پەژاک: مەبەست لە بڵاوکردنەوەی فایلە کۆنەکان ناوزڕاندن بوو، پێداگرین لەسەر یەکێتیی نەتەوەیی

لە ماوەی رابردوودا و بەمەبەست، هەندێک فایلی دەنگیی کۆنی هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، پەژاک، بڵاوکرایەوە. مەجلسی پەژاک لەلێدوانێکدا دەڵێت: ئەو فایلانە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمانێک، کە هێرشێکی بەربڵاوی ناڕەوا دەکرایە سەر ئەو حیزبە. پەژاک لە هەمانکاتدا جەخت لەسەر تێکۆشان لە پێناو یەکێتیی نەتەوەیی دەکاتەوە.

مەجلسی پەژاک لەلێدوانەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، کە ئەو فایلە دەنگیانە، دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمانێک، کە هێرشێکی بەربڵاوی ناڕەوا دەکرایە سەر پەژاک و دەڵێت: ئەو قۆناغەمان بە تێکۆشانی هەڤاڵان و پشتیوانیی گەلەکەمان تێپەڕاند و تێپەڕی قۆناغێکی نوێی تێکۆشان و هەوڵدان بۆ یەکێتیی نەتەوەیی بووین.

مەجلسی پەژاک لەلێدوانەکەیدا ئاماژە بەوە دەکات، لە ساڵی ٢٠١٨وە، بە لێدوانی فەرمی و سەردانی لایەنە سیاسیەکان، هەوڵیان داوە وتارێکی هاوبەش لەنێوان لایەنە جیاوازەکان پێکبهێنن و دەڵێت: لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی، لاپەڕەیەکی نوێمان هەڵدایەوە و لەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵویستی هاوبەشمان نواند.

پەژاک ئاماژەش بەوە دەکات، کە لە کۆنگرەی حەوتەمی پەژاکدا، هەمان سیاسەتی خەبات لەپێناو یەکڕیزیی نەتەوەیی پەیڕەو کرا و هاوسەرۆکایەتی پەژاکیش لە هەموو وتار و بەرنامە و هەڵس‌وکەوتیاندا بە روونی جەختیان لە سەر ئەم سیاسەتە کردۆتەوە. ئەمەش، سیاسەت و هەڵویستی رەسمی پەژاکە.

لە کۆتایی لێدوانەکەیدا، مەجلسی پەژاک دەڵێت: لەم دۆخە هەستیارەی ئێستادا، یەکڕیزی هێزەکان و یەکێتی نەتەوەیی داوا و ئاواتی گەلەکەمانە و ئێمەش بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجانە، سوور و پێداگرین.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی پەژاک بەمشێوەیە:

لە ماوەی رابردوودا چەند فایلێکی دەنگیی هاوسەرۆکی پارتیمان کە پانزدە ساڵ لەمەوبەر تۆمارکراون لەلایەن چەند کەسێکەوە بە ئامانجی تێکدەرانە و ئاڵۆزیینانەوە بڵاوکراونەتەوە. ئەو فایلە دەنگییانە دەگەڕێنەوە بۆ سەردەمانێک کە هێرشێکی زۆر بەربڵاوی ناڕەوا دەکرایە سەر پارتیمان، لە کاتێکدا کە لە ناو خەباتێکی چڕوپڕ و هەمەلایەنەی بێ‌وچاندابووین و هەڤاڵانمان شەهید دەبوون و لە سێدارە دەدران. دیارە کە ئێمە ئەو قۆناغەمان بە تێکۆشانی هەڤاڵان و پشتیوانیی لایەنگران و گەلەکەمان تێپەڕاند و سیاسەتی نکۆڵی دژ بە پارتی و نرخەکانی ئێمە شکستی هێنا. بۆیە ئێمە بە قۆناغێکی نوێی تێکۆشان و خەبات و هەوڵدان بۆ یەکێتیی نەتەوەیی و یەکڕیزیی هێزە کوردییەکاندا تێپەڕین.

لە ساڵی ٢٠١٨ـوە بە لێدوانێکی فەرمی و سەردانی هەموو لایەنە سیاسیەکان، هەوڵی ئەوەمان دا کە لە پێناو بەدیهێنانی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان بۆ دروستکردنی کۆدەنگی و یەکڕیزی، وتارێکی هاوبەش لە نێوان لایەنە جیاوازەکان پێکبهێنین. بە تایبەت لە سەردەمی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا لاپەڕەیەکی نوێمان هەڵدایەوە و ئەو کاروخەباتەمان چڕتر کردەوە و دەگەڵ هەموو هێزە سیاسییەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان هەڵویستی هاوبەشمان نواند. ئەو گەشە و پێشکەوتنانە بووە مایەی دڵخۆشی گەلەکەمان و هۆی بێزاری و تووڕەیی رژێمی کۆماری ئیسلامی و هێندێ لایەنی بەرژەوەندی‌خواز و هەڵپەرست لە کوردستاندا.

بە پێکهاتنی کۆنگرەی حەوتەمی پارتیمان و لە چوارچێوەی بڕیارەکانی کۆنگرەماندا، هەمان سیاسەتی خەبات لە پێناو یەکڕیزیی نەتەوەیی بە شێوازێکی بەهێزتر پەیڕەو کرا و هاوسەرۆکایەتی پارتیمان لە هەموو وتار و بەرنامە و هەڵس‌وکەوتیاندا بە روونی جەختیان لە سەر ئەم سیاسەتە کردووە و ئەمەش لە بەرچاوی ڕایی گشتی بووە. ئەم سیاسەتە، سیاسەت و هەڵویستی رەسمی پارتیمانە و لەسەر هەمان هێڵ بەردەوامین و لە هەمان چوارچێوە لە چەند مانگی ڕابردووشدا لە دیالۆگی ناوبەری لایانەکاندا ڕۆڵی بەرچاومان گێڕاوە.

لەو دۆخە هەستیارەی ئێستادا، یەکڕیزی هێزەکان و یەکێتی نەتەوەیی خوست و ئاواتی گەلەکەمانە و لەو باوەڕەداین کە سەرەڕای هەموو کۆسپ و تەگەرەکان دەرفەت و ئیمکانی گەیشتن بەو ئاست و خواستە لە هەموو کاتێک لەبارترە. یەکگرتوویی و هاوهەڵوێستی دەبێتە خاڵێکی بەهێز و متمانەبەخش بۆ گەلەکەمان و پەیامی هاوبەشمان بۆ جیهان. ئێمە لە چوارچێوەی بڕیارەکانی کۆنگرەکەمان بۆ وەدیهێنانی ئەو ئامانجانە سوور و پێداگرین و لەو بڕوایەداین کە هەموو لایەنەکانی دیکەش بە هەمان بەرپرسیارێتی هەڵس‌وکەوت دەکەن.

Live
Hide picture