پەژاک: یەکێتیی گەلی کورد شکستی بە پیلانگێڕی و هێرشەکان هێنا

لە بیست و حەوتەمین ساڵیادی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتیی ١٥ی شوباتدا، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) بە بڵاوکردنەوەی راگەیەندراوێک ئەم پیلاگێڕییەی محکووم کرد و وەک بەشێک لە پلانێکی بەرفراوان بۆ بێبەشکردنی گەلی کورد لە ژیانی ئازاد و دیموکراتیک وەسفی کرد.

پەژاک هەروەها گۆڕانکارییەکانی دوایین، بە تایبەتی لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژاوای کوردستان، لەوانەش ڕووداوەکانی مانگی بەفرانبار لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانی، لە چوارچێوەی هەمان پیلانگێڕیدا هەڵسەنگاندووە.

پەژاک ڕایگەیاندووە کە سەرباری  تێپەڕبوونی ٢٧ ساڵی تەواو بەسەر ئەم پیلانگێڕییەدا، هێشتا هەمان هێزە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکان بە بەردەوامی درێژە بە کردارە پیلانگێڕانەکانیان دەدەن.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە کە پیلانگێڕان بە دیلگرتنی ڕێبەری ئاپۆ و زیندانیکردنی لە زیندانی تاکەکەسیی ئیمڕالی، هەوڵیاندا گەلی کورد لە گەیشتن بە ژیانی ئازاد و دیموکراتیک بێ‌هیوا بکەن و پلانە قازانجخوازی و دەسەڵات‌خوازییەکانی خۆیان پێشبخەن.

پەژاک لە بەشێکی تری راگەیەندراوەکەیدا جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە خەباتی ڕێبەر ئاپۆ خوێنێکی تازەی لە دەمارەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ئازادیخوازەکانی جیهان خستووە و بووەتە هۆی هەستان و بەئاگابوونەوەی گەلی کورد، ئازادیخوازان و چەوساوەکانی جیهان، بە شێوەیەک کە زۆرێک لەوان ئەزموونی نوێی ڕۆژاوای کوردستانیان لە نزیکەوە بینیوە.

لە بەردەوامیی راگەیەندراوەکەدا، هێرش بۆ سەر ڕۆژاوا و هەوڵ بۆ سەرنەگرتنی «پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک» وەک قۆناغی دووەمی ئەم پیلانگێڕیی نێودەوڵەتییە وەسف کراوە کە قۆناغی یەکەمی لە ١٥ی شوباتی ١٩٩٩ جێبەجێ کرا بوو. پەژاک ئامانجی ئەم هێرشانەی بە ڕێگری کردن لە سەرکەوتنی پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ و بڵاوبوونەوەی لە هەموو چوار پارچەی کوردستان داناوە.

پەژاک بانگەوازی لە هێزە سیاسییە کوردییەکان کردووە بە یەکگرتوویی نەتەوەیی-دیموکراتیک، هەوڵەکانیان بۆ چارەسەریی کێشەی کورد لە چوارچێوەی پرۆسەی ئاشتی و ڕێبازێکی دیموکراتیکدا چرتر بکەنەوە.

 

دەقی بەیاننامەکەی پەژاک بەم شێوەیەیە:

٢٧ ساڵ بەسەر پیلانگێڕییی نێودەوڵەتیی ١٥ی شوباتدا لەدژی ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد تێپەڕی و دەربازی ساڵی ٢٨ەمینی ئەو پیلانگێڕییە دەبین. بەم بۆنەیەوە سڵاو دەنێرین بۆ بەرخۆدان و تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵی و هەوڵەکانی بۆ بەرەوپێشبردنی تێکۆشان لە چوار بەشی کوردستان و چارەسەری دیموکراتیکی پرسی کورد، کە بێگومان بە سوودی تەواوی گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەشکێتەوە، بەڕێزەوە یادی هەموو ئەو شەهیدانە دەکەینەوە کە بۆ پووچەڵکردنەوەی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی تێکۆشان و لەم پێناوەدا گیانیان بەخشی.

