پەژاک: نەورۆزی ئەمساڵ نەورۆزی دیاریکردنی چارەنووسی ژیانی ئازادی کوردان و گەلانە

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پەژاک، لە ڕاگەیەندراوێکدا هاتنی نەورۆز پیرۆز دەکات و ڕایدەگەیەنێت نەورۆزی ئەمساڵ نەورۆزی ئازادیی تەواوی گەلانی ئێرانە و گەلی کورد لەپێشەنگی تێکۆشانی ئازادیی و دیموکراسییە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا کە ئەمڕۆ سێشەممە ٢٦ی ڕەشەمە بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە کە نەورۆزی ئەمساڵ لە دۆخێکی قورس و چارەنوسسازدا بەڕێوەدەچێت و هاوکاتبوونی لەگەڵ شەڕی هەنووکەیی لە ئێران، وەک خاڵێکی دیاریکەر بۆ داهاتووی سیاسی ئێران و ناوچەکە جەختی لەسەر کراوەتەوە.

پەژاک بە ئاماژەدان بە دۆخی ئێستا، بەبیری هێناوەتەوە کە نەورۆز لای گەلی کورد تەنها وەک جەژنێکی کلتووری نەزانراوە، بەڵکو وەک هێمای «تێکۆشان بۆ ئازادی» دەناسرێت.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا جەختکراوەتەوە کە حکومەتی ئێران بەهۆی بەکارھێنانی ڕێکارە سەربازی و سەرکوتکارانە، بەرپرسیارە لەم شەڕ و قەیرانەی ئێستا.

پەژاک هەروەها ڕوونی کردووەتەوە کە نەورۆزی ئەمساڵ «نەورۆزی تێکۆشان»ە و دەرفەتێکە بۆ دیاریکردنی چارەنوسی گەلان لە ئێران. لەم چوارچێوەشدا، تەئکید کراوەتەوە کە کوردستان وەک یەکێک لە ناوەندە مێژووییەکانی ململاکان لە ماوەی سەدەی ڕابردوو دا لە گەیشتن بە «ژیانی ئازاد» بێبەش کراوە.

پەژاک هەروەها جەختی لەسەر ڕۆڵی خەڵک، بە تایبەتی ژنان، لە گۆڕانکارییەکانی داهاتوودا کردووە و داوای بەشداریی چالاکی ئەوانی لە «شۆڕش و گۆڕانکاریی مێژوویی»دا کردووە.

پەژاک لەم سۆنگەیەوە داوای لە خەڵک، بە تایبەتی ژنان، کردووە بە شێوەیەکی بەهێز لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆزدا بەشداربن و ئەم جەژنە وەک بنەمایەک بۆ گۆڕانکاریی دیموکراتیک لە ئێران لەسەر بنەمای فەلسەفەی «ژن، ژیان، ئازادی» پیرۆز بکەن.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی پەژاک:

پارتەکەمان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) پێشەکی جەژنی نەورۆزی ٢٠٢٦ـی زایینی (٢٧٢٦ـی کوردی) لە تەواوی گەلەکەمان و گەلانی ستەملێکراوی جیهان پیرۆزدەکات، بە تایبەتی ئەو گەلانەی کە لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ ئازادی و ڕزگاربوون لە زنجیری ستەم تێدەکۆشن. بە ڕێزگرتن لە یاد و یادەوەریی هەموو شەهیدانی ڕێی ئازادیی لە سەروبەندی هاتنی نەورۆزدا، ئەم جەژنە بە “جەژنی ئازادی و یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتیک” دەزانین و پابەندین بە تێکۆشانی ئازادیخوازانەی گەلەکەمانەوە.

