پەیامی درووزییەكان و عەلەوییەكان لە کۆنفرانسی “یەكهەڵوێستی پێكهاتەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا”

كۆنفرانسی “یەكهەڵوێستی پێكهاتەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا” لە شاری حەسەكە بەڕێوە چوو. لە کۆنفڕانسەکەدا پەیامی درووزییەكان و عەلەوییەكان پەیامی خوێندرایەوە.

شێخ غەزال غەزال سەرۆكی ئەنجوومەنی ئایینی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی عەلەوی و شێخ حیكمەت هجری ڕێبەری كۆمەڵگەی موسڵمانی مواحدینی درووزی پەیامی دەنگیان بۆ ‘كۆنفرانسی یەكهەڵوێستی پێكهاتەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا’ نارد.

شێخ غەزال لە پەیامەکەیدا وتی: دەستخۆشی لە ڕێكخستنی ئەم كۆنفرانسە دەكەین، فكرە تاریكپەرەستەكان لە سووریا شكۆیان پێشێل كرد و شوێنە پیرۆزەكانیان تاڵانكرد، دواتر كەنیسەی مار ئیلیاسیان تەقاندەوە و هێرشیان بۆ سەر سوەیدا دەستپێكرد. ئێمە ئەوشتانەی لە دژی كورد ئەنجام دراوە لە بیری ناكەین.

هەروەها باسی لەوەش کرد کە بەبێ چارەسەرێكی سیاسیی كە مافی تەواو پێكهاتەكان مسۆگەر بكات، داهاتوویەكی سەلامەت بە دی نایەت، لەو باوەڕەداین گەشتن بە سیستمی  فیدراڵ تایبەتمەندییە ئایینی، كلتووری و شوێنی هەموو پێكهاتەكان دەپارێزێت.

لە پەیامەکەیدا ئاماژەی بەوەدا،دەوڵەتێكی عەلمانیمان دەوێت كە ئایین لە سیاسەت جیا دەكاتەوە، ئێمە بۆ ڕاگرتنی خوێنڕشتن و شەڕ پشتگیری یەكتر دەكەین، پێویستە خێرا و پێكەوە و بەرپرسیارانە خەبات بكەین، بۆ دۆزینەوەی ڕێگەیەك بە مەبەستی ئازادی و دادپەروەری، ئەو ڕێگایە سووریایەكی شایستە بە گەلەكەی درووست دەكات.

شێخ حیكمەت هجری ڕێبەری درووزەکان لە پەیامەکەیدا بۆ کۆنفرانسەکە باسی لەوەکرد کە، ئەمڕۆ لەم كۆبوونەوەیەدا، جەخت لەوە دەكەینەوە، كە یەكهەڵوێستی پێكهاتەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا وەڵامی هاواری گەلە، كە بەهۆی شەڕەوە ماندوو بوون، لە تەنیشت هەموو خوشك و براكانمانین لە هەموو پێكهاتەكانی سووریا و جەخت لەوە دەكەینەوە فرەڕەنگی مەترسی نییە، بەڵكو دەوڵەمەندی یەكێتیمان بەهێز دەكات و هاوكاریمان دەكات لە درووستكردنی داهاتووماندا.

Live
Hide picture