پیلانگێڕان بە گرتنی ڕێبەر ئاپۆ و زیندانیکردنی لە زیندانی تاکەکەسی ئیمراڵی، دەیانویست گەلەکەمان بێ ئومێد بکەن لە گەیشتن بە ژیانێکی ئازاد و دیموکراتیک، هەروەها پلانی قازانجخوازی و دەسەڵاتخوازی خۆیان بەرەوپێش ببەن، لەوکاتەوە بە هۆی هاندانی سەربازیی و سیاسییەوە کە درێژەپێدەری هەمان پیلانگێڕییە، دەریایەک خوێن لە کوردستان و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕژاوە، ئەم پڕۆسەیە کە لەو کاتەوە پەرەسەندنی جەنگی جیهانی سێیەم بووە، بە پیلانگێڕییەک دژی کورد دەستی پێکرد و بەردەوام بوو تا گەیشتە ئەوەی ئێستا کە بووەتە پیلانگێڕییەک دژی هەموو گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ڕێبەر ئاپۆ، بە ئیرادەیەکی تۆکمە و تێکۆشانێکی فکریی مەزنەوە، نەیهێشت ئەو پیلانگێڕییە بە ئامانجەکانی بگات و ڕێگایەکی نوێی داڕشت، لەم پێناوەدا دواجار پارادایمی “کۆمەڵگەی دیموکراتیک و ئیکۆلۆژیک لەسەر بنەمای ئازادی ژنان”ـی خستەڕوو، بەم شێوەیە توانی پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی و هێزە پیلانگێڕەکان پووچەڵ بکاتەوە و تێکۆشانی ڕێبەر ئاپۆ خوێنی نوێی خستە نێو دەمارەکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییە ئازادیخوازە ئینتەرناسیۆنالیستەکان، ئەم تێکۆشانە مەزنەی ڕێبەر ئاپۆ لەسەر بنەمای بەئاگاهاتنەوەی گەلی کورد و ئازادیخوازان و چەوساوەکانی جیهان کە بەشێکی زۆریان ڕوویان لە ئەزموونی تازەپێگەیشتووی ڕۆژئاوای کوردستان کرد، پێچەوانەی پیلانی پیلانگێڕان بوو.

ئەو هێزانە کە بینیان شۆڕشی گەلی ڕۆژئاوا گەیشتووەتە لوتکە، قۆناغی دووەمی پیلانگێڕییەکەیان دەستپێکرد و لە ٥ـی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ لە کاتی ڕێککەوتنێکدا لە پاریس، پیلانگێڕی پێشوەختەی پیلان بۆ داڕێژراوی خۆیان بە هەڵکردنی گڵۆپی سەوز بۆ هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا لە ٦ـی کانوونی دووەم جێبەجێکرد، ئەوان نەیانویست مۆدێلی ڕۆژئاوا ببێتە مۆدێل و ئایدیاڵی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەڵام بەرخۆدانی گەلی کورد و هێزەکانی بە ڕێنمایی ڕێبەر ئاپۆ تاڕادەیەک زیانەکانی پیلانگێڕییەکەی وەستاند، ڕێبەر ئاپۆ لە ئیمراڵییەوە “عەقڵ و ئیرادەی سیاسی کورد”ـی پێکهێنا و گەیاندی بە پێگەیشتن، بەم شێوەیە گەلی بەرەو قۆناغی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتیک ئاڕاستە کرد و لە ئەنجامی یەکێتیی هەر چوار بەشی کوردستان بە پێشەنگایەتیی شەڕڤانانی ڕۆژئاوا تێکۆشانێکی گەورە سەریهەڵدا و جارێکی دیکە سیناریۆی زلهێزەکان تێکشکێنرا.

هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوا و هەوڵدان بۆ شکستهێنانی “پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک” قۆناغی دووەمی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی بوو کە قۆناغی یەکەمی لە ١٥ـی شووباتی ١٩٩٩ ئەنجامدرا، هێرش بۆ سەر ڕۆژئاوا بۆ ڕێگریکردن بوو لە سەرکەوتنی پارادایمی ڕێبەر ئاپۆ و تەشەنەکردنی بۆ هەر چوار بەشی کوردستان، بە ناردنی ئەو پەیامە بۆ گەلی کورد کە هێرشکردنە سەر ڕۆژئاوای کوردستان کۆتایی ئازادیی کورد و تەڤگەرەکەیەتی، ویستیان گەلی کورد بێئومێد بکەن و ڕێگری بکەن لە گەیشتنیان بە ئامانجی ژیانێکی ئازاد، ڕێبەر ئاپۆ لە وەڵامی ئەو پیلانگێڕییە نوێیەی کە ساڵی ڕابردوو بە وریاییەوە پێشبینیی کردبوو، پڕۆسەی ئاشتی و ئینتیگراسیۆنی دیموکراتیکی دەستپێکرد.

