستی و یەکسانی.
ئەم ڕۆژە، بیرهێنانەوەی ئەو ڕاستییەیە کە ماف نادرێت بەڵکوو بە خەبات و بەردەوامی وەردەگیرێت، هەروەها هێمای یەکگرتوویی نێوان ژنان و هەموو هێزە پێشکەوتووەکانە کە باوەڕیان بە گۆڕانکاریی بنچینەیی هەیە.
لە ئێستادا، لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی کۆماری ئیسلامیدا سیستەمێکی یاسایی و سیاسی هەیە کە بە شێوەی سیستماتیک، هەڵاواردنی لەسەر بنەمای ڕەگەز دامەزراندووە، یاسا لە بوارەکانی وەک پێکهێنانی ژیانی هاوبەش، میرات، شایەتی دان، جلوبەرگ، بەشداریی سیاسی و دادگاییکردن، ژن لە پیاو بە کەمتردانان و ئەم جیاوازییە وەک “ئاسایی” دەردەخەن.
ئەم ڕێکخستنە یاساییە، هاوئاهەنگە لەگەڵ فەرهەنگ و عەقڵییەتی دەسەڵاتخوازی کە ژن بە مرۆڤێکی پلە دوو دەناسێنێت و ژیانیان لە سنوورێکی بەرتەسکی کۆمەڵایەتیدا پێناسە دەکات.
بەڵام لە بەرامبەر ئەم سیستەمەدا، ژنانی هۆشیار و ڕێکخراوی ئێران بە تایبەتی لە کوردستان، بوونەتە هێزی سەرەکیی خۆڕاگری و گۆڕانکاری.
بەشداریی سەرەکیی ژنان لە خۆپیشاندانی مەدەنی، چالاکی سیاسی و دامەزراوە ناحکومییەکان، سەلمێنەری ئەوەیە کە ژن سەرکردە و داهێنەری داهاتووە، ژنان بە هۆشیاریی سیاسی و بڕیار و ئیرادەی خۆیان، سنوورە فەرمی و دیاریکراوەکانیان شکاندووە و ئەجێندای یەکسانی و دادپەروەرییان خستووەتە ناو گۆڕەپانی گشتییەوە.
لەو چوارچێوەیەدا، ئێمە پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕایدەگەیەنین کە خەبات بۆ وەدیهاتنی سەرجەم مافە زەوتکراو و پێشێلکراوەکان بەشێکە لە خەباتێکی گەورەتر بۆ دامەزراندنی سیستەمێکی دیموکراتیک، سێکۆلار و دادپەروەر، کە تێیدا یاسا بە شێوەیەکی یەکسان بۆ هەمووان دەستەبەر بکرێت و هیچ مرۆڤێک بەهۆی ڕەگەز، نەتەوە، باوەڕ یان هزری سیاسییەوە نەبێتە ئامانجی هەڵاواردن.
ئێمە وەکوو پێنج ڕێکخراوی ژنانی ڕۆژهەڵات پەیمان نوێ دەکەینەوە لەگەڵ شەهیدانی ڕێگای ئازادی و هەموو ئەو ژنە قارەمانانەی کە لە بەرامبەر بیرو سیاسەتی دژەژنی دەسەڵاتی ئێران ئازایانە وەستان و گیانبازییان کردووە و باوەڕمان وایە کە بەردەوامی، خۆڕێکخستن و هاوخەباتی نێوان هێزە دیموکراتیک و پێشکەوتووەکان، ڕێگای گەیشتن بە کۆمەڵگەیەکی ئازاد، یەکسان و دادپەروەر خۆش دەکات.
خەباتی ژنان، خەباتی گەلانە بۆ ئازادی و سەرکەوتنی ژنان سەرکەوتنی دیموکراسی و مرۆڤایەتییە.
1- ئاسۆی ژنی کورد – ڕێکخراوی ژنانی کۆمەڵە
۲- ڕێکخراوی ئازادیی ژنانی کوردستان (نینا)
۳- ڕێکخراوی کۆمەڵگای ژنانی ئازادی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کەژار
۴- ڕێکخراوی یەکیەتیی ژنانی دێموکراتی کوردستانی ئێران
۵ـ ڕێکخراوی ئافرەتانی خەباتی کوردستانی ئێران
