
لەگەڵ وەستانی شەڕ لە غەزە، چاپەمەنییە عەرەبییەکان نووسیویانە کە هەموان سەرنجیان لەسەر قۆناغی داهاتووی پێشهاتەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستە؛ شوێنێک کە داهاتووی سیاسەتی سەربازی و ئەمنیی ئیسرائیل لە نێوان سێ هێڵی ناسەقامگیر لە هەڵکشان و داکشاندایە: باشووری لوبنان، یەمەن و ئێران.
سێ بەرەی کراوە لەبەردەم تەلئەبیبدا
بەپێی رۆژنامەی «الشرق الأوسط»، شەڕی غەزە «کۆتایی هاتووە بەڵام هێشتا تەواو نەبووە». ئەم رۆژنامەیە نووسیویەتی: « ئیسرائیل ئێستا لەبەردەم سێ بەرەی کراوەدایە: لوبنان، یەمەن و ئێران. پاشەکشەی ئیسرائیل لە باشووری لوبنان، تەنیا ئەگەر حیزبوڵڵا چەک بکرێت یان رێکوتنێکی ئەمنی نوێ بکرێت، روو دەدات، لە کاتێکدا بەردەوامی هێرشەکان بۆ سەر حوسییەکانی یەمەن پەیوەندی بە هەڵسوکەوتی ئەم گرووپە پاش کۆتاییهاتنی شەڕی غەزەوە هەیە.»
الشرق الأوسط دەڵێت کە بەرەی ئێران «سەختتر و مەترسیدارترە»، چونکە هێزە چەکدارەکانی ئێران لە مانگی جۆزەردانەوە لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودان و هەر لێکدانەوەیەکی هەڵە دەتوانێت رووبەڕووبوونەوەیەکی بەرفراوان و وێرانکەری لە نێوان تاران و تەلئەبیبدا لێ بکەوێتەوە.
لە کۆتاییدا، ئەم رۆژنامەیە هۆشداری داوە کە ئاگربەستی ئێستای غەزە وێدەچێ کاتی بێت و بۆ ئەوەی سەرکەوتوو بێت پێویستی بە هەوڵێکی ناوچەیی بەرفراوان هەیە.
ئایا ئیسرائیل دەیەوێت پاش غەزە هێرش بکاتە سەر لوبنان؟
رۆژنامەی «ئەلخەلیج»یش بە تیشکخستنە سەر جوولەکانی سەر سنوور، نووسیویەتی کە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لوبنان «لە چوارچێوەی سیاسەتێکی سیستماتیک بۆ رێگریکردن لە نۆژەنکردنەوە و گەڕانەوەی ژیانی ئاسایی» ئەنجام دەدرێن.
ئەم رۆژنامەیە ئاماژەی بە چاودێری هاوبەشی ئەمریکا و فەرەنسا بەسەر رێککەوتنی ئاگربەستەوە کردووە و وتوویە: «وادیارە ئیسرائیل هەوڵ دەدات شەڕی لەناوبردنی غەزە بۆ لوبنان بگوازێتەوە.»
لەم پێوەندەیەدا، سەرۆککۆماری لوبنان، جۆزێف عون، وتوویە: « بە بێ هیچ پاساوێک، لوبنان جارێکی دیکە کەوتووەتە ژێر ئاگری هێرشی ئاشکرای ئیسرائیل بۆ سەر دامودەزگە مەدەنییەکان. ئەم هێرشانە ئەو پرسیارە ساز دەکەن کە ئایا کەسێک دەیەوێ شەڕی غەزە بۆ لوبنان بگوازێتەوە»
نۆژەنکردنەوەی غەزە لەسەر دەستی وڵاتانی عەرەبی
لەم پێوەندەیەدا، رۆژنامەی «ئەلعەرەب» بە تیشک خستنەسەر ئەنجامە مرۆییەکانی شەڕ، نووسیویەتی کە بەشێکی بەرچاوی کەرتی غەزە «بە تەواوی وێران بووە» و «ئەم وێرانییە سیمای شارەکانی بۆ هەمیشە گۆڕیوە».
ئەم رۆژنامەیە جەختی کردۆتەوە: «غەزە زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە پێویستی بە یارمەتی روون و بەکردەوەی وڵاتانی عەرەبی هەیە. پلانێک کە لە ئاستی کۆبوونەوە و کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکان تێپەڕێت و بتوانێت ژیانی راستەقینە بۆ شار و گەڕەکە وێرانەکان بگەڕێنێتەوە.»
