
وریشە مورادی، زیندانی سیاسی کورد کە سزای سێدارەی بەسەردا سەپێنراوە و ئێستا لە بەندی ژنانی بەندیخانەی “قەرچەک”ە، بە بۆنەی کۆچی دوایی سێ چالاکوانی ژینگەپارێزی کوردستان کە لە کاتی هەوڵدان بۆ کووژاندنەوەی ئاگری بەرزاییەکانی ئاویەری سنە گیانیان بەختکردبوو، لە رێگەی پەیامێکەوە، هەستی هاودەردی، هاودڵی و رێزی خۆی روو بە بنەماڵەی ئەم گیانبەختکردووانە دەربڕیوە.
لەم پەیامەدا کە رەنگ و بۆنی تازیەنامەیەکی سیاسی، ئەدەبی، و رێزدارانەی هەیە، وەریشە مورادی گیانبەختکردووانی بە «منداڵانی زەوی» داناوە و ئەوانی بە هێمای هۆشیاری مرۆیی و پاراستنی سروشت ناوبردووە.
لە بەشێک لەم پەیامەدا هاتووە:
«سۆز و کوڵێک لە سینگی ئەم خاکەدایە، زەوی مناڵەکانی خۆی بە ژانێکی قورسەوە لە ئامێز گرت. بە هەر بیانوویەک گیانێکمان لێ دەستێندرێ و ئێمە شایەتی ئەم تاڵییە بێکۆتایەین. بڵێسەی سەمای جەستەکانتان لە نێو درەختە گڕگرتووەکاندا، لە داوێنی شاخدا، خەونی منداڵانی ئەم نیشتمانەی شێواندووە و گوڵی گریانی ئێمە خەڵکی سنگسووتاوی دووهێندە کردووە. ئەو ئاگرەی جەستەتانی هەڵلووشی، ئاگرێکی تووڕەیە کە بڵیسە سەرکەشەکانی، بناغەی پتەوی ستەم لەخۆیدا دەسووتێنێ و دەیکات بە خۆڵەمێش.
جەستەتان شاباشی خاک و گیانی هەمیشە زیندووتان، پێشکەشی سرووشت. هەرمان بێت یادی ئێوە کە بۆ ژیان، بۆ رزگاری سرووشت، گیانتان بەخشی.»
وریشە لە کۆتایی ئەم پەیامەدا، بە ئاماژەیەکی راستەوخۆ بە ناوی سێ گیانبەختکردووی ئەم رووداوە، نووسیویەتی:
«لە پشت تووڵە ئاسنینەکانی بەندیخانەوە، بە دڵێکی لێوانلێو لە خەم و رێزەوە، هەستی هاودڵی قووڵی خۆم بۆ بنەماڵەی دڵبەسۆ و سەربەرزەکانی حەمید مورادی، چیاکۆ یوسفینژاد و خەبات ئەمینی دەردەبڕم.»
دقی پەیامەکەی وریشە موراد:
« جەستەتان شاباشی خاک و گیانی هەمیشە زیندووتان، پێشکەشی سرووشت
سۆز و کوڵێک لە سینگی ئەم خاکەدایە، زەوی مناڵەکانی خۆی بە ژانێکی قورسەوە لە ئامێز گرت. بە هەر بیانوویەک گیانێکمان لێ دەستێندرێ و ئێمە شایەتی ئەم تاڵییە بێکۆتایەین. بڵێسەی سەمای جەستەکانتان لە نێو درەختە گڕگرتووەکاندا، لە داوێنی شاخدا، خەوی منداڵانی ئەم نیشتمانەی شێواندووە و گوڵی گریانی ئێمە خەڵکی سنگسووتاوی دووهێندە کردووە.
ئەو ئاگرەی جەستەتانی هەڵلووشی، ئاگرێکی تووڕەیە کە بڵیسە سەرکەشەکانی، بناغەی پتەوی ستەم لەخۆیدا دەسووتێنێ و دەیکات بە خۆڵەمێش. ناو و یادی ئێوە، بوو بە چریکەی ئاویەر؛ بوو بە زەمزەمە و چرپەیەک لە گوێی گیانی ئێمەدا کە ماوینەتەوە و گیانفیدایی ئێوەمان بۆ پیرە زەوی بینی.
جەستەتان شاباشی خاک و گیانی هەمیشە زیندووتان، پێشکەشی سرووشت. هەرمان بێت یادی ئێوە کە بۆ ژیان، بۆ رزگاری سرووشت، گیانتان بەخشی.
لە پشت تووڵە ئاسنینەکانی بەندیخانەوە، بە دڵێکی لێوانلێو لە خەم و رێزەوە، هەستی هاودڵی قووڵی خۆم بۆ بنەماڵەی دڵبەسۆ و سەربەرزەکانی حەمید مورادی، چیاکۆ یوسفینژاد و خەبات ئەمینی دەردەبڕم.
وەریشە مورادی، بەندی ئیعدامی، بەندی ژنانی قەرچەک، ٤ی گەڵاوێژی ١٤٠٤»