لەم ڕووەوە، لە ٢٧ـی شووباتی ساڵی ڕابردوودا چارەسەری دیموکراسییانەی پرسی کوردی ڕاگەیاند، بەڵام دامەزرێنەرانی سیستەمی ئیمراڵی کە ئەمەیان بە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانیان دەزانی، بە پلاندانان بۆ قۆناغی دووەمی پیلانگێڕییەکە هەوڵیاندا شکستی پێبهێنن، تەواو ئاشکرایە کە ئەم پیلانگێڕییە ڕەهەندی جیهانی هەبووە و تورکیا تەنها ڕۆڵی بەڵێندەرێکی خراپەکاری لەم پڕۆسەیەدا بینیوە، سەلمێندرا کە درێژەدان بە گۆشەگیری و سیستەمی ئیمراڵی، نیشانە و هێمای سیاسەتی کۆمەڵکوژیی دژی کوردە، هەروەها وەڵامی گەلی کورد زۆر یەکلاکەرەوە بوو، هاوشێوەی ئەو وەڵامەی لە ساڵی ١٩٩٩ بە هەموو هێزەکانی جیهان درا، گەلەکەمان بە پەرەپێدانی تێکۆشان، پڕۆسەی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتیکی هەموو بەشەکانی کوردستانی گەیاندە ئاستێکی بەرزتر کە هێندەی سەرهەڵدانەکانی ساڵی ١٩٩٩ شکۆمەند بوو، بەم شێوەیەش شۆڕشی کوردیان بەرەو قۆناغێکی دیکە برد و دەنگی خۆیان گەیاندە ئاستێکی بەرزتری گۆڕەپانی نێودەوڵەتی، ئەمەش دەستکەوتێکی دیکەیە لە بە جیهانیکردنی پرسی کورد لە بەرامبەر قۆناغی دووەمی پیلانگێڕییدا.

کۆمەڵکوژیی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەت لە ئیلام و کرماشان، هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوا، هەڕەشەکانی سەر باشووری کوردستان و هەوڵەکانی تێکدانی پڕۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک لە باکووری کوردستان، دەیسەلمێنێت کە جەنگیی جیهانیی سێیەم و پیلانگێڕیی دژی گەلی کورد توندتر بووەتەوە، بۆیە دەبێت تێکۆشان شێوەیەکی یەکانگیر و بە لەبەرچاوگرتنی ئەم ڕاستییانە بەڕێوەبچێت و جەنگی جیهانی سێیەم گەیشتووەتە مەترسیدارترین و گرژترین قۆناغی خۆی، بەڵام پەنابردنەوە بۆ چارەسەری سەربازی بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ کورد و پرسی کورد چیتر وەڵام نییە و تەنیا قەیران و شەڕەکان توندتر دەکات، شەڕ و پیلانگێڕی دژی کورد، هەرچەندە چڕتر بووەتەوە، مەحکومە بە شکست، چونکە کورد لە لوتکەی بە ئاگابوونەوە و هۆشیاریی سیاسی و تێکۆشاندایە، بۆیە دوژمنان ناتوانن و مافیان نییە بۆ سەد ساڵی دیکە کورد لە ژیانێکی ئازاد بێبەش بکەن و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە حاڵەتی قەیران و شەڕدا بهێڵنەوە.

وەک هەمیشە، گەلی کورد فیداکارترین و تێکۆشەرترین گەلن و پاڵپشتی گەورەی شۆڕشی کورد و گەلانی چەوساوەن، ئێستا گەلەکەمان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان جارێکی تر ڕووبەڕووی کوشتن و سەرکوتکردن و گرتن و زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و خنکاندن بووەتەوە و لەم هەلومەرجەدا تاکە فاکتەری چارەنووسساز بۆ گەیشتن بە دیموکراسی و چارەنووسێکی ئازاد، بریتییە لە تێکۆشان و یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتیک، ئۆپۆزسیۆنی کورد پابەندە بە جێبەجێکردنی ئەم ئەرکە قورسە کە گەلەکەمان لەسەر شانیانی داناوە، هەروەها پارتەکەمان (پژاک)، بە ڕەچاوکردنی ئەم ڕاستییانە و درککردن بەم قۆناغە هەستیارە، پەرە بە تێکۆشان دەدات، پووچەڵکردنەوەی پیلانگێڕی نێودەوڵەتی و ئازادیی ڕێبەر ئاپۆ و گەلی کورد تەواوکەری یەکترن و هەر چوار بەشی کوردستان پێکەوە بەشداریی قۆناغی نێی تێکۆشان بوون، سڵاو لە یەکێتیی گەلەکەمان دەکەین و بڕوامان وایە، دەتوانین پیلانگێڕیی نێودەوڵەتی ڕووبەڕووی شکست بکەینەوە و گەلەکەمان بگەیەنین بە ئازادی.”

Live
Hide picture