لە بارودۆخێکی دژواردا پێشوازی لە نەورۆزی ئەمساڵ دەکەین، نەورۆزی ئەمساڵ نەورۆزی ئازادیی تەواوی گەلانی ئێرانە و گەلی کورد لەم ڕێیەدا لە پێشەنگانی تێکۆشانی ئازادیی و دیموکراسییە. بەم ئیرادە پتەوەوە دەچینە پێشوازیی نەورۆزێک کە هاوکاتە لەگەڵ گەورەترین شۆڕش و گۆڕانکاریی هاوچەرخ لە ئێران. ئەم نەورۆزە، نەورۆزی دیاریکردنی چارەنووسی “ژیانی ئازادی کوردان و گەلانە”. زیاتر لەوەی کە نەورۆزێک بێت بۆ شادی و هەڵپەڕکێ بە شێوەیەکی ڕەها، نەورۆزی تێکۆشانە؛ لە کاتێکدا کە هەموو گەلان لە سەرانسەری ئێران لەناو جەنگێکی جیهانی و ناوچەییدان. ئەم نەورۆزە، ئافرێنەری هێزی ئازادیی جەماوەری بە تەواوی هەست، هێز و توانا بۆ سەرهەڵدانێکە، کە چارەنووسی نەتەوەکان بۆ چەندین سەدە دیاریدەکات.

ئەو جەنگەی کە لە ئێستادا لە نێوان ئیسرائیل-ئەمریکا و ئێران سەریهەڵداوە، پریشکی هاویشتووە و چەندین وڵاتی دراوسێی گرتووەتەوە. لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا لایەنە بەشدارەکان لە جەنگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کوردستانیان کردووەتە گۆڕەپانی جەنگ. ئەمە گەلەکەمانی بێبەشکردووە لە ئازادیی ژیان، بەڵام بەهێزەوە هەموو نەورۆزەکانمان، هەموو ساڵێک بە خەیاڵی پاکی ئازادییەوە ژیاوین. ئەو جەنگەی کە لە ئارادایە و بناغەی سیستەمەکانی دەسەڵات و سەرمایەی لە ناوچەکەدا هێناوەتە لەرزە، وا دەخوازێت کە کۆمەڵگەکەمان لەم نێوەندەدا تێبکۆشێت، چونکە ڕێچکەی ئازادی بە تێکۆشاندا تێدەپەڕێت. نەورۆز کە بە تێکۆشانی گەلەکەمان لە ماوەی سەدەی ڕابردوودا هەمیشە لەگەڵ خەیاڵی پاکی ئازادیدا ئاوێتەبووە، دەچێت بەرەو بوونە نەورۆزی کۆتایی بۆ دیاریکردنی چارەنووسێکی دیموکراتیک. لەم نەورۆزەدا ڕوحی گەلانی ئێران ڕوحی ئازادی و هیوایە بە تێکۆشان. لەم نەورۆزەدایە کە دەشێت چارەنووسی ژیانی ئازاد بە دەستی خودی گەلان دیاریبکرێت. تەواوی گەلان و نەتەوەکانی ئێران ناچارن بە تێکۆشان بۆ ئازادی و ڕێیەک جگە لە تەواوکردنی ئەم ڕێگەیە بۆ ڕزگاربوون لە کارەساتەکانی سیستەمەکانی دەسەڵات و شەڕە وێرانکەرەکانیان، بوونی نییە.

گومان لەوەدا نییە کە ئەگەر سیستەمی دەسەڵات لە ئێران لەسەر بنەمای فەلسەفەی جەژنی مێژوویی هەزاران ساڵەی نەورۆز بیریدەکردەوە و ڕێزی لە ئیرادەی گەلان دەگرت، لە بری جەنگ، ڕووی لە دیموکراسی دەکرد، لە بری دەوڵەتپەرستی، ڕێزی لە کۆمەڵگە و دەنگە سەربەخۆکانی دەگرت و لە بری سەرکوتکردن و کۆمەڵکوژی، ڕێگەخۆشکەر دەبوو لە بەردەم هەڵبژاردنی ئازاد بۆ دیاریکردنی سیستەمێکی دیموکراتیک. ئەگەر ئەمڕۆ ئێران دووچاری وێرانکەرترین شەڕ هاتووە و لە ناوجەرگەی دووکەڵی بارووت و هەژاری و خنکاندا بەرەو پێشوازیکردن لە نەورۆز دەچێت، تاوانباری سەرەکی، ئەو سیستەمە دەسەڵاتدارەیە کە ڕێکاری سەربازی و سەرکوتکەری بۆ مانەوەی خۆی بە بەهای لەناوبردنی ژیانی ئازادی گەلان، هەڵبژاردووە. پێویستە ئەم نەورۆزە بکرێتە دادگایەکی مێژوویی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانباران و بەرپرسیارانی خوێنڕێژی کە دەیان کۆمەڵکوژییان ئەنجامداوە کە دوایینیان لە کانوونی یەکەمی ٢٠٢٥ بوو.

ماوەی سەدەیەکە گەلی کورد هەموو ساڵێک لەژێر ستەم و زوڵمی سیستەمی دەسەڵاتدار لە ئێران بەڕێدەکات. ڕژێمی باڵادەست ئامادەیە ڕوو لە جەنگ و وێرانکاری بکات، بەڵام بۆ چرکەساتێکیش ئازادی و دیموکراسی بۆ گەلەکەمان قبووڵ نەکات. لە کات‌وساتێکی وادا، گەلێک کە مێژوویەکی هەزاران ساڵە بە نەورۆزانێکی پڕ لە خەیاڵی ئازادییەوە ژیاوە، پێویستە تێکۆشانە دیموکراتیکەکان لە دەرفەتە هەنووکەییەکاندا بە پشتبەستن بە ئیرادەی جەماوەری بگەیەنێتە ترۆپک. تەڤگەری ئازادییمان و گەلەکەمان لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە پاڵ گەلانی ئێراندا ئامادەی هێنانەدیی ئەم شۆڕش و گۆڕانکارییە مێژووییەن. ئەگەر خودی گەل و نەتەوەکان لەم گۆڕانکارییە گەورەیەدا لە ئێرانی ئێستادا دەستوەردان نەکەن، سیستەمەکانی دەسەڵات دووبارە چارەنووسیان بۆ دیاری دەکەن و ئەم دەرفەتە بە تەواوی بە فیڕۆدەدەن. هەر بۆیە ڕۆڵی گەلی ئێران لە “نەورۆزی ئازادی”ـی ئەمساڵدا، ڕۆڵێکی مێژوویی و چارەنووسسازە. پێویستە هێزی سەرەکیی ئەم شۆڕشە ژنان بن و ئەوان ئاڵای پێشەنگایەتیی تێکۆشان هەڵبگرن. ئازادیی ژنان، کۆمەڵگە و ژینگە، نەورۆزی ئەمساڵ دەکەنە ناوازەترین و مێژووییترین نەورۆز. ئێمە لە لێواری شۆڕشێکداین کە تێیدا ژنان پایەی سەرەکیی دیاریکردنی داهاتووی ئازادی ئەم شۆڕشەن.

پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پەژاک) وێڕای پیرۆزکردنی جەژنی شکۆمەندی نەورۆز و جەژنی ئازادیی ژنان لە گەلەکەمان و تەواوی گەلانی ستەملێکراو، بنەماڵەی شەهیدان، ڕێبەر ئاپۆ و هێزی فیدایی گەریلا، هەمووان بۆ گۆڕەپانە پڕ لە جۆش و خرۆشەکانی نەورۆز بانگهێشت دەکات. لەم قۆناغە بەرهەمدارەی تێکۆشانی گەلەکەماندا، یەکدڵی و یەکدەنگی و دوورکەوتنەوە لە هەڵوێستی گرووپگەرایانە، زیاتر لەگەڵ ڕوحی گشتگیری نەورۆزدا دەگونجێت. یەکێتیی گەلی کورد و هێزە سیاسییەکانی، مەرجی هاتنەناو گۆڕەپانی تێکۆشان و پێوەری سەرەکیی ئازادبوونە لە زنجیری ستەمی سەدساڵە. فەلسەفەی ئێمە هێشتا ژن، ژیان، ئازادییە و لەسەر ئەم ڕێچکەیەیە کە ئازادی گەلی کورد، ڕێبەر ئاپۆ، گەلانی ستەملێکراو و ئازادیی ژنانی بە تەواوی پێکەوە بەستووەتەوە. گۆڕەپانەکانی نەورۆزی ئەمساڵ، گۆڕەپانی خوڵقاندنی ئیرادە بۆ ڕزگاربوونی هەمیشەیی لە ستەم، ئاسمیلەکردن، قڕکردن، جەنگ و وێرانکارییە. ڕێگەی ئازادی گەڕانەوەی نییە و ئێران هەرگیز ناگەڕێتەوە بۆ دۆخی چەوساوەی پێشوو.

هەموو ڕۆژێکتان نەورۆز، نەورۆزتان پیرۆز!

Live
Hide